ئایندەی کورد لەركابه‌رییه‌كانی نێوان ئاكپارتی‌و مێزی شه‌ش قۆڵیدا
  2023-04-17       2227       

ڕەوا موسا

 

پێشه‌كی

هەڵبژاردنه‌كانی سەرۆکایەتی کۆمار و په‌ڕله‌مانی تورکیا نزیکدەبێتەوە. شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هاوپەیمانییەتیان لەدژی هاوپەیمانییەکەی ئاکپارتی پێکهێناوە ، ئەمجارە هه‌موو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان بە یەک کاندید بەرامبەر ئەردۆگان دادەبەزن بەئومێدی ئەوەی بتوانن کۆتایی بە حوکمڕانی 21 ساڵەی ئاکپارتی لە وڵاتدا بهێنن(1). لەو نێوەندەدا هەدەپەش بە دیارینەکردنی کاندید ڕاستەوخۆ پشتیوانی کەمال  کیلیجدارئۆغلو دەکات بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی(2)، پرسیار دەکرێت ئایا بردنەوەی کام هاوپەیمانیتییە لەبەرژەوەندی کوردە؟ کورد دەنگ بە کام لایەنە بدات؟ ڕۆڵی لایەنە پاشخان ئیسلامییەکان چییە لەم هەڵبژاردنەدا؟ بەشار ئەسەد چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر کێرفی دەنگەکان درووستبکات؟

 

بۆچی كیلیجدارئۆغلو هه‌ڵبژێرین؟

دوای بڕیاری قەدەغەکردنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە، هەدەپە لەڕێگەی پارتی دووەمەوە بەناوی " پارتی چەپی سەوز" بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات و کاری سیاسی خۆی درێژە پێدەدات(3). پارتەکە مۆڵەتی فەرمی هەیە و دەکرێتە پارتی جێگرەوە بۆ هەدەپە هەروەک چۆن پێشتریش هەدەپە کرایە پارتی جێگرەوەی پارتی دیموکراسی و پارتی گەلی دیموکرات. دەنگی سیاسی ناوخۆیی کورد لە باکوری کوردستان بە گۆڕانکاری ئەم پارتانە ناگۆڕێت، چونکە به‌هۆی درووستكردنی كێشه‌ی یاسایی و ده‌ستوری له‌به‌رده‌میاندا  نوخبەی سیاسی کورد لە توركیا ڕاهاتووە بە گۆڕینی زوو زووی ناو و هەیکەلی پارتەکانیان. لەئێستاشدا گرنگترین بڕیاریان بریتیبوو لە دانەنانی کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ خاتری پشتیوانی کەمال کلیچیکدارئۆغلۆی سەرۆکی جەهەپە. ئەمەش بەتەواوی ئەردۆگانی توڕەکرد بەشێوەیەک لە وتارێکدا ڕایگەیاند هەدەپە یەکسانە بە پەکەکە، هەروەها پشتیوانی هەدەپەی بە پشتیوانی قەندیل بۆ کیلیجدارئۆغلۆ لێکدایەوە!(4) ئەم توڕەبوونەی ئەردۆگان نائاسایی نییە، چونکە به‌شێكی زۆر له‌ چاودێران ئەم هەڵوێستەی هەدەپە بە دوایین بزمار دادەنێن لە تابوتی حکومڕانی ئاكپارتی و تەنها موعجیزە دەتوانێت ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنە ڕزگاربکات.

