خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە
  2022-08-17       436       

دوای ماوەیەک لە هەڵپەساردنی ئەمڕۆ چوارشەممە جارێکی دیکە خۆپیشاندانی ئەنجومەن و ستافی ناڕازیی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانكۆی سلێمانی دەستیپێکردەوە و رایانگەیاند گەر تا کۆتایی ئەم مانگە حکومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەیات، مانگرتن رادەگەیەنن.

ئاوێنه‌: محەمەد حسێن کەریم، نوێنەری خۆپیشاندەران بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند،"ئێمە لەماوەی رابردودا خۆپیشاندانەکانمان هەڵپەسارد و وادەیەکمان بۆ حکومەتی هەرێم دیاریکرد، کە بێت بەدەم داواکارییەکانمانەوە، کۆتا رۆژی ئەو وادەیەش کۆتا رۆژی پشوی زانکۆیە کە دەکاتە 30 ی(ئاب/8)ی 2022، لەدوای ئەو بەروارە بەرپرسیارێتی دواکەوتنی دەوامی زانکۆکان دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت".

وتیشی،"ئێمە لەسەر داواکارییەکانی خۆمان سورین، لە دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندکاران بە 30 رۆژ جارێک، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، دیاریکردنی چارەنوسی ئەو 30 مانگ موچەیەمان کە لەلای حکومەتە، پێویستە بە یاسا بکرێتە قەرز بەسەر حکومەتەوە و چیدی لەو نائومێدییەدا نەمانهێڵنەوە کەسەبارەت بە داواکاریەکانمان هەمانە".

ئاماژەی بەوەشکرد،"خۆپیشاندانی ئەمڕۆمان بۆ بیرخستنەوەی حکومەتە لەسەر سوربونمان لەسەر داواکارییەکانمان، هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ بەڕێ رۆیشتن بەرەو نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت دەڕۆین".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوای چەندین جار لە ئەنجامدانی گردبونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەمانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵ بڕیاریاندا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو هەڵیپەسێرن و کات بدەنە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×