کاتێک مرۆڤ هەموو دەرگاکانی بیری ئازادو بیرکردنەوەو چوونە دەرەوەی لە قەفەزی ( خود) لەسەر خۆی داخست، هێزێکی ناوەکی لە ناخیدا بەرەو ئەوەی دەبات هێمایەک، شتێک، نیشانەیەک یا یەکەیەک لە خەیاڵدانی داخراوی خۆیدا بدۆزێتەوەو خۆی پێوە هەڵواسێت لە پێناو مانەوەیدا.
خۆپێهەڵواسیند لێرەدا بۆ نۆژەن کردنەوەو بیر خستنەوەی شوناسێکی بزربوو یا رێگری کردن لە کرچ و کاڵ بوونەوەی شوناس نیە. بەڵکو هێمایەکی بەهێزی جێگەی داخی ون کردنی شوناسێکە، مرۆڤ دەمێکە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە شەخسیەکان و بەهێزمانەوەی بۆ چنینەوەی دەسکەوتە مادی و ناچیزە کاتیەکانیەوە، پەنای بۆ بردووەو خووی گرتووە بە دەهۆڵ زەن و زوڕناژەنی بتە زیهنیە داتاشراوەکەی خەیاڵی خۆیەوە.
مرۆڤ لە لوتکەی فەلەکی بیرکردنەوەیدا، هەمیشە بە پرۆسەیەکی پێچاوپێچی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت و بۆ گەیشتن بە مەرام و پلەو پۆست و دەسکەوتە شەخسیەکانیەوە لە نێوان جەمسەرەکانی “ من” ، “ ئەو” و “ بەرژەوەندیەکان” ـیدا ئەخولێتەوەو لە ئاست هەموو چرا رۆشنکەرەوەکانی بەردەمی و دەنگ و رەنگە جیاوازیەکان و هۆشداریە دەرەکیەکاندا کەڕوکوێروڵاڵ و زمان بەستراوو لغاوکراوە.
مرۆڤ بە ئاکارە کۆمەڵایەتی وجموجۆڵ و قسەو دوان و گفتوگۆکانی دەناسرێتەوە، نەک ئەوەی لە داڵانەکانی زەین و خەیاڵدانی شاردووینەتەوە و پەتدەپۆشی کردوون.
ئاکارە کۆمەڵایەتیەکان لە کایەی ژیاندا بە جۆرو فۆڕمی جیاوازەوە دەردەکەون و دەرخەری ئەو دیدگاو دونیا تایبەتیەن، مرۆڤ وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی، لە پانتای کۆمەڵگادا بە ئێمەی ئاشنا دەکەن.
فاکتەرەکانی بیرکردنەوە وەک ئاکارێکی زەینی، هێمایەکن بۆ ئەو دیدگایەی مرۆڤ پێی دەناسرێتەوەو لە رووبەری کۆمەڵگادا لە کات و سات و هەلومەرجی جیاجیادا دەردەکەون.
مرۆڤی بیرکەرەوەو ئارەزوو خواز بەردەوام لە کارلێکی ژیانی رۆژانەیدا لە جموجۆڵ و جووڵەیدا، مەودا فیزیکی و مەعنەویەکانی نێوان خۆی و ئەوانیتر دەبڕێ و لە یەکەیەکی گشتیی پڕ جیاوازدا بە فۆڕمی جیاواز دەردەکەوێ و لە هەلومەرج و حاڵەتی روودانی رووداوەکاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
هەرکاتێ مرۆڤ لە دەرەوری خەیاڵدانی خۆیدا و لەو پەڕی بێ دەسەڵاتی و بێ دەرەتانی فکری و هەژارکەوتنی مەعریفیدا، کەوتە هەوڵی دروست کردنی یەکەیەکی فکری تری جیاوازەوە، بتە زەینیەکان لە دایک دەبن و سەرەتای پرۆسەی لە قالبدانی فکر و دیدگا دەست پێدەکات.
بت لێرەدا ئەشێ شتێکی نامۆ بێت بەو دونیایە مرۆڤ تیایدا دەژیت. ئەشێ کاراکتەرێکی سیاسی، ئایینی یا کۆمەڵایەتی ناو رووداوەکانی مێژوو بێت. ئەشێ ئەم کاراکتەرە لە چەقی ئێستای رووداوەکانی ناخی کۆمەڵگاو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیندوو بێت. ئەشێ ئەم بتە زیهنیە درووستکراوە، بکەرێکی فووتێکراوو بێت و لە بەرەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی مێدیاو پیاهەڵدان و خەڵەتاندا لە دایک بووبێت.
تایبەتمەندیەکانی ئەو بتە زەینیە، دوو جۆرن: ئەوانەی کۆمەڵگا ( مێدیاو تاکەکان) پێیان بەخشیوەو ئەوانەی تاک ئارەزووی دەکات ئەم بتە هەیبێت.
دروست کردنی بتی زەینی بڕینی گشت سنوورەکانی وەهمی ناوەکیە بۆ گەیشتن بە وەهمێکی دەرەکی و شوناسێک، کە رەنگە درۆیینە و ناحەقیقی و خەڵەتێنەر و بەلارێدابەر بێت. پرۆسەیەکە هەر لە ساتەوەختی لەدایکبوونیەوە سەرتاپای رۆح و دونیای خەیاڵی مرۆڤی ئارەزووخواز داگیر دەکات و دەیخاتە ژێر رکێف و کۆنترۆڵ و هەژمونی خۆیەوە.