وەکو یاری سیاسی ناوخۆیی (نەک وەکو تەواوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد) وە بۆ ئەم هەڵبژاردنە (نەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو چونکە هاوکێشەکان گۆڕاون) بەلامەوە کارێکی زۆر باشە هەدەپە پشتیوانی کلیجیکدارئۆغلو دەکات. کیلیجدارئۆغلو ئەگەری بردنەوەی زۆر زیاترە، لە وڵاتێکی وەکو تورکیاش لە جوڵانەوەی سیاسییدا دەبێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی گەلەکەتدا دەست و پەنجەت نەرم بکەیت، کامیان ئەگەری بردنەوەی زیاتربوو پشتیوانی لەو بکەیت بەپێی ڕێککەوتن و مەرجەکان بەمشێوەیە هێواش هێواش هەنگاو بە هەنگاو مافی زیاتری نه‌ته‌وه‌یی بەدەستدەهێندرێت و له‌سه‌ر هێڵی گه‌رمی گۆڕانكاری و پێشكه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان ده‌مێنیته‌وه‌. هەرگیزیش نابێت چاومان لەوەبێت یەکێک له‌ به‌ره‌كان هەموو (تەواوی) مافەکانی گەلی کورد ده‌سته‌به‌ربكات، لەم هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستای توركیادا خەونی وا هەروەکو خەون دەمێنێتەوە. بەڵام هاوکێشەکانی ئەمجارە تەواو جیاوازن، ئەگەر پێشتر جەهەپە بەتەنیا بووایە ئێستا هاوپەیمانێتییەکی شەش قۆڵییە، واتا کاندیدبوونی کیلیجدارئۆغلو دەلالەت ناکا تەنها لە سیاسەتی جەهەپە وە نوێنەرایەتی تەنها حزبێکیش ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک کەسایەتی و حزبی تر لە پشتییەوەن کە دەلالەت لە چەندین ئایدۆلۆژیای جیاواز دەکەن. هەبوونی ئەحمەد داود ئۆغلو سیاسی تورکی خۆشەویستی نێو کورد و تەمەل کەرەموڵائۆغلۆی ئاڵا هەڵگری وانەکانی نەجمەدین ئەربەکەکان و عەلی باباجانی بەرگریکاری مافی کەمینەکان لە هاوپەیمانییەتی مێزی شەش قۆڵی کیلیجدارئۆغلو کە خۆیشی لە کەمینەی عەلەوییەکانە و قسەی زۆر لەسەرە کە بەڕەچەڵەک کوردە بەڵام وەک تۆرگوت ئۆزال نایەوێت ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات، چونكه‌ به‌پێی سه‌رژمێری و توێژینه‌وه‌كانی نووسه‌ری به‌ناوبانگی توركیا (هه‌مزه‌ ئاكسوت) نزیكه‌ی 75% ی عه‌له‌وییه‌كان به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك كوردن(5)، ئەمانە هەمووی جێگای دڵخۆشین و هیچ بیانووێک بۆ کوردەکان ناهێڵنەوە کە دەنگ بە هاوپەیمانێتییەکەی کیلیجدارئۆغلو نەدەن.

به‌ڵێ کیلیجدارئۆغلو ناتوانێت ببێتە دیکتاتۆر هاوشێوەی ئەردۆگان، چونکە ستراتیژی هاوپەیمانێتییەکەی بریتییە لە گەڕانەوەی سیستەمی پەڕلەمانی و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی و له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش شه‌ش پارته‌كه‌ هاوپه‌یمانێتیان پێكهێناوه‌(6). ئەردۆگان لە دوای سەرکەوتنی بەسەر کودەتاکەی ساڵی 2016 و بردنەوەی ڕیفراندۆمەکەی مانگی نیسانی ساڵی 2017 ئیدی بەتەواوی دەسەڵاتی ڕەهای تورکیای گرتە دەست، بۆ گەلی کوردیش سیستەمی پەڕلەمانی زۆر باشتر و گونجاوترە تا بتوانێت داکۆکی لەمافەکانی خۆی بکات و ناڕەزایەتی دەرببڕێت و ڕۆڵی هەبێت لە بڕیارە چارەنووسسازەکاندا، بۆیە لێرەشدا دووبارە بردنەوەی کیلیجدارئۆغلو لەبەرژەوەندی گەلی کوردە لە باکوری کوردستان. ڕاستە لە مێژوودا جەهەپە ڕۆڵی خراپی گێڕاوە بەرامبەر دۆسیەی کوردی لە تورکیادا، بەڵام لەئێستادا دەتوانین بڵێین کیلیجدارئۆغلو پیاوێکی سیاسی ئاقڵمەند و جیاوازە لە سەرۆکەکانی تری پێشووی جەهەپە، جەهەپەی بەرەو ئاراستەیەکی نوێ بردووە و لەچاو پێشوویدا ڕەگەزپەرستی تێیدا بەتەواوی کاڵبۆتەوە.

ئەگەرچی ئەم حزبە لەلایەن ئەتاتورکەوە دامەزراوە بەڵام لەئێستادا ئەوەندەی مەهەپە و پارتەکەی میراڵ ئاکشینەر نوێنەرایەتی کەمالیزم و نەتەوەپەرستی تورک دەکەن نیوەی ئەوەندە جەهەپە لەو سەنگەرانەدا نەماوەتەوە، بەتایبەتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە کیلیچکدارئۆغلو دروشمی سۆشیال دیموکراتی تۆختر و زەقتر کردۆتەوە لەناو حزبەکەدا، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ ریفۆرمخوازانه‌ی كیلیجكدارئۆغلو له‌م دواییانه‌دا چه‌ندین كه‌سایه‌تی كه‌مالیستی نه‌ته‌وه‌په‌رست پارتی جه‌هه‌په‌یان به‌جێهێشتووه‌، له‌ ناویاندا په‌ڕله‌مانتار محمد عه‌لی جه‌له‌بی له‌ساڵی 2021 وازهێنانی خۆی له‌ جه‌هه‌په‌ ڕاگه‌یاند، وه‌كو ناڕه‌زایه‌تییه‌ك له‌ تویته‌ر نووسی كه‌ ده‌بێت كیلیجكدارئۆغلو ماڵئاوایی له‌ ئه‌تاتورك بكات چونكه‌ له‌ ڕێبازه‌كه‌ی لایداوه‌!(7) هەروەک ڕۆژنامووسی بەناوبانگی ئەمریکی-تورکیش ئێمری ئوسلو دەڵێت " کیلیجدارئۆغلو کۆدەکانی ئەتاتورکی تێکشکاند!". جیابوونەوەی میرال ئاکشینەریش لە مەهەپە و هاتنی بۆ ناو مێزی شەشقۆڵی جارێکی تر لە لەبەرژەوەندی کوردە. چونکە دواتر کە هەڵبژاردنی پەڕلەمان دەکرێت دەنگی نەتەوەپەرستەکانی تورک دابەشدەبن بەسەر هەردووک پارتەکەی ئاکشنەر و باخچەلیدا، ئەگەری زۆریش هەیە بەهۆی ئەم دابەشبوونەوە به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ یه‌كێكیان نەتوانن بەربەستی 7%ی په‌ڕله‌مان تێپبەڕێنن. ئه‌مەش لەبەرژەوەندی کورده‌ وەکو گه‌ل و ئیسلامییەکان وەکو تەیاری سیاسی كه‌ کۆتایی بە سەردەمی نەتەوەپەرستەکان بێت لە پڕۆسەی سیاسی په‌رله‌مانی تورکیادا.

 

ڕۆڵی پاشخان ئیسلامییه‌كان له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا

ئەوەی سەبارەت بە خەمخواردن لە تەوژمی ئیسلامی دەمێنێتەوە، ئەم کوردانەی لێرەوە خاوەندارێتی تەوژمی ئیسلامی لە تورکیا دەگەڕێننەوە بۆ ئەردۆگان، بەوەی هەرکەسێک پشتیوانی ئەردۆگان نەکات لە تەوژم و ڕێگای ئیسلامی لایداوە، وەک ئەو حزبییانه‌ی باشوری کوردستان وان کە گوتاری جاشەتی و بەکرێگیراوێتی بڵاودەکەنەوە بەوەی هەرکەس لەگەڵ حزبەکەی ئێمەدا نەبێت یان جاشی بێگانەیە یان بەکرێگیراوی دەسەڵاتە! جا ئەو تێگەیشتنە ناوخۆییەیان بردووە تەحلیلی دۆخی سیاسی وڵاتانی دراوسێشی پێدەکەن! ئەردۆگان نە ئەم تەوژمە پاشخان ئیسلامییەی ئێستای تورکیای دەستپێکردووە نە بۆتە خاوەنیشی، بەڵکو سەرچاوەی تەوژمەکە لە خودی بیرمەندی بەناوبانگی کوردەوە شێخی ئیمام به‌دیعولزه‌مان سەعیدی نورسییەوە دەستیپێکردووە، عەدنان موندەریس هەوڵیدا کەمێک گەشەی پێبدات و  شێخ سەعیدیش پشتیوانی کرد و داوای لە لایەنگرانی  کرد دەنگ بە پارتەکەی بدەن(8). هەروەها سولەیمان ئاریف ئیمری ڕۆڵی باشی تێدا گێڕا بەڵام لەکۆتاییدا بەم فۆڕمەی ئێستا نەجمەدین ئەربەکان خستیە ناو سیاسەتەوە و ئەردۆگانیش لەوەوە وەریگرت. ئێستاش زۆرێکی وەکو ئەحمەد داود ئۆغلۆ و تەمەل کەرەموڵائۆغلو زۆر باشتر و جوانتر نوێنەرایەتی ئیسلام دەکەن لەناو سیاسەتدا و موسڵمان شەرمی پێیان نایەت ئەگەر بیانکاتە قودە و نموونەی باڵا. موسڵمانانی کورد و تورک لە تورکیا و باکوری کوردستان ناتوانن ئەردۆگان بکەنە نوێنەری وڵات و ئاینەکەیان کە دەستی بە خوێنی خەڵکی بێتاوان سورە و بە سورێتی ئاڵای تورکیا خوێنی گەشی خەڵکی ڕشتووە و بەبیانووی جیاجیا زیندانەکانی پڕکردووە لە موسڵمانانی فرە مێرخاس و مەرد، خوداپەرست و عاریفێکی گەورەی وەک فەتحوڵا گوڵەنیش کە ڕۆڵێکی گەورەی لە پەرەپێدانی تەوژمی ئیسلامی تورکیا گێڕاوە بەتیرۆریست ناوزەندی دەکات هاوشێوەی ئەبوبەکر بەغدادی! ئەوە جگە لەوەی بە دەستوەردانی سیاسیانە لەکارووباری بانکی ناوەندی تورکیا و سیاسەتی نەختینەی دراو ئابوری وڵاتەکەی داتەپاندووە، بەهۆیەوە لیرەی تورکی بە بەراورد بە ساڵی 2016 بەنزیکەی %665 (9)  به‌هاکەی لەدەستداوە و هەڵاوسان گەیشتۆتە نزیکەی %55(10) . هاوکات دەستی لەکاروباری ناوخۆیی چەندین وڵات وەرداوە بە درووشمی جیاجیا و پاشان ئامادەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆی تەنازول بەو دروشمانە بکات کە خەڵکی پێ ئاراستە کردوون! ئێستاش جگە لە لایەنگرانی ئەحمەد داودئۆغلو و تەمەل کەرەموڵائۆغلو شوێنکەوتووانی ڕێبازی خزمەتی فەتحوڵا گوڵەنیش لەژێر مێزەکەوە هاوپەیمانی حەوتەمی مێزەکەی کیلیجدارئۆغلون، هەبوونی لایەنگرانی ڕێبازی خزمەتیش کە شوێنکەوتەی پەیامەکانی نورسین بیانووێکی ترن بۆ کوردەکان کە دڵنیاببن و دەنگ بە هاوپەیمانێتییەکە بدەن.  

