چوار کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا
  2023-05-10       2196       

ئا: ئاوێنە

 

هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتی تورکیا لە 14ی ئایار بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی ئێستای تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕکەبەریی کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن، هەروەها موحەرەم ئینجەو سێنان ئۆغان دەکات، رکەبەرییەک کە پێشبینی دەکرێت بچێتە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوە.

کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان ئەردۆغان کاندیدی هاوپەیمانی "کۆمار"و سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان لەگەڵ کلیچدارئۆغڵو کاندیدی هاوپەیمانی "ئێما"ی ئۆپۆزیسیۆن‌و سەرۆکی پارتی کۆماری گەل دەبێت. هاوکات دو هاوپەیمانی دیکەش کاندیدیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لەلایەن حزبە بچوکەکانەوە پێکهێنراون‌و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەنجامی کۆتایی هەلبژاردنەکە نابێت. دو کاندیدی تری سەرۆکایەتی کۆمار، جگە لەئەردۆغان‌و ئۆغڵو، موحەڕەم ئینجەو سینان ئۆغان تەنها دەتوانن رۆڵیان هەبێت لەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بچێتە خولی دووەم.

بەهۆی زۆری ژمارەی کاندیدەکانەوە تەنانەت چەند دەنگێکی کەمیش دەتوانێت رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت، بۆ نمونە لەساڵی ١٩٩٤ ئەردۆغان یەکێک بوو لە چەند کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ؛ چوار کاندیدەکەی ڕکەبەریی توانیان لەسەدا ٢٢، ٢٠، ١٥ و ١٢ی دەنگەکان بەدەستبهێنن، لە کاتێکدا ئەردۆغان توانی بە بەدەستهێنانی ڕێژەی ٢٥%ی دەنگەکان شکستیان پێبهێنێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان

سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، تەمەنی 69 ساڵە، 20 ساڵ لەمەوبەر لەکاتێکدا تورکیا لەهەڵاوسانێکی گەورەی ئابوریدا رۆژگاری بەسەر دەبرد دەسەڵاتی گرتەدەست.

ئەردۆغان لەنێوان ساڵانی 1994 تا 1998 سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ بووەو دواتر لەساڵی 2003 تا 2014 سەرۆکوەزیرانی تورکیا بووە.

ئەردۆغان هەر لەساڵی ٢٠١٤ دوای دەستلەکارکێشانەوەی لەپۆستی سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان کە لەساڵی ٢٠٠١دا دایمەزراند، بوو بەسەرۆکی تورکیاو تائێستاش لەو پۆستەدایەو خوازیارە جارێکی تریش بۆ ماوەی ٥ ساڵی داهاتو بەسەرۆک هەڵبژێرێتەوە.

ئەردۆغان لەکودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ بەسەلامەتی دەرباز بوو، لەسەرەتای هاتنەسەر کاریدا تورکیا گەشەو خۆشگوزەرانی ئابوری بەخۆیەوە بینی‌، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی ئەردۆغانەوە ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا پێیناوەتە قەیرانی ئابورییەوەو بەهۆی هەموارکردنەوەی دەستورەوە ئازادییەکانی لەتورکیا هەرچی زیاتر بەرتەسک کردوەتەوەو تاکڕەوانە وڵاتی بەڕێوەبردوە.

کەمال کلیچدارئۆغڵو

کەمال کلیچدارئۆغڵو، تەمەنی ٧٥ ساڵە، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، بەبنەچە کوردی زازایی‌و عەلەوییەو لەتونجەلی لەدایکبووەو لەزانکۆی ئەنقەرە بڕوانامەی لەبواری ئابوری بەدەستهێناوە. کاروانی سیاسی کلیچدارئۆغڵو بەڕاپۆرتێک لەسەر گەندەڵی دەستیپێکرد کە بۆ پارتی کۆماری گەل ئامادەی کردبو، ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن دەنیز بایکاڵ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەم پارتەوە بەگەرمی پێشوازیی لێکرا.