بەمجۆرە مرۆڤی ئارەزووخوازی بتی زیهنی دەیهەوێ هەموو ئەو شتانە لە بتەکەدا بدۆزێتەوە، ئەو نیەتی. بەدوای ئەو شوناسەوەیە ئەم دەمێکە دەستبەرداری بووە. دەیهەوێ بتێک بهۆنێتەوە لە رووی ستراکتۆری کۆمەڵایەیی و تایبەتمەندیەکانەوە لە هیچ بتێکی دەسکردی تر نەچێت. ئارەزوو دەکات بتەکەی ئەو دانسقە و نایاب و بێ هاوتاو بێ هاوشانی بتەکانی تری زیهنیەتی مرۆڤەکانی تر بێت. خوازیاری ئەوەیە بتی ئەم، مۆڵکی خۆی بێت و تەنیا بۆ ئەو بێت و لە گەورەیی و شکۆ و کڕنۆش بردن و پیاهەڵداندا ، بێ رکابەر بێت.
ئەشێ وەهمی دەرەکی یا بتی زەینی زۆر جیاواز بێت لە وەهمی ناوەکیەوە. ئەشێ مرۆڤ بۆ خۆدزینەوە لە حەقیقەتە مولموسەکانی ناو کایەی ژیان و ڕاستیە تفت و تاڵەکانەوە پەنا بۆ دروست کردنی بتە زەینیەکان بەرێت و بەم شێوەیە هەستێکی نامۆ بە جیهانی دەرەوەو رووداوو ڕاستیەکان لای خۆی گەڵاڵە بکات و دڵی بە بتە زەینیەکەیەوە خۆش بێت و ئامادەی قوربانیدان بێت لە پێناو پاراستنی بتە زیهنیە داتاشراوەکەوە.
خواست و ئارەزووی دروست کردنی بتی زیهنی لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا دەرەنجامی خواستێکی تاکە کەسی نیە. بەڵکو هەڵقووڵاوی ناخی جڤاک و خواستێکی گشتیە. چوونکە تێگەیشتنێکی گشتی ئامادەیی هەیەو بێ پچڕان کار بۆ وەگەڕخستنی کارگەی دروست کردنی بتەکان دەکات. لێرەدا بەهۆی ئامادەیی زەمینەی لەبار و کێڵگەی گونجاوی مەعریفی دروست کردنی بتە زیهنیەکان و دۆخی پاشاگەردانی کۆمەڵگا و ئاڵۆزیە ناکۆتاکانەوە، مرۆڤ پەنا دەباتە بەر دروست کردنی بتە زەینیەکان و بە خۆ هەڵواسین بەوانەوە، بەرژەوەندی و دوارۆژی مسۆگەر و زامن دەکات.
هەمیشە دروست کردنی بتە زیهنیەکان لە لایەن ئەو تاکانەوە پەنای بۆ دەبرێت، لە دۆخێکی ناهۆشیاری وێران و دەروونێکی رووخاوو هیچ لەبارادانەبووییدا دەژین و بتەکان وەک فریادرەس و دوا دەرفەتی مانەوەو بەختەوەری و کامەرانی وێنا دەکەن. ئەمان وابیردەکەنەوە ئەوە تەنیا بتە زیهنیەکانی خەیاڵن توانای چارەسەری و دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارە گەورەو قورسەکان و داری سیحری موسای پێغبەریان پێیە.
ئامادەیی زیهنیەتی دروست کردن و بەرهەم هێنانی بتە زیهنیەکان زۆر بە زەقی لەو کۆمەڵگایانەدا دەبینرێت، تا سەر ئێسقان کەتوونەتە دۆخی دواکەوتوویی و پاشەگەردانی و جەهل و خورافاتی ئایدیۆلۆژیاو بەرخۆری و پیسخۆریەوە.
بەرخۆی ئایدیۆلۆژیا، مشەخۆری بەردەوام و هەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاری سیستەماتیکی لە لایەن جەمسەرەکانی کۆمەڵگا و دابەشکاریە جڤاکیەکان، وەک کەرەستەیەکی بەهێزی بەگێژەنگ کردن و ئاڵۆزکردنی کایەتی ژیان و فکر و مەعریفەو لە ماف خستن و بێ بەهاکردن، بەردەوامیدانە بە هەمان رێچکەی ناشرینی بت سازیەوە. ئامادەیی ئەم مەیلە هێمای حەقیقەتێکی تاڵن. پاڵنەرە سەرەکیەکانی ئەم پرۆسەیە لە مەیلی ریفۆڕم و چاکسازی کۆمەڵایەتی و نۆژەن کردنەوەی فکرو مەعریفەو ئایدیا تاکەسیەکانەوە سەرچاوەی نەگرتووە. بەڵکو فاکتەرو پاڵنەرو مۆتیڤەکانی ئەم پرۆسەیە، کۆمەڵ و کۆمەڵایەتین و پەیوەست نین بە تاکە کەسێکەوە.
ئەم ئارەزووە یەکسانە بە پاشاگەردانیەکی کوشندەو بێمارو درێژخایەن. هێمای حەقیقەتی سەرجەمی ئەو کۆمەڵگایانەیە، ساڵەهایە بە دەست دەیان کێشەوگرفت و ئاستەنگ و کۆسپی فکریەوە گیریان خواردووەو هیچ ئاسۆیەکی روناک و رێرەوێک لە بەردەم لابردنی بەربەستەکانی رێگاکە و کردنەوەی گرێ کوێرەکانەوە لێیانەوە دیار نیە. بەردەوامن لە بەرهەم هێنانەوەی رابردوو و دروست کردنی بتە زیهنیەکانیانەوە، بە ئاڕاستەی هێشتنەوەی دۆخەکە وەک خۆی و خۆدزینەوەیان لە گرفتە گەورەکانی ئێستاو نەبوونی هیچ روئیایەکی رۆشن و دڵنیاکەرەوە بۆ داهاتوو.