ڕۆژهەڵاتی کوردستان… چالاکوانێکی کورد زیندانیی کرا و چارەنووسی نادیارە
  2025-02-12       126       

هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و زیندانییکردنی چالاکوانانی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە درێژەی هەیە و لەو چوارچێوەیەشدا، چالاکوانێکی کوردی دانیشتووی کرماشان ماوەی هەفتەیەکە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستاش مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە.

ئاوێنە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییەکی کورد لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، لەدوای تێپەربوونی هەفتەیەک لە دەستبەسەر کردنی سەروەت سوهرابی دانیشتووی کرماشان، هێشتا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشاندایە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بە درێژایی ئەم ماوەیە مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەری پێ نەدراوە.

دەشڵێن، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی سەروەت سوهرابی بۆ ئاگاداربوونەوە لە بارودۆخی کوڕەکەیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر چارەنووسی ئەو چالاکوانە کوردە بە بنەماڵەکەی نەداوە.

جێگای ئاماژەیە، لە ٥ی شووباتی ئەمساڵدا سەروەت سوهرابی چالاکوانی فەرهەنگی و دانیشتووی کرماشان و بە بێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو دەزگایە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×