د. چنار سنجاوی، سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی رایگەیاند، رێژەی توشبوانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە. ڕێژەی توشبون لە جیهان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٩٠ توشبوە، بەڵام لە کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٥١ کەسە."
ئاوێنە: د. چنار سنجاوی، سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هاوکات لە هەمو جیهانیش بەو شێوەیەیە و ٢٣%ی توشبوان، شێرپەنجەی مەمک و لە دوای ئەو، شێرپەنجەی کۆڵۆن و سییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە."
د. چنار سنجاوی ڕاشیگەیاند: ''ڕێژەی توشبوانی ژن کەمێک زیاترە لە پیاو لە ٥٦% توشبون بە شێرپەنجە لە ئافرەتان و لە ٤٤%یش پیاوانە. چارەسەری شێرپەنجە بە پێی پێویستییەکانی نەخۆش هەیە، و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری کیمیایی هەیە."
سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا کە چارەسەری کیمیایی هەموی لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەردەستە و چارەسەری تیشکیش لە سەنتەری ئاوات هەیە، لە سلێمانییش بە هەمانشێوە هەیە، بەڵام بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکان و تایبەتیش هەیە.
سنجاوی هێمای بۆ ئەوەش كرد، سندوقی کۆمەکیش بۆ توشبوانی شێرپەنجە زۆر کات تێچوی نەشتەرگەرییەکان دەگرێتە ئەستۆ. ئەو ڕێژەیەی توشبون کە تۆمار دەکرێت، ٢٥% بۆ ٣٠%ی شارەکانی ترە و لە هەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن.
راشیگەیاند:''ڕێژەی توشبوان لە هەرێمی کوردستان لە خوار ڕێژەی ستانداردی جیهانییە، لە ماوەی ١٠ساڵدا، زیاتر لە ٧١ هەزار و ٧٤ توشبو تۆمار کراوە. ڕێژەی توشبون لە جیهان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٩٠ توشبوە، بەڵام لە کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک ١٥١ کەسە."
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، له ١ی کانونی دوەمەوە تا ٣٠ی حوزەیران ، ڕۆژانه نزیكهى ٣٠ تا ٣٥ نهخۆشى نوێ تۆمار كراون، بەوەش ژمارهى نهخۆشانى تۆمارکراوی شێرپهنجه لە شەش مانگدا، زیاتر له ٤ هەزار کەس بوە، له پارێزگاى ههولێر نزیكهى هەزار و ٨٠٠ کەس، له پارێزگاى سلێمانى نزیكهى هەزار و ٥٠٠ کەس، له پارێزگاى دهۆك نزیكهى ٧٠٠ کەس بون. زیاترین ڕێژەى توشبو له پارێزگاى ههولێر لە پیاوان ٤٦% و لە ئافرهتان ٥٤% بوه، کە زۆربەی شێرپهنجهى مهمك و كۆڵۆن و سییهكانن.