ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک ڕێنمایی ڕێکخستنی نوێی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی، ڕسوماتی گومرگی و میکانیزمەکانی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلە هاوردەکراوەکانی دەرکرد، بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە گونجانیان لەگەڵ پێوەرەکانی سەلامەتی و کوالێتی.
ئاوێنە: هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی ڕایگەیاند، ئەم ڕێنماییە نوێیانە لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا دێن بۆ نوێکردنەوەی کەرتی گواستنەوە و هاندانی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلە دۆستەکانی ژینگە. ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ڕێکار و هەموارانە بە هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ ئامادە کراون و لە ڕۆژنامەی فەرمیی «وەقایعی کوردستان» بڵاودەکرێنەوە، هەروەها بڕیارە لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو (٢٠٢٧)ـەوە بەشێوەیەکی کرداری بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی بڕیارەکان کە لە چوارچێوەی هەمواری دووەمی ڕێنمایی ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠٢٥ـدا هاتوون، میرانی ئاماژەی بەوە دا کە بڕیار دراوە ڕسوماتی گومرگی بە ڕێژەی ١٥٪ بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلە کارەباییە تەواوەکان (ئەوانەی بە هیچ جۆرە سووتەمەنییەکی بەردینی یان هایدرۆجین کار ناکەن). لە بەرامبەردا، ئەم ڕێنماییانە بەخشینێکی تایبەتیان بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەخۆگرتووە لە پێدانی ڕسوماتی تابلۆ «ساڵانە» و ڕسوماتی ژینگە.
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ باسی لە جۆرەکانی دیکەی ئۆتۆمبێلیش کرد و ڕایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی خاوەن مۆلیدەی کارەبایین و بە کارەبا کار دەکەن لەگەڵ بوونی بزوێنەرێکی سووتەمەنی کە تەنها بۆ بارگاویکردنەوەی پاتری تەرخان کراوە بەبێ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە بجوڵێنێت، بە هەمان شێوە ڕسوماتی گومرگییان بە ڕێژەی ١٥٪ لەسەر دەبێت و لە ڕووی یاساییەوە لە پۆلێنی (٤ سلندەر) تۆمار دەکرێن، لەگەڵ وەرگرتنی سەرجەم ڕسوماتە بڕیارلێدراوەکانی تۆمارکردن.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستە ڕوو کە ئۆتۆمبێلە هایبریدەکان (تێکەڵە لە نێوان بزوێنەری سووتەمەنی و پاتریی کارەبایی)، بەپێی ژمارەی پستۆنەکان «سلندەر» تۆمار دەکرێن و سەرجەم ڕسوماتە کارپێکراوەکانیان لێ وەردەگیرێت.