ئارۆ ئەحمەد
بەیاننامەکەی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەبارەت بە"کازم فاروق"، هەرای نایەوە، کەم نین ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم بەیاننامەی جوڵانەوەکەیان قۆستەوە تا لەرێگەی دژایەتیکردنی نەوەی نوێو بەیاننامەکەیەوە، داکۆکی لەئیمتیازو موچەی خانەنشینی زۆرو زەبەندی خۆیان بکەن، نەک لە"کازم فاروق"!
کازم فاروق، وەک کەسایەتییەک شایستەی رێزلێنانەو زۆربەی هاوڵاتیان هیوای چاکبونەوەی بۆ دەخوازن بەزوترین کات.
کازم فاروق، وەک باس دەکرێ ماوەیەکە نەخۆشەو لەبیری زۆرێک لەو خەڵکەدا نەبو کە ئێستا شینی بۆ دەکەن، بەڵام بەیاننامەکەی وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەرگای بەڕوی هیڕشکردنە سەر حیزبو سەر سەرکردەو سەر ورژاندنی نادادپەروەریی موچەو ئیمتیازی زۆرو زەبەندی خانەنشینی پەرلەمانتارانو پلە تایبەتەکاندا کردەوە، خەڵکانێک خێرا دوای بەیاننامەکە بەوپەڕی گوڕوتینو جۆشو خرۆشەوە بەبیانوی داکۆکیکردن لە"کازم فاروق"، کەوتنە حزبو سەرکردە داکوتینو بەگژ قسەکردن دەربارەی نادادپەروەریی سیستەمی موچەدا چونەوە، بەمەرجێک زۆربەی ئەوانەی ئێستا رەخنە لە"حیزب" دەگرن، پێشتر خۆیان بەهۆی حزبەوە بونەتە خاوەنی خانەنشینی پەرلەمانتاریو پلە تایبەت یان خاوەنی ئیمتیازی گەورەو جیاواز!
دیارە لای کەس شاراوە نییە کوردستان پڕە لەناعەدالەتی، سەرچاوەی ئەم ناعەدالەتییەش گەندەڵییە، کە لەچەندین شێوازی جیاوازدا بەرجەستە دەبێتو یەکێکیان "موچەی خانەنشینی پەرلەمانتارانو پلە تایبەتەکانە"و زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەشی لێی سودمەند بون سەرسەختانە داکۆکی لێدەکەن.
زۆرن ئەوانەی سەرو زمانیان رەخنەگرتنە لەدەسەڵاتو لەگەندەڵیو لەناعەدالەتی، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە جیاوازی موچەی خانەنشینییەکەی لەگەڵ دەرچویەكی زانكۆ كە تازە دادەمەزرا 17 جار زیاتر بێت، موچەی پەرلەمنتارێكی هەرێم زیاد لە 7 ملیۆن دینارەو یەكەم موچەی دەرچویەكی زانكۆش 430 هەزار دینار بو، کە ئێستا داشنامەزرێ.
هەر ئەم موچە زۆرو زەبەندەشە وایکردوە خەڵکانێکی زۆر شەڕ لەسەر بون بەپەرلەمانتاریی لەکوردستانو عێراقدا بکەن، هەیە زۆر دەمی گەرم بوەو پێش بون بەپەرلەمانتاریی باسی کارکردن بۆ نەهێشتنی موچەی خانەنشینیو ناعەدالەتی کردوە، کەچی پاش دو ساڵ لەپەرلەمانتاریی خۆی خانەننشین کردوەو هەمو مانگێک ٦ ملیۆنو ٣٠٠ هەزار دیناری خستوەتە تەنکەی باخەڵییەوە! هەشە لەئەوروپا گەڕاوەتەوە تا ببێت بەپەرلەمانتارو ئەم خانەنشینییەی پێببڕێت! پەرلەمانتاریشمان هەبو پڕ بەگەروی هاواری دەکرد "بودجە مافی گەلە، مافی زەحمەتكێشانە"، کەچی دواتر داوای شوقەو ڤێلای لەپەرلەمان بۆ خۆی دەکرد! جا سەیر ئەوەیە هەر لەم پەرلەمانەوە نەک پارەیەکی زۆر بۆ خۆیانو خانەنشینی خۆیان بەڕەوا بینراوە، بەڵکو پارەیەکی زۆریش بۆ حزبەکان لەسەر بودجەی گشتی دابین کراوە!
