شەپۆلێكی وشكە سەرما رو لە هەرێم دەكات
  2025-02-06       1249       

شارەزایەكی بواری كەشناسی رایگەیاند، سەرلەبەیانی سبەی هەینی ئەو شەپۆلی باران بارینەی ناوچەكەمانی گرتۆتەوە كۆتایی دێت و هەر لە سبەینێوە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری شەپۆلێكی وشكە سەرماو لە كۆتایی هەفتەی داهاتوش ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی نوێی بەفر و باران هەیە.

ئاوێنە: ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەو شەپۆلی باران بارینەی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، بۆ ئەمشەو و تا بەرەبەیانی سبەی ھەینی 7/2/2025 کاریگەری لەسەر ناوچەکانمان درێژەی ئەبێت و لە سبەی کاتی بەیانییەوە کاریگەرییەکانی کۆتای دێت و کەش سەقامگیر ئەبێتەوەو ئاسمانیش بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە ھەور و ھەندێک کات نیمچە ھەور ئەبێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ھەر لە سبەی ھەینییەوە تا ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتو 10/2/2025 ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دوەم بارستە ھەوای سارد ئەمجارەیان بە شێوەی وشکە سەرماو نزمبونەوەی زیاتری پلەی گەرمی کاریگەری ئەبێت و لەم شەپۆلەدا ئەگەری باران و بەفر نابێت و لەناوچەکانی رۆژھەڵاتی ھەرێم و بەگشتی ناوچە شاخاوییەکان و پارێزگای سلێمانی بای باکوری رۆژھەڵات چالاک ئەبێت ناوبەناو بەخێرایی 15-35کم لە کاتژمێرێکداو بەھۆیەوە لەو ناوچانەدا وشکە سەرماکە زیاتر ئەبێت و لەبەیانیاندا بەستن و شەختە دروست ئەبێت.

بەپێی قسەی ئاراس جەبار، کۆتایی ھەفتەی داھاتو لە 13ی مانگەوە جارێکی دیکە ئەگەری ھاتنی شەپۆلێکی نوێی باران و بەفر ھەیە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×