رێکەوتنەکەی نێوان ئێران‌و سعودیەو لێکەوتەکانی
  2023-03-29       2337       

 داستان خارگێڵانی

 

کاتێک زلهێزەکان ڕێکدەکەون ئیتر دەست بەردەدەن لە پاشکۆکان و بۆکاتێکی نادیار ڕۆڵیان ناهێڵن، وڵاتە بچوکەکان هەمیشە بەکارهێنراون و پڕ چەک کراون و کارتۆنیانە ڕۆڵیان دراوەتێ بۆ دروستکردنی کێشە بۆ زلهێزەکان، بۆ نمونە کوردەکان سەردەمانێک بەکارهێنراون و پڕچەک کراون دژی سەدام حوسێن و  دوای دەستکەوتێکی جوگرافی کوردەکان وەلا نراون، کوردەکان پاڵپشتی کراون دژی زلهێزێکی وەک تورکیا و سەردەمانێکە کە پەکەکە پاڵپشتی ئەکرێت لە لایەن نەیارەکانی تورکیاوە و ڕۆژئاوا و حزبە کوردیەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەهەمان شێوە بەکاردەهێنرێن تاوەکو ڕۆڵیان کۆتایی دێت دواتر دەفرۆشرێن بە دەستکەوتی جوگرافی یان ئابووری یان هەردەستکەوتێکی تر.

 

ڕێکەوتنی ئێران و سعودیە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی و کاریگەڕە و هێورکەرەوەی دۆخی ئابوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی و دینییە، ئێرانێکی سەردەستەی شیعە مەزهەبی جیهانی کە لە چەندین وڵاتدا بونیان هەیە  و سعودیەیەکی سونە، ڕێکەوتنێکیان واژۆ کرد بە دەست پێشخەری ڕواڵەتی وڵاتی چین، چینێکی ڕکابەری ئەمریکا و دۆستی ئێران و کڕیاری ٤٠% نەوتی سعودیەیەکی ژێرباڵی ئەمریکی، ئەم ڕێکەوتنە کاریگەری هەیە لەسەر پێشکەوتنی هەردوو وڵات و باشترکردنی پەیوەندیەکانیان و وازهێنان لەو خیتابە کۆنە دژبەیەکە، ئەم ڕیکەوتنە ئەبێتە هۆی خاوبونەوەی حوسیەکان بەرامبەر سعودیە، وە دوای ئەم ڕێکەوتنە.

وڵاتی چین بەتەواوەتی ئەتوانێت پەلبهاوێژێت و دەست بکات بە بازرگانی و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی بێت لەگەڵ سعودیە و ئێران و وڵاتانی تر، ئەم ڕێکەوتنە لە چەند لایەکەوە سود بە ئەمریکا دەگەیەنێت، ئەمریکاش حەز دەکات ئێران ڕاکێشێتە بەرەیەکەوە کە دوور بێت لە وڵاتی ڕوسیا بۆیە بە نزیک بونەوەی ئێران لە سعودیە ئەمریکا سودی ئەوە وەردەگرێت کە ئێران بە پابەندبونی بە ڕێکەوتننامەکە لە ڕوسیا دور دەکەوێتەوە.

سعودیە و ئێران چەندین ساڵە پەیوەندی گرژیان هەیە لەم دواییەدا  هەنگاویان ناوە بەرەو ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکەیان، سعودیە و ئێران ڕازی بوون بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کۆتایهێنان بە خیتابی دژیەک. سەرەتای ناکۆکیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ بە هۆی کوشتنی موسڵمانێکی شیعە مەزهەب، دواتر خۆپیشاندەرانی ئێرانی هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی  سعودیە و دواتریش لەساڵی ٢٠١٩ ئێران هێرشی کردە سەر کۆمپانیا نەوتیەکانی سعودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ناکۆکیەکان زەق بوونەوە، دوای ئەم ڕێکەوتنە لە ئێستادا هەردوولا بەنیازن لە ماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکان دووبارە بکرێنەوە، ئەوان ڕازی بوون بە نوێکردنەوەی پەیمانی ئەمنی کە ٢٢ ساڵ لەمەوبەر واژۆی لەسەر کراوە بۆ هاوکاری کردن لەسەر تیرۆریزم و قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان و پارە سپیکردنەوە.

دیپلۆماتکارێکی ئێرانی ئەوەی ئاشکراکردوە کە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٢ هەردوو وڵات پێنج خولی گفتوگۆی چڕ و پڕیان لەبەغداد ئەنجامداوە، بە وتەی ئەو دیپلۆماتکارە شاندێکی سعودی سەردانی ئێرانی کردووە، ئێرانییەکان لای خۆیانەوە  سعودیەیان تاقیکردەوە کاتێک شانشینی سعودیە جارێکی دیکە ڕێگەی بە ئێرانییەکان دا کە حەج ئەنجام بدەن، دیپلۆماتکارەکە دەڵێت " دروستکردنی متمانە بەئاسانی بەدەست نایەت  و ئێران چاودێری حاجیەکانی خۆی کردوە لە وڵاتی سعودیە".

لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢  ڕیاز حاجییەکی ئێرانی دەستگیرکرد کە لە شاری  پیرۆزی مەککە مۆبایلەکەی بەرزکردبووەوە کە وێنەی ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی تێدابوو، دوای چەند مانگێک ئێران توانی لە ڕێگەی دەسەڵاتدارانی عومانەوە ئازادکردنی مسۆگەر بکات کە زۆرجار وەک نێوەندێک بۆ ئێران و نەیارەکانی مامەڵەیان کردووە. عێراق هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو وڵات دەستپێکرد بەڵام دوای ئەوەی عێراق ساڵی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراقی گۆڕی ئەو پرۆسەیە کۆتایی هات ئەو کات کازمی  لەپۆستەکەی نەمابوو سودانی گرنگییەکی کەمی بۆ بەردەوامبوون لە ڕۆڵی عێراق وەک نێوەندگیری نیشاندا، وە متمانەی ئەوتۆی نەبوو لەلای بۆیە  داوا لە چین کرا ڕۆڵی نێوەندگیری بگرێتە ئەستۆ کاتێک سەرۆک شی جینپینگ لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ سەردانی ڕیازی کرد،  شی پەیامی ڕیازی گەیاندە تاران  دواتر لە مانگی شوباتی ساڵی  ٢٠٢٣  ئیبراهیم  ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی چینی کردو چاوی بە  شی جینپینگ کەوت، بە گوتەی دیپلۆماتکارێکی دیکەی ئێرانی لەشاندەکەدا  ئێران پێشنیاری سعودیەی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی بە هەند وەرگرت،  جەواد عوجی وەزیری نەوتی ئێران ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی لە پەکین ڕایگەیاند ئێران چەندین پڕۆژەی گەورەی ئابووری لەگەڵ چیندا باسکردوە و گەیشتووەتە گرێبەست و ڕێککەوتنی باش لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی چین کە لە داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، چین سەرەڕای سزا لاوەکیەکانی ئەمریکا بەردەوام بووە لە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر لە نەوتی ئێران وە هەروەها کڕیارێکی سەرەکی نەوتی  سعودیەیە، ئێران و سعودیە ڕێککەوتوون لەسەر دووبارە جێبەجێکردنی دوو ڕێککەوتنی پێشوو  یەکێکیان سەبارەت بە هاوکاری ئەمنی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠١ و یەکێکی دیکەیان  سەبارەت بە بەرەو  پێشبردنی (ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان).

لە نێوەندگیری نێوان ئێران و سعودیە، چین سوودی لەوە وەرگرت کە کڕیاری سەرەکی نەوتی هەردوو وڵاتە، چین لە ساڵی ٢٠١٠ە وە هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە کە ئەو کاتە ئێران لەگەڵ سزا ئابوورییە فرەلایەنەکانی سەرکردایەتی ئەمریکادا ململانێی دەکرد کە بەهۆی پێشکەوتنە ئەتۆمییەکانییەوە،  چین سەرەڕای دەستپێکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بەردەوام بووە لە کڕینی بڕێکی بەرچاو لە نەوتی خاوی ئێران.

شەڕی ساردی ئێران و سعودیە کاریگەری لەسەر  ناوچەکە هەبووە، بۆیە چارەسەرەکەی دەتوانێت بە هەمان شێوە کاردانەوەی بەهێزی هەبێت، دوای ئەم ڕێکەوتنە کۆمەڵێک وڵات پشویەک دەدەن و ئیدی نابنە چەقی ململانێی سعودیەو ئێران وەک لوبنان و عێراق و یەمەن و سوریا، ئەم ڕێکەوتنە ئەبێتە هۆی بوژانەوەی ئەمنی و دەستەبەرکردنی ئاسایش بۆ ئەو وڵاتانە، وە ئەم هەرێمەی خۆمان و چەند ناوچەیەکی تر دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم ڕێکەوتنەوە، و ئەو پاڵپشتیە دەرەکیە زلهێزەیان نامێنێت و دەبێت بەزووی هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بدەن کە دروست ئەبێت گەر ئەو بۆشاییە پڕنەکەنەوە بەتەواوەتی پەیوەندیە دەرەکی و ئابوریە سەربەخۆکەیان لەدەست دەدەن، ئەم هەرێمە دەبێت لەگەڵ عێراقێکی یەکگرتوودا مامەڵە بکات باز نەدات بەسەر عێراقی فیدڕاڵدا و پەیوەندیە دەرەکیەکانی لەژێر چاودێری عێراق دا بن و سەرچاوەی داهات و مەلەفی نەوتیان  شەفاف بێت و لە نزیکترین کاتیشدا عێراق دەتوانێت فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەسەربەخۆ بوەستێنێت و هەموو ئابڵوقەیەک بخاتە سەر هەرێم بۆیە لەم قۆناخەدا کورد پێویستی بە کەسێکی دانا هەیە کە سیاسیانە بڕیار بدات و ڕێبگرێت لە هەموارکردنەوەی دەستور و بتوانێت مافەکانی گەلەکەی دەستەبەر بکات لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×