ئا: ئاوێنە
ناودارترین فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی، "یورگن هابەرماس" کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بەئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی بزووتنەوەی حەماس بەڕەوا دەزانێ، ئەو دەڵێت "بەڵام دەبێت لەم کاردانەوەو وەڵامەدا چەند بنەمایەک ڕەچاو بکرێت".
بەپێی راپۆرتی DWی ئەڵمانی، یورگن هابرماس، دیارترین فەیلسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی، لەبەیاننامەیەکدا بەئاماژەدان بەو مشتومڕە بەرفراوانو گەرمەی سەبارەت بەجەنگی ئێستای غەزە لەئەڵمانیا ئارادایە، جەخت لەوە دەکات کە بیرو بۆچونە دژ بەیەکەکان لەم مشتومڕانەدا نابێت رێساگەلێک نادیدە بگرێتو ببێتە مایەی مشتومڕ، ئەو بنەمایانەی کە لەدیدی هابرماسو سێ کەسایەتی دیکەوە بەیاننامەکەیان واژۆ کردوە، "بنەمای هاودەنگییە لەگەڵ ئیسرائیلو جولەکەکان لەئەڵمانیا".
لەو بەیاننامەیەدا کە هابرماس بەهاوبەشی لەگەڵ دوو پسپۆڕی ناوداری بواری زانستی سیاسیو یاساناسێکی بەناوبانگ بڵاویان کردەوەتەوە، بەئاماژەدان بە"کۆمەڵکوژییەکەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەردا کە بەمەبەستی قڕکردنی جولەکەکان ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل دژی ئەم کردەوە تیرۆریستیانەیە لەبنەڕەتدا بەڕەوا" ناودەبەن، بەڵام دەڵێن "پێویستە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر بنەمای دوورکەوتنەوە لەکوشتنی خەڵکی مەدەنیو بەڕێوەبردنی شەڕ بەئامانجی گەیشتن بەئاشتی لەئایندەدا بنیات نرابێت".
پاشان بەیاننامەکە دەڵێت "سەرەڕای هەموو نیگەرانییەکان سەبارەت بەچارەنوسی فەلەستینییەکان لەجەنگی ئێستادا، تۆمەتبار کردنی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بەئەنجامدانی جینۆساید، پێوەرەکانی دادوەریو حوکمدان لەناودەبات".
هاوکات دەڵێت "دژە جولەکەیی کارێکی رێگەپینەدراوە"،
نوسەرانی بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەک پاساو بۆ پەلاماری جولەکەو زەمینەسازیی کردن بۆ رەوتی دژە جولەکەیی بەتایبەت لەئەڵمانیا ناهێنێتەوە. ئەوان دەڵێن "ئەوە قبوڵ ناکرێت جولەکەکان لەئەڵمانیا جارێکیتر بکەونەوە بەر هەڕەشەی گیانیو جەستەییو لەتوندوتیژی فزیکی لەشەقامەکاندا بترسن. خۆ وێناکردنی دیموکراسی کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا کە لەسەر بنەمای پابەند بوون بەڕێزگرتن لەکەرامەتی مرۆڤ دامەزراوە، پەیوەندی بەکولتوورێکی سیاسییەوەیە کە بەهۆی تاوانە بەربڵاوەکانی دەسەڵاتی نازییەوە، بەرگریو پاراستنی جولەکەکانو مافی بوونی ئیسرائیل یەکێکە لەرەگەزە سەرەکییەکانی".
لەکۆتایی بەیاننامەکەی هابرماسو سێ کەسایەتییەکەدا هاتوە "مافە بنەڕەتییەکانی هەمووان سەبارەت بەئازادیو پارێزبەندی لەدەستدرێژیی جەستەیی، هەروەها پاراستنی مرۆڤەکان لەبەرامبەر ئازارو ناوزڕاندنی ڕەگەزپەرستانەدا، لێکجیاناکرێنەوەو هەمووان بەیەکسانی دەگرێتەوە".
ئەوان ڕایانگەیاندووە "کە ئەو کەسانەی لەئەڵمانیا هەستو باوەڕی دژە جوولەکەیی لەپشت هەر جۆرە پاساوو بیانوویەکەوە بڕەو پێدەدەنو ئێستا بەدەرفەتێک دەبینن بۆ دەربڕینییان بەبێ بەربەست دژ بەجولەکە، پێویستە پابەندی ئەم پرەنسیپە بن".