فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێکی نوێ دەرکرد کە ناوی لێکێمبییە و نەخۆشی زەهایمەر هێواش دەکاتەوە.
ئاوێنه: دەربارەی بەکارهێنانی دەرمانەکەش، فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا، ئەوەی خستووەتەڕوو کە دەرمانەکە لە قۆناغەکانی سەرەتای زەهایمەردا بۆ کەسی تووشبوو بەکاردەهێندرێت و رەوتی لاوازبوونی یادگەی مرۆڤ، هێواش دەکاتەوە.
بە بڕوای پسپۆڕان بەکارهێنانی ئەم دەرمانە تەنها بۆ ماوەی چەند مانگێک لەبیرچوونەوە دوادەخات.
جۆی سنیدەر پسپۆڕی بواری مێشک و دەمار لە زانکۆی واشنتۆن، لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی NBC رایگەیاند: "ئەم دەرمانە چارەسەری زەهایمەر ناکات و رێگەش لە خراپبوونی رەوشی نەخۆشەکان ناگرێت تەنها رەوتی نەخۆشییەکە هێواشتر دەکاتەوە".
لە لایەکی دیکەشەوە پسپۆڕان، هۆشداریی دەدەن لەوەی کە ئەگەر هەیە بەکارهێنانی دەرمانەکە ببێتە هۆی هەڵئاوسان لە ناو مێشک یان هەندێک کاریگەریی لاوەکیی دیکەی هەبێت.
ئەم دەرمانە ناوی لێکێمبییە و بەهاوبەشی لەلایەن کۆمپانیای ئایسای ژاپۆنی و کۆمپانیای بیۆجێنی ئەمریکییەوە، بەرهەمهێندراوە. بەکارهێنانی یەک ساڵی ئەم دەرمانە بۆ توشبوویەکی زەهایمەر، خەرجییەکەی نزیکەی ٢٦ هەزار و ٥٠٠ دۆلارە.