ئا: ئاوێنە
فابریس بڵانشێ، شارەزای فەرەنسی دەڵێت، گەلی کورد ئێستا لە کەرکوکەوە بۆ دێرەزور ڕوبەڕوی مەترسی لەدەستدانی خۆبەڕێوبەری و سەربەخۆیی بۆتەوە بەهۆی هەستانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارسی.
بڵانشێ کە پرۆفیسۆرە لە زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسی و توێژەرە لە ئینستتوی واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داهاتوی کورد زۆر ڕەشبینانەیە چونکە ئەوەی من دەیبینم بریتییە لەوەی کە دوبارە گەڕانەوەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و فارسی، ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد لەناودەبات، چونکە ئەو دو هێزە حکومەتی کوردییان ناوێت بەهۆی هەبونی کورد لە ئێران و تورکیا و نایانەوێت حوکمی کورد لە سوریا و عێراق هیوا بدات بە هاوڵاتییە کوردەکانیان."
بڵانشێ پێیوایە ئەوەی دەستی ئێران و تورکیای واڵاتر کردوە بریتییە لە لاوازبونی هەژمونی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەو دەڵێت "ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینن بریتییە لەوەی ڕۆژئاوا لاوازە. پێموانییە ئەمریکا بیەوێت وەبەرهێنان لە سوریا و عێراق بکاتەوە. بۆچونی من ئەوەیە کە بۆ ئەمریکا ئەم بابەتە بەرامبەر میحوەری ئێران لەدەستچوە. بەداخەوە کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا ئیتر سودی نەماوە و ڕۆژئاوا نایەوێت جارێکی تر پشتگیری بکات، هەر بۆیە دەبینیت تورکیا و ئێران ئەم لاوازییە بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا ڕوبەڕوی چەندین ئاڵنگاری بۆتەوە.
حزبەکانی کوردستانی ئێران لە ژێر پاڵەپەستۆیەکی نێودەوڵەتیدان بۆ چەکدانان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی وەکو موسڵ، لە تورکیاش چاوەڕوان دەکرێت پارتی هەدەپە دابخرێت.
لە هەرێمی کوردستانیش حکومەت چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی بەهۆی ئەوەی لە مانگی سێ وە هەناردەی نەوتەکەی لە لایەن تورکیا وەستێندراوە.
لە کاتیکدا چارەنوسی کێشەی ئابوری هەرێم نادیارە، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش چارەنوسی کورد نادیارە بە تایبەت بەهۆی توندوتیژییەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کەرکوک کە گیانلەدەستدانی چوار خۆپیشاندەری کوردیان لێکەوتەوە.
هەر زو دوای ڕوداوەکان، سەرۆکی تورکیا و وەزیری دەرەوە ئەو بانگەشەیەی وڵاتەکەیان دوپاتکردەوە کە "کەرکوک شارێکی تورکمانییە."
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی کەرکوک، لە دێرەزوریش شەڕوپێکدادان لە نیوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و خێلە عەرەبییەکان بۆ ڕۆژی شەشەم بەردەوامبو کە بوە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە شەرکەڕانی خێڵەکانی ناوچەکە و هەسەدە، ئەمە جگە لەوەی کە تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر باکوری تەل تەمر.
بە بڕوای پرۆفیسۆر فابریس بڵانشێ، ڕوداوەکانی دێرەزور و کەرکوک لە یەک کاتدا بە ڕێکەوت نەبوە، بەڵکو دەکرێت خوێندنەوەیەکی هاوبەشیان بۆ بکرێت بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەردو ناوچەکە دەوڵەمەندن بە نەوت.
فابریش بڵانشێ ڕایگەیاند، "هەردو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی کار بۆ ناسەقامگیرکردنی هەرێمە کوردییەکان لە سوریا و عێراق دەکەن بە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆری وەکو گەمارۆی ئابوری، گرتنەوەی ئاو، بۆردومانی بەردەوام، پشتیوانی لە گروپە یاخیبوەکان، و هەڕەشەی هێرشی بەردەوام. ئەم تاکتیکانە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کەشێکی ناسەقامگیر دروستبکەن کە کوشندەیە بۆ بارودۆخی ئابوری. ئامانج لێی دورخستنەوەی هێزە چالاکەکانی هاوپەیمانانە، تا لەم ڕێگەیەوە دوبەرەکی سیاسی و هاندانی ڕاپەڕین بەڕێوە ببەن و دواتر بە ئاسانی گورزی یەکلاکەرەوە لەدژیان بوەشێنن."
پرۆفیسۆر فابریس بڵانشێ ڕەخنەی لە پەیوەندی ناوخۆییەکانی کورد گرت و یەکگرتویی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکان.
فابریس بڵانشێ وتی، "لە سوریا، دایەلۆگی هێزە کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ئێستا بوەتە نوکتە. لە هەرێمی کوردستانیش، هیزەکان پەرتەوازەن و نەوەی نوێ بیروهۆشیان چوەتە سەر مۆبایل و سەیارە و خەریکە هەستی شوڕشگێڕی باپیرانیان بیردەچێتەوە کە پێویستە هەبێت بۆ مانەوە لە ژینگەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست."