ئەمڕۆ چوارشەممە، رێوەڕەسمی بەشداریكردن لە پرسەی ئەو كەسەی لەمیانی خۆپیشاندانەكانەكانی شەوی رابردوی شارۆچكەی كامیارانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا كوژرا، گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی بەرفراوان لەو شارۆچكەیەو هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردو كەسێكی دیكەیان كوشت.
ئاوێنە: بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەو كەسەی ئەمڕۆ لەمیانی ناڕەزایەتییەكاندا لە كامیاران كوژراوە، ناوی "بورهان كەرەمی" بوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی رێكخراوەكە، ناوبراو لەبەردەم ماڵی فواد محەمەدی بەتەقەی راستەوخۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژراوە.
فواد محەمەدی، تەمەن 38 ساڵان، شەوی رابردو بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەمیانی ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی ئەو شارۆچكەیەكی كوردستانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا كوژرا.
بورهان کەرەمی، خەڵکی گوندی وێزیەر، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە شەقامی "زەڕنە" و لەبەرامبەر ماڵی فواد محەممەدی، لە گیانەبختکردوانی شەوی ڕابردووی شاری کامیاران، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کوژرا.
ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كە پێ دەنێنە سێیەم مانگەوە، زیاتر پەرەیان سەندوەو هەر دوێنێ لە سنە دو كەسی دیكە بە تەقەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كوژران.