ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا مووچەی شەهیدانەی خۆی وەردەگرێت
  2025-02-11       534       

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگا، زیاتر لە چوار ساڵە مووچەی شەهیدانەی خۆی وەردەگرێت و زیاتر لە 57 ملیۆن دیناری وەک شەهید وەرگرتووە.

ئاوێنە: کردەوەیەکی ئابڕوبەرانەی دیکە ناوەندی سیاسی و شەقامی عێراقی ورژواندوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاشکرا بوو کە ویسام محەمەد دلێمی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد زیاتر لە چوار ساڵە مووچەی شەهیدانەی خۆی وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی لە ژیاندایە و ئەندامی ئەنجومەنە و مووچەی ئەو پۆستەشی وەردەگرێت.

دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی و وردبینی لە ناوی چواری و ناوی دایکی و ووردەکاریی دۆسییەکەی، دەرکەوتووە کە ویسام دلێمی ناوی خۆی خستوەتە چوارچێوەی لیستی شەهیدانی سنوری پارێزگای ئەنباری دامەزراوەی شەهیدانی عێراق، هەروەها پێشتریش قەرەبووی وەرگرتوەتەوە وەک زیانلێکەوتوویەکی پڕۆسەی سەربازییەکانی ئەنبار، پێشئەوەی مامەڵەی شەهیدانەی خۆی ئەنجامبدات و خۆی وەک شەهید تۆمار بکات.

پارێزەر ئەحمەد شەمەریی، لەبارەی دۆسیەکەوە رایگەیاندووە: دادگا و داواکاریی گشتیان ئاگادارکردوەتەوە و سەجەم بەڵگەنامە پێویستەکانیان پێشکەش کردووە، کە دەیسەلمێنێت ویسام دلێمی سەرەڕای ئەوەی لە ژیاندایە، مانگانە مووچەی شەهیدانەی خۆی وەرگرتووە.

لەیەکەم کاردانەوەشدا، ئەنجومەنی یەکگرتووی عەشایەری ئەنبار، بێبەری بوونی خۆی لە ویسام دلێمی راگەیاندووە، کە ئەندامی ئەو هۆزەیە لە سنوری پارێزگای ئەنبار.

بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدانی ئەنبار کە ئاڕاستەی بەشی سکاڵاکانی فەرمانگەی یاسایی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کراوە و وێنەی سەرجەم بەڵگەنامەکانی هاوپێچ کراوە، کە دەیسەلمێنێت ویسام محەمەد ئیبراهیم دلێمی، بڕی (57.641.333) دیناری لەو بەڕێوەبەرایەتییە وەرگرتووە وەک شەهید تا ئەو کاتەی لە 1/4/2024 مووچەی شەهیدانەی ویسام راگیراوە تا ئەوکاتەی ووردبینی لە دۆسیەکەی تەواو دەکرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×