هەمو چوار ساڵ جارێکیش کە 111 پەرلەمانتاری کوردستان خانەنشین دەبن، ساڵانە لەبودجەی كوردستان نزیکەی ٩ ملیارو ٢٥٠ ملیۆن دیناریان تا لەژیاندا ماون پێدەدرێت!
ئەمە جگە لەوەی لەکاتی خانەنشین کردنیاندا هەر پەرلەمانتارەو ٤٩ ملیۆن دیناریان وەک ئیکرامییە پێدەدرێت! کە ١١١ پەرلەمانتارەکە پێکەوە بەجارێ ٥ ملیارو ٤٣٩ ملیۆن دینار وەردەگرن!
هەروەها هەر پەرلەمانتارەو دوای تەواو کردنی چوار ساڵەکە ٣٣٦ ملیۆن دینار لەگەڵ خۆیان بردوەتەوە! دیارە لەچوارچیوەی ئەم ئیمتیازانەشدا دابینکردنی شوقەو ئوتومبێلی مۆدیل بەرزو ژمارەیەک حیمایەو ئیفادو گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لەسەر حسابی بودجەی گشتی تێدەکەوێت.
کاتێک ئەم ژمارانە دەبینین درک بەوە دەکەین کە بۆچی تا ئیستا لەپەرلەمانەوە کار بۆ نەهێشتنی ئەو جیاوازییە زۆرە نەکراوە لەنێوان موچەی پلە تایبەتەكانو موچە نزمەكانداو تەنانەت بەزۆرترین دەنگ پڕۆژەیاسایەکی چاکسازیی لەوجۆرەش رەتکرایەوە کە پشنیاری کەمکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران کرابو!
هەر لەم روانگەیەشەوەیە کە کەسانێک دێن دەیانەوێ بەرگری کردن لەکازم فاروق یەکسان بکەنەوە بە بەرگری کردن لەموچەو ئیمتیازە زۆرو زەبەندەکانیان، لەکاتێکدا ئەمڕۆ گرنگترین پرسیاری هەر هاوڵاتییەکو هەر کارمەندێکی ئەم هەرێمە ئەوەیە بۆچیو بە چ مەنتقێک رەوایە بەشی من لەبودجەی هەرێمی كوردستان ئەوەندە کەم بێتو بەشی پلە تایبەتێکیش ئەوەندە زۆر؟! پەرلەمان نوێنەری كام خەڵكەو پەرلەمانتاران بەشەڕ کردن لەسەر ئەم ئیمتیازە زۆرانەی خۆیانو بەهێنانەوەی هەر بڕوبیانوو مەنتقو پاساوێک بۆ بەردەوام بون لەسەر دەستکاری نەکردنی سیستەمی موچە، چۆن داكۆكییان لەخەڵك پێدەكرێت؟
دانیال میتران کە بەدایکی کورد ناودەبرا، حەقی بو لەکاتی یەکگرتنەوەی پەرلەماندا لەوتارێکدا روی کردە پەرلەمانتارانو سەرکردەی حزبەکانی کوردستانو وتی "هوشیار بن كۆمەڵگایەكی زۆر نادادپەروەرانە دروست نەبێت كە تیایدا خەڵكێكی زۆر زیانی بەر بكەوێت، دیاردەی گەندەڵی دەبێتە هۆی تێكدانی كۆمەڵگاو سستبوونی پەیوەندییەكانی برایەتی كە هێزی هەرە گەورەی هەموو میللەتێكە".