شەرمەزاری تاقمێکی گۆڕان
چیا عەباس
2020-12-11   949
ماوەیەکە نارازی و تورەیی و نیگەرانی خەڵک لە دەسەڵات گەیشتۆنەتە لوتکە، لە ئەزمونەکانی رابوردودا کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدان و سزای سیاسی و نانبرینی خۆپیشاندەران و نارازیەکان پیشەی ئاسایی چەکدار و هێزە تاریکەکانی سەر بە دەسەڵات بوە ، روداوەکانی ١٧ شوبات و دواتر گەواهی بەو راستیە دەدەن.
دوای وەفاتی کاک نەوشیروان چەند هاوکارێکی موخەزرەم زەوتی بزوتنەوەی گۆڕان یان کردوە و بە ئارەزوی خۆیان بە راست و چەپدا دەیبەن، هەر زو ئەم تاقمە وەک ئەوەی هەنگوینیان لە داری کلۆردا دۆزیبێتەوە بە هەلیان زانی گۆرەپانەکەیان بۆ تەخت بێت و بزوتنەوەکە بخەنە خزمەتی رق و کینە و تۆڵەسەندنەوە شاردراو و حەزە وردیلە و گەورە نارەواکانیان، ئەم تاقمە، هەوێنەکەی زۆر نەگونجاون لە گەڵ یەکتر، بێباک و تاکرەو ئاسا کەوتنە گیانی گۆرانخوازە رەسەن و بە ئەمەکەکان، هەرچۆنێک بێت خۆهاوشتنی ئەو تاقمەی گردەکە بۆ ناو باوەشی دەسەڵات و شیردانی بە جورعەی دەسەڵات بەم تاقمە لە ناسنامەی جاران و پرەنسیپە بەهادارەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری دایبراندن. خەمی سەرەکی هاوبەشی ئەم تاقمە ئەوەیە چۆن لە دەسەڵاتی گۆڕان و لە حوکمرانیدا بمێننەوە، چونکە لە هەر دوکیان تێر ناخۆن، وەک زەرنەقوتەکەی مام جلال یان لێهاتوە کە دەیگوت تا بکەی بە قورگیاندا داوای زیاتر دەکەن.
ئێستا لە ساتە هەستیارەکانی تەمەنی حوکمرانی لە باشور کە بەرەی میللەت بۆ مافە رەواکانی خوێن دەبەخشێت دەبینین مێشێک میوانی ئەم تاقمە نیە، لێدوان و قسەی سواو و حەتاڵ و بەتاڵ لە زاری چەند گۆرانچیەکی ناسراو بە گەندەڵی و جێگۆرکێی سیاسی و نائەمەکی ئەوەندەی تر روخساریانی ناشیرینتر کردوە.
لە کاتێکدا هاوڵاتی کورد بۆ مافە رەواکانی " تا ئێســـــتا، ڕوی نــهداوه له تاریخی میـللهتان قهڵغــانی گووله سنگی کچان ( گەنجان ) بێ له هەڵمەتدا" دەبیستین و دەبینین پارێزگاری سلێمانی، بەناو سەر بە گۆڕان، بە فەرمی و بێ شەرمانە سەرکردایەتی هەڵمەتی دژ بە خۆپیشاندەران لە سنوری دەسەڵاتیدا دەکات کە تا ئەمرۆ هەشت شەهیدیان بەخشیوە، قسەکانی دەسەڵات دەجوێتەوە، پێچەوانەی هات و هاوار و قیژەکانی ساڵی ٢٠١١ ی کە داوای لە میللەت دەکرد بۆ مافەکانیان برژێنە سەر شەقامەکان، ئەم نفاقە سیاسیە ئاوێنەی بیرکردنەوە و سیاسەتی سەرانی فەرمی رێکخراوەیی ئەو پارێزگارەیە لە گردەکە.
وتەبێژی گۆڕان، هاوکات ئەندامی خانەی راپەراندن، دەڵێت : لە گەڵ مافی رەوای خۆپیشاندانی ئاشتیانەین، دژ بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانین.
ئەم ناتقە فرە بۆچون و لەهج و تۆنە ناراستەوخۆ تەنها باسی دیوێکی بچوک دەکات. ناڵێت دژی رەفتاری نامرۆڤانەی چەکدارانی دەسەڵاتن، ناشڵێت کاتێک خۆپیشاندەر دەدرێتە بەر گوللە و شەق و لێدان مافێکی رەوای خۆیەتی بە هەمو شێوەیەک بەرگری لەخۆی بکات، ئەوە توند و تیژی چەکدارانی دەسەڵاتی تاقمەکەی ناتق و یەکێتیە خۆپیشاندەر ئەوەندەی تر تورە دەکات نەک پێچەوانەکەی، ئەمجۆرە ئەقڵیەت ورەفتار و لێدوانانەن ئەوەندەی تر روخساری تاقمی گردەکە و دەوروبەریان شەرمەزارتر دەکات.
بەوەش ناوەستێت کاتێک دەڵێت دژن بە دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران، نەک تەنها دەستگیر دەکرێن بەڵکو لەو سنورە ئیداریەی کە تاقمەکەی ناتق نزیکەی ٤٠% ی پۆستەکانی بەدەستەوەیە بە پارێزگاری سلێمانیەوە خۆپیشاندەر دەکوژرێن، بریندار دەکرێن، دەرفێنرێن و سوکایەتی بەعزەت و کەرامەتیان دەکرێت، گەر راستگۆ و بە وەفان بۆ پرەنسیپەکانی ئیدیعای دەکەن نابێت ئاوا بپارێنەوە، سلێمانی گوتەنی: نە شیش بسوتێت نە کەباب، گەر راستگۆن بێن هەڵوێستەکانیان بەکردار بسەلمێنن، لێدوان و قسەی پوچەڵی لەو جۆرانە چاوبازیکردنە لە گەڵ دەسەڵاتێکی شەرەنگخوازی بێباک.
وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی گۆڕان لە دەسەڵات وەک شایەرێکی دەم شیرین کراو حەیران و بەستەکانی دەسەڵات دەچرنەوە و ئارەزومەندانە هەوڵی پینە و پەرۆکردنی هەڵە و هەوڵە نەزۆکەکانی دەسەڵاتن تا هاوشێوەی چارەکە موچەی حکومەتەکەیان لە سەرکورسی چارەکە قاچی پۆستی شکلی و لەرزۆک بمێننەوە.
دەزانم زمانی ئەم نوسینەم زبر و توندە، بەڵام ئەمە زمانی هەقە، زمانی سەدان هەڵسوراو و گۆرانخوازانی دڵسۆزی جارانە کە بەڵێنێکیان داوە بە نیشتمان و نەتەوە و خۆیان تا دوا هەناسە کار بۆ ئایندەیەکی گەشی نیشتمان بکەن، قۆناغێکی هەستیاری ئەو بەڵێننامەیە شەرمەزارکردنی هەر لایەن و کەسێکە بەناوی چاکسازی و گۆرانکاریەوە شایەری بکات و دەهۆڵی دەسەڵاتێکی ستەمکار بکوتێتەوە.