ڕاوێژکارێکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، رایگەیاند، ئامانجی سەردانەكەی شەوی رابردوی سەرۆكی حزبەكە بۆ لای مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتو لە سلێمانی جگە لە ئاگاداربون لە دۆخی تەندروستیان، گوێگرتن بوە لە کێشەکانیان. دەشڵێت، بافڵ تاڵەبانی داواكارییەكانی مانگرتوان بەڕەوا دەبینێت.
ئاوێنە: بێستون فایەق، ڕاوێژکاری بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێک لەو خاڵانەی هەمیشە ئەولەویەتی سەردانەکانی کاک بافڵ بوە بۆ بەغدا پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوە، هەمو جارێک ئەو پەیوەندیانەی لە ناوەندە حکومی و سیاسییەکانی عێراقدا هەیبوە لە پرسی موچەدا بەکاری هێناوە."
وتیشی،"سەردانەکەی کاک بافڵ بۆ لای مامۆستایانیش خەمخۆرانە و بەدەمەوەچونی ئەو خوشک و برا بەرێزانەمان بو لە مامۆستایان و فەرمانبەران کە چەند ڕۆژێکە مانیان گرتوەو تەندروستیشیان بەرەو خراپی دەچێت، بۆیە بە دەرەجەی یەکەم دڵی لەلای جەستە و تەندروستیان بو دەیویست بزانێت چۆنن و خۆی لە نزیکەوە بیان بینێت، دوەمیش کاک بافڵ ئەو داوایانەی مامۆستایان بەڕەوا دەبینێت پێشتریش شەڕی زۆری لەسەر موچەو تەوتین و لەسەر دواکەوتنی موچە كردوە."
ماوەی نۆ رۆژە ژمارەیەك مامۆستاو فەرمانبەر لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتوەو ئەمڕۆش رایانگەیاند كە تا داواكانیان جێبەجێ نەكرێن بەردەوام دەبن لە مانگرتنەكەیان.
ئەوان داوای تەوتینكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان و كردنەوەی لقی بانكەكانی رافیدەین و رەشید لە پارێزگاكانی هەرێم و تەرخانكردنی بەشێك لە بودجەی گشتی بۆ خەرجكردنی موچە پاشەكەوتكراوەكانی موچەخۆرانی هەرێم و دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكەن.