لە ڕۆژى ١٩ـی حوزەیرانی١٩٥٠ شاعیر، ڕۆژنامەنووس، ڕووناکبیر و هۆنەری گەورەى کورد، حاجی تۆفیقی هەمزە ئاغای مەسرەف، ناسراو بە پیرەمێرد، لە تەمەنى ٨٣ ساڵیدا و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کۆچى دوایی کرد.
ئاوێنه: حاجی تۆفیق کوڕی هەمزە ئاغای مەسرەف، ناسراو بە پیرەمێرد، لە ساڵی ۱۸٦۷ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، سەرەتا خوێندنی ئاینی خوێندووە و پاشان چووەتە ئەستەنبووڵی پایتەختی ئەوکاتى تورکیا و لەدوای خوێندنی یاسا بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەعیان و پارێزگارى ئاماسیا و دواتر بووەتە قائیمقامى جولەمێرگ.
پیرەمێرد لە ساڵى ١٩٠٨ لە سلێمانی بەشداری لە دامەزراندنی کۆمەڵەی تەعاون تەرەقی کوردی کردووە و بووەتە سەرنووسەری ڕۆژنامەکە، کە لەو ساڵانەدا وەشان و بڵاوکراوەکانیان بە بە زمانی کوردیی بووە .
پیرەمێرد لەدوای ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا، لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و دەستیکردووە بە دەرکردنی ڕۆژنامەکانی (ژیانەوە و ژین) و بەردەوام بووە لە خزمەتکردن و پێشخستنی وەشانخانە و چاپەمەنیی کوردیی.
بەئێستاشەوە پیرەمێرد بە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی، ئەدەبیات و وێژە و زمانەوانیی و ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەوانیی کوردی دادەنرێت و شیعرەکانی لەسەر زمانی خەڵکن.
لەپاش گەڕانەوەی لە ئەنستەنبووڵەوە بۆ سلێمانی بەرگێکی نەتەوەیی و گڕووتینێکی گەورەی بەخشییەوە بە شارەکە و تێکۆشانێکی گەورەی کرد بۆ سهرلهنوێ جۆشدانی ڕۆژى نوێبوونهوه و جەژنى نهتهوهیى نەورۆز و یەکەم ڕۆژی سەری ساڵی کوردیی.
لە ساڵی ١٩٤٥ به ئامادهبوونى ئهدمۆنس، نێردەی بهریتانیا له سلێمانى، پیرەمێرد له گردى مامهیاره و کارێزى وهستا شهریف یادى نەورۆزی کردەوە و بێکهس’ـى شاعیر لهوێدا شیعره بهناوبانگهکهى خۆى خوێندەوە که دهڵێت: ”٢٧ ساڵه من ڕهنجبهریى تۆم، به نان و ئاو و جلوبهرگى خۆم.”
پیرەمێرد ساڵانه له گردى مامهیاره، پیرۆزکردنی نەورۆزی کرد بە کەلتوورێک کە تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و ساڵانە لەسەر مامەیارە ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە.
پیرەمێردی شاعیر بەشداری و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە بووژاندنەوەی کەلتوور و بۆنە نەتەوەییەکانی کورددا و بەشێوازی “پەند” گوزارشتی کردووە لەچەندین دیاردەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئەوسەردەمەی کوردستاندا،
دواجار حاجی تۆفیق، ٧٣ ساڵ لەمەوبەر و لە بەرواری ١٩-٦-١٩٥٠ لە سلێمانی کۆچی دوایکرد و لە گردی مامەیارە بەخاک سپێردراوە.