وەزیری شارەوانی: فەرمانی پێدانی زەوی بۆ زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر دەرچووە
  2025-02-12       197       

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند تا ئێستا فەرمانی پێدانی زەوی بۆ زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر دەرچووە و ئێستاش پرۆسەی كاركردن بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بەردەوامە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دوبەی، لەمیانەی بەشداریكردنی لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان، لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەو وەزارەتانەی لیستەكانیان تەواو نەكردبوو، ڕایگەیاند: پرۆسەی دابەشكردنی زەوی پرۆسەیەكی بەردەوامە و ئێستاش زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچێت.

لەبارەی ئەو وەزارەتانەی لیستەكانیان تەواو نەكردبوو، ساسان عەونی وتی: ئێستا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لێژنەیەكی تایبەتمان كار لەسەر ئەو پرۆسەیە دەكات و ئەو وەزارەتانەی كە لیستەكانیان تەواو نەكردبوو، لیژنەیەكی تایبەتمەندیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ئەو وەزارەتانەیان كردووە و هاوكاریان بوون بۆ ئامادەكردنی لیستەكانیان.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕاشیگەیاند، تا ئێستا فەرمانی پێدانی زەوی بۆ زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرچووە و لە هەموو شارەوانییەكانیش كاری پێویست لەسەر ئەو پرۆسەیە دەكرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×