بەڕێوەبەری گشتی ئاو: دیزاینی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار تەواو بوە
  2023-02-25       430       

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دیزانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار تەواو بوە، تێچوی پڕۆژەكە یەك ملیارو 200 ملیۆن دۆلارە كە هێشتا پارەی بۆ دابین نەكراوە.

ئاوێنە: ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە یەكێك لە میدیاكانی پارتی راگەیاند''دیزاینی پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار تەواو بوە، ئێستا لەگەڵ کۆمپانیای ڕاوێژکاری خۆمان لە قۆناغی وەرگرتنی دیزاینەکەداین، قۆناغی دروستکردنەکەی دەمێنێت کە ئەوەش پێویستی بە دابینکردنی پارەیە و هێشتا دابین نەکراوە."

هەروەها وتیشی''تێچوی پرۆژەکە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلارە، شوێنی پرۆژەکە لەسەر زێی گەورە دەبێت کە سێ کیلۆمەتر لە سەروی پرۆژەی ئیفرازەوەیە، جگە لەوەش، پرۆژەکە دو هێڵی سەرەکی دەبێت کە یەکێکیان لەسەر شەقامی 120 مەتری و ئەوی دیکە لەسەر شەقامی 150 مەتری دەبێت بە حەوت هێڵی شوعائی، واتە ئەو هێڵانەی لەسەر شەقامە سەرەکییەکان بۆ نێو گەڕەکەکانی نێوان هەردو شەقامەکە شۆڕ دەبنەوە."

ئەوەیشی خستە ڕو کە پرۆژەی ئاوی هەولێر چوار دیزاینەکەی بە جۆرێک دروست کراوە، کە ببێتە جێگرەوەی هەردو پرۆژەی ئاوی ئیفراز یەک و ئیفراز دو لەگەڵ ئەو هەزار و 400 بیرەی لێدراون، پرۆژەکە لە توانایدایە لە یەک کاتژمێردا 25 هەزار مەتر سێ جار ئاو خاوێن بکاتەوەو بینێرێت بۆ نێو هەولێر.

سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە ئاری ئەحمەد وتی''تا ئێستا دیار نییە کە ئەمساڵ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، یان نا، چونکە پرۆژەکە پارەی پێویستەو هێشتا بۆی دابین نەکراوە.''

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×