لەرۆژی جیهانی هۆشیاری ئۆتیزم-دا، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان دهڵێت، تا ئێستا زیاتر لەسێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لەهەرێمی کوردستاندا هەیە. ئاشكراشی دهكات كه ساڵانە بەهۆی ئۆتیزمەوە چەندین خێزان کێشەیان تێکەوتووەو بەجۆرێک لەماوەی سێ ساڵی رابردودا ٢٥ حاڵەتