خانەوادەکەی عەلی وەردی داوای هاوکاری دەکەن
  2023-08-28       574       

خانەوادەکەی عەلی وەردی داوا لە بەرپرسانی وڵاتەکەیان دەکەن هاوکارییان بکەن بەرامبەر کرێچییەک کە ئامادەنییە خانووە مێژووییەکەی ناوبراو چۆڵبکات.

ئاوێنه‌: ماڵپەری شەرقیە لە زاری خانەوادەی عەلی وەردی کۆمەڵناس و مێژوونووسی عێراقییەوە بڵاویکردەوە:" کرێچییەک رەتیدەکاتەوە خانووەکەی عەلی وەردی کۆچکردوو چۆڵبکات، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دادگاوە فەرمانیشی بۆدەرچووە، بۆیە داوا لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوکارمانبن".

ئاماژەی بەوەشکرد:" کرێچییەکە دەڵێت چوار دەیە پێش ئێستا ئەو خانووەی بە کرێ گرتووە، بۆ هەمان مەبەست پەیوەندیمان بە سەرۆک هۆزی کرێچییەکەوە کردووە، بەڵام ئەویش داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و هەڕەشەش دەکات بەوەی یان خوێن یان خانووەکە".
بە وتەی خۆیان، خانەوادەکەی ناوبراو دەیانەوێت ئەو ماڵەی عەلی وەردی بکەنە مۆزەخانەیەک و دیارترین تایبەتمەندیی و گەشتە زانستییەکانی نووسەر لەگەڵ کتێبخانەیەکدا لەخۆبگرێت.

عەلی حسێن موحسین ئەلوەردی لە ساڵی ١٩١٣ لە بەغدا لەداکبووە و لە تەمموزی ١٩٩٥ کۆچی دوایی کردووە، زیاتر لە ١٨ کتێبی نووسیوە و خاوەنی سەدان توێژینەوە و وتارە لە گۆڤار و رۆژنامەکان، چەندین توێژینەوەی زانستی لەسەر نووسینەکانی ناوبراو ئەنجامدراوە و تاوەکو ئێستاش بەرهەمەکانی وەکو پێوەر و بناغەیەکی زانست لە کۆمەڵناسیدا بەکاردەهێنرێن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×