وەزارەتی پێشمەرگە لە زاری كۆڵۆنێل مایکڵ گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکاوە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، واشنتۆن دڵخۆشە بە گەڕانەوەی شۆڕش ئیسماعیل بۆ ئەركەكەی وەك وەزیری پێشمەرگە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتكە، ئەمڕۆ سێشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازیکرد لە جەنەڕاڵ مەکنێنزی، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان و کۆڵۆنێل مایکڵ گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایشی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
لەو کۆبونەوەیەدا، کە بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە تێدا ئامادەبو، وەزیری پێشمەرگە ستایشی هەوڵەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد لە بەرامبەر پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، هەروەها ڕایگەیاند: "هیواخوازم پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر هەنگاو بنێت، دۆخی ئێستای ناوچەکە پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، بۆ روبەڕوبونەوەی پێشهات و مەترسییەکان."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، جەنەڕاڵ مەکێنزی هیوای خواست قۆناغێکی نوێی کارکردنی هاوبەشی دورمەودا لە وەزارەتی پێشمەرگە بێتە ئاراوە، کە هەموان پێکەوە بتوانن پڕۆسەی چاکسازی زیاتر پەرە پێبدەن. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی ڕابردوی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لەلای خۆیەوە کۆڵٶنێل گاجێرۆ، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لەکونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر "دڵخۆشی واشنتۆنی لە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەرکەکەی راگەیاند"و وتیشی "ئومێد دەخوازین وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گەورەو گرنگ بنێت لە پڕۆسەی چاکسازی و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی (کارنامەی لێکتێگەیشتن)ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکاو وەزارەتی پێشمەرگە."