وەزارەتی بەرگریی توركیا كوژرانی ئەفسەرێكی وڵاتەكەی لە شەڕی گەریلاكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان راگەیاند.
ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی شوبات، ئەفسەرێكی سوپای توركیا بەپلەی رائید لە هێزی پیادەی كۆماندۆ بەناوی موراد كەمال یەتیشن، لەمیانی شەڕێكدا لەگەڵ گەریلاكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان كوژراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ناوچەی رۆژئاوای زاپ لە هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا هەلیكۆپتەرەكانی سوپای توركیا، سێ جار سەربازییان دابەزاندون، گەریلا لە دژیان پێنج چالاكی ئەنجامداون بەبێ ئەوەی زیانەكانی توركیا بخاتەڕو.
هەپەگە لە راگەیەندراوەكانیدا بەردەوام جەخت لەوە دەكاتەوە كە وەزارەتی بەرگریی توركیا، ژمارەی راستەقینەی كوژراوان و بریندارانی سوپاكەی لە شەڕی گەریلادا لە رایگشتی خەڵكی توركیا دەشارێتەوە.