ئەوانەی نیشانەی پرسیار دەخەنەسەر ئیمانی ئەحمەد داودئۆغلو و تەمەل کەرەموڵائۆغلو بەوەی هاوپەیمانیان لەگەڵ جەهەپە بەستووە، بیریانچووە کە نەجمەدین ئەربەکانی ڕابەری سیاسی تەوژمی ئیسلامی پێش ئەوان چەند جارێک لەپارتی مەسەپە هاوپەیمانی لەگەڵ جەهەپەدا بەستووە. هەروەها ئەردۆگان لەگەڵ پارتێکی زۆر خراپتر لە جەهەپەی ئێستا هاوپەیمانی بەستووە کە پارتی نەتەوەپەرستی مەهەپەیە! بۆچی ڕێککەوتنی ئەردۆگان لەگەڵ باخچەڵی حەڵاڵە بەڵام ڕێککەوتنی کەرەموڵائۆغلو و داودئۆغلو لەگەڵ کیلیجدارئۆغلودا حەرامە!

 

 بەشار ئەسەد و هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی تورکیا

سیاسەتی گشتی ئەردۆگان و ئاکەپە سیاسەتێکی نێوەندگیرانەیە لەنێوانی هەردووک بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوادا بەشکانەوەی بەرژەوەندیی هەژموونگەرایی تورکیا. ئەمەش وای کردووە چەندینجار تورکیا لەژێر دەسەڵاتی ئاکپارتیدا پێچەوانەی سیاسەتەکانی ناتۆ بجوڵێتەوە.

هەر لەسەرەتای هاتنەسەر دەسەڵاتدا ئاکپارتی بڕیاری ڕەتکردنەوەی پێشنیاری دابەزاندن و بەکارهێنانی خاکی تورکیا بۆ هێرشکردنەسەر عێراقدا لەلایەن ئەمریکاوە، ئەمەش یەکەمین جوڵانەوەی تورکیابوو لەدژی سیاسەتەکانی ناتۆ لەژێر دەسەڵاتی ئاکپارتیدا. پاشان بەردەوامیان بەم سیاسەتەدا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکارەکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا و کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی ڕووسی و هێرشکردنەسەر ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاڤا کە هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە لە سوریا و ناوچەکەدا. لەبەرامبەدا سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تری تورکیا کە دژی ئاکپارتین سیاسەتی پرۆئەورووپیان هەیە و چاویان لەوەیە ببنە ئەندام لەیەکێتی ئەورووپادا و دووبارە بچنەوەسەر سیاسەتەکانی ناتۆ. لەژێر ڕۆشنایی ئەمەشدا بۆ ڕووسیا واباشترە ئەردۆگان لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، چونکە بە هاتنەسەر کاری حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە بەرژەوەندی ئەمریکا و ناتۆ گۆڕانکاری لەسیاسەتی دەرەوەی تورکیادا ڕوودەدات. بۆ ئەمەش گوشاری لە بەشار ئەسەری سەرۆک کۆماری سوریا کردووە بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەردۆگاندا تا ئەردۆگان وەکو دەستکەوتێکی سیاسی بەکاریبهێنێت و نیشانیبدات لە پڕۆسەی دەستوەردان لە سوریادا لە بەرژەوەندی خەڵکی تورکیادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەتایبەتی چونکە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەبارەی دەستوەردان لە سوریا ڕەخنەی توند لە ئەردۆگان دەگرن و بەهۆکاری کۆمەڵێک کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی دەزانن.

بڕیاربوو ڕۆژی 16 ی ئازار کۆبوونەوەی چوارقۆڵی تورکیا و سوریا و ئێران و ڕووسیا لەم بارەیەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەشار ئەسەد بەرپرسانی مۆسکۆی تووشی شۆک کرد کاتێک ڤیتۆی کۆنفڕاسەکەی کرد و ڕایگەیاند هەتا ئەو ساتەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێنەوە ئامادەنییە لەگەڵ ئەردۆگاندا کۆببێتەوە(11). هۆکاری ئەمەش ڕوونبینی بەشار ئەسەدە بەرامبەر سیاسەتەکانی کیلیجکدارئۆغلو بەوەی هەم بانگەشە ئابورییەکانی و هەمیش دونیابینی لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیدا دواجار  هاتنەسەر کاری کیلیجدارئۆغلو کشانەوەی هێزەکانی تورکیای لێدەکەوێتەوە لە سوریا، هەروەها دەستبەردای خەرجییە زۆرەکانی حکومەتی کاتی و سوپای نیشتیمانی سوریا دەبێت کە ئەردۆگان تاوی داوەتێ و سپۆنسەریان دەکات بەمەش بەهاتنەسەرکاری کیلیجدارئۆغلو بەتەواوی تورکیا گۆڕەپانی سوریا لەبەرژەوەندی حکومەتی دیمەشق بەجێدەهێڵێت. هەرچەندە ئاکپارتی زۆر هەوڵدەدات بەشار ئەسەد بگەیەنێتە قەناعەت لەگەڵیاندا دابنیشێت، تەناتەت خلوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا لەدوای ڤیتۆکەی حکومەتی دیمەشق ڕایگەیاند کە بوونی هێزەکانی تورکیا لە سوریا داگیرکاری نییە بەڵکو کاردانەوەیەکە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکەیان وە ئامادەشن بەپێی ڕێککەوتنێک هەنگاو بە هەنگاو لە خاکی سوریا بکشێنەوە. بەڵام تازە بەشار ئەسەد نایەوێت بکەوێتە ژێر هیچ گوشارێکەوە و دانیشتن لەگەڵ ئەردۆگاندا بکاتە دەستکەوت بۆی بەڵکو ئەو بردنەوەی کیلیجدارئۆغلوی دەوێت.

 

ده‌رئه‌نجام

ئەگەر لەم ڕوانگەیه‌وه‌ سەیری هەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەین، بۆ مانەوەی قەوارەی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان و کەمبوونەوەی مەترسی و هەڕەشەکانی تورکیا لەسەری، بردنەوەی هاوپەیمانی مێزی شەش قۆڵی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەرژەوەندی جیۆپۆلەتیکی گەلی کوردی لێ دەخوێندرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ته‌كانێكی گه‌وره‌ ده‌بێت له‌ پێشكه‌وتن و گواستنه‌وه‌ی سیسیته‌می سیاسی توركیا بۆ وڵاتێكی لیبڕاڵی و سۆشیال دیموكرات، سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌كانی ئه‌ردۆگانیش مه‌ترسی له‌سه‌ر متمانه‌ی هاوڵاتیانی توركیا به‌ لایه‌نه‌ پاشخان ئیسلامییه‌كان درووستده‌كات. له‌كۆتاییدا ڕاسته‌ له‌سه‌ر مه‌ره‌كه‌بی كاغه‌ز شه‌ش پارت به‌ناوی هاوپه‌یمانی نیشتیمانییه‌وه‌ دژی ئاكپارتی یه‌كیانگرتووه‌، به‌ڵام به‌ دیفاكتۆ شوێنكه‌وتووانی هه‌ده‌په‌ و ڕێبازی گوڵه‌نییه‌كانیش هاوپه‌یمان و ده‌نگده‌ری كیلیجكدارئۆغلون، ئه‌مه‌ش واتا مێزه‌كه‌ هه‌شت قۆڵییه‌ نه‌ك شه‌ش قۆڵی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×