ئەمەش هانی دا بچێتە نإو سیاسەتەوەو لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ بوە ئەندامی پەرلەمان، ناکۆکییەکانی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی دادو گەشەپێدان، ناوبانگی کلیچدارئۆغڵوی زیاتر کردو ساڵی 2009 کاندید کرا بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ، بەڵام لەبەرمبەر کاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانەوە بەدەستنەهێنا.

کلیچدارئۆغڵو لەساڵی 2010 بەزۆرینەی دەنگ بوە سەرۆکی پارتی کۆماری گەل، دوای ئەوەی دەنیز بایکال سەرۆکی پارتەکە لەپۆستەکەی دوورخرایەوە.

پارتی کۆماری گەل کە کەمال ئەتاتورک دامەزرینەریەتی، کۆنترین پارتی تورکیایەو کلیچدارئۆغڵو دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ‌و سەروەریی یاساو رەخنەگرتن لەگەندەڵیی کردوەتە بابەتی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن‌‌، تاکە پارتی یاسایی کورد لەتورکیا "هەدەپە" پشتیوانی خۆی بۆ کلیچدارئۆغڵو راگەیاندوە.

موحەڕەم ئینجە

موحەڕەم ئینجە، تەمەنی 58 ساڵە، سیاسەتمەدارو مامۆستای فیزیایەو کوڕی تورکە کۆچبەرێکی خەڵکی شاری سالۆنیکی یۆنانە. ئینجە چەندین پۆستی پەرلەمانی‌و حزبی لەپارتی کۆماری گەلدا هەبوەو بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لەپەرلەمانی تورکیا دژایەتی ئەردۆغانی کرد، لەهەڵبژاردنی پێشوی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەساڵی ٢٠١٨دا وەک کاندیدی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەم پۆستە کاندید کراو لەسەدا ٣٠.٦ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. دوای دۆڕانی بە ئەردۆغان، داوای بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتەکەی کرد بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی پارتەکەی، کلیچدارئۆغڵو، بەڵام نەیتوانی پشتیوانی پێویست بۆ ئەم لابردنەو گۆڕانکارییە لەناو حزبدا کۆبکاتەوە.

ساڵی ٢٠٢٠ بەبیانوی نەبونی دیموکراسی ناوخۆیی‌و جیاوازی بیروڕا لەپارتی کۆماری گەل جیابۆوەو پارتی نیشتمانپەروەری تورکیای دامەزراند. هرچەندە ئنجە هیچ چانسێکی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بەلام لەوانەیە ڕۆڵی بەربەستێک بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکانی دیکە بگێڕێت‌و ببێتە هۆی ئەوەی لانیکەم هەڵبژاردنەکە درێژ بکرێتەوە بۆ خولی دووەم.

سێنان ئۆغان

"سێنان ئۆغان" چوارەم کاندیدە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیاو تەمەنی ٥٦ ساڵە، یەکێکە لە کەسایەتییە ئەکادیمییەکانی پێشووی تورکیاو دامەزرێنەری ناوەندی توێژینەوەی "تورکسام"ە. ساڵی 2011 بوە پەرلەمانتار، ئەو کاتە پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیست "مەهەپە" هێشتا لە پۆستی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتدا چالاکی دەکرد.

ئۆغان لە ساڵی ٢٠١٥ لە هەوڵەکانی بۆ سەرکردایەتیکردنی مەهەپە شکستی هێناو لەهەمان ساڵدا لەو پارتە دەرکرا. ئۆغان کە ناسیۆنالیستێکی توندڕەوەە، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا گرنگییەکی تایبەت بەدەرکردنی ئاوارە سورییەکان‌و بەوڵاتانی تورکزمانی ئازەربایجان، کازاخستان، قرەغیزستان‌و ئۆزبەکستان دەدات. ئۆغان هاوشێوەی ئینجە هیچ چانسێکی ڕاستەقینەی نییە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی، بەو پێیەی لەلایەن هاوپەیمانییەکی پارتە بچوکە توندڕەوەکانی ناسیۆنالیستەوە کاندید کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×