توركیا جارێكی دیكە هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین بۆردومان دەكات
  2025-02-06       211       

سوپای توركیا جارێكی تر بۆردومانی هاوڵاتیانی مەدەنی لەسەر بەنداوی تشرین كردو سێ هاوڵاتی برینداربون.

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە، سوپای توركیا لەڕێگەی درۆنەوە جارێكی دیكە ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی لەسەر بەنداوی تشرین كردونەتە ئامانج كە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر هێرشكردنە سەر بەنداوەكە لەوێ كۆبونەتەوە.

ئاماژە بەوەدراوە كە لە ئەنجامی بۆردومانەكە، سێ هاوڵاتی مەدەنی برینداربون و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشكیدان.

لە 9ی مانگی رابردوەوە، هاوڵاتیانی ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەكانی توركیاو گروپە چەكدارەكان بۆ سەر بەنداوی تشرین، رۆژانە رو لە بەنداوەكە دەكەن و لەوێ دەمێننەوە بۆ پاراستنی لە هێرشەكان، بەڵام سوپای توركیا لەو رۆژەوە چەندین جار ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی كردونەتە ئامانج.

بەهۆی كردنە ئامانجیان لەلایەن سوپای توركیاوە تاوەكو ئێستا 24 هاوڵاتی مەدەنی لەسەر بەنداوەكە شەهیدبون كە لەنێویاندا 3 كارمەندی تیمە پزیشكییەكان هەبون و هەروەها زیاتر لە 200 هاوڵاتی دیكەش برینداربون كە 7یان رۆژنامەنوس و سێیان كارمەندی تیمە پزیشكییەكانن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×