بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەبارەی نەخۆشی كۆلێرا هۆشداری دەدات
  2024-08-22       192       

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبونەوەی نەخۆشی كۆلێرا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و دەڵێت، ژمارەیەك نەخۆش لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆشی كۆلێرایان هەبێت، خۆتان لە خواردنی سەوزە بپارێزن.

ئاوێنە: د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمشەو پێنجشەممە، لە پەیامێكدا بۆ هاوڵاتیان وتویەتی "خۆتان لە خواردنی سەوزە بپارێزن، چونكە ژمارەیەك نەخۆش لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشیی كۆلێرایان هەبێت."

د. سەباح هەورامی وتوشیەتی "ئەوەی پێویستە هاوڵاتییان خەمی لێبخۆن لە ئێستادا نەخۆشیی كۆلێرایە بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێك لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئێمە گومانی كۆلێرایان لێدەكەین، چاوەڕوانی دەرچونی ئەنجامەكانین لە بەغداوە بگەڕێنەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە"داوا لە هاوڵاتییان دەكەین، بەهیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكارنەهێنن كە لەلایەن قائیمقامییەتەوە رێگایان پێنەدراوە." 

وتوشیەتی"تكا لە هاوڵاتییان دەكەین، ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونكە پشكنینمان كردوە و دەركەوتوە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین، دڵنیاشتان دەکەینەوە هەمیشە لەخزمەت هاوڵاتیانی خۆشەویستدا دەبین و ئەم دۆخەش تێدەپەرێنین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×