لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی سەربازی ئەمەریکا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند هێزەکانی دژە تیرۆر بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون.
ئاوێنه: ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازی ئەمریکا بە سەرپەرشتی ژەنەراڵ ڤۆوڵ فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کۆبووەوە و پێکەوە پرسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و رووداوی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی عەربەتیان تاوتوێ کرد.
لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە:" تیایدا مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم و لیوا بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە. لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون کە دۆخی ئەمنی ناوچەکە بە گشتی ئاڵۆز بووە و پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت لەنێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، جەختیشان کردەوە لەسەر پێویستیی دانانی وەزیرێکی پێشمەرگە بە وەکالەت تا بتوانێت هەماهەنگی دروست بکات لەنێوان ئەو هێزانەدا بۆ کاری هاوبەش و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان".
باس لەوەش کراوە:" باسی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کرا. لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا بەهۆی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەوە پرۆسەی چاکسازی وەک پێویست بەڕێوەناچێت، هەربۆیە کاندیدێکیان بۆ وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەستنیشان کردوە، هیواشی خواست رێوشوێنەکانی دەستبەکاربوونی بە خێرایی تەواو بکرێت تا جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەوێتەوە سەر رێڕەوی خۆی بەو جۆرەی کە پلانی بۆ دانراوە".
هەروەها هاتووە:" لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هێرشکردنەسەر هێزەکانی دژە تیرۆرکرا لە فڕۆکەخانەی عەربەت. شاندی سەربازی ئەمریکا بەبۆنەی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی قوباد تاڵەبانی و هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرایان بۆ بریندارەکانیش خواست".
لەو میانەشدا جێگری سەرۆکی حکومەت رایگەیاند: هێزەکانی دژەتیرۆر بە درێژایی دوو دەیەی رابردوو هاوپەیمانێکی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون لە بەرەنگاربوونی تیرۆر لە ناوچەکەدا و دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانەش مەترسی گەورە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکەش دروست دەکات. هەربۆیە پێویستە حکومەتی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست هەڵوێستی جدی و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و پاراستنی سەرەوەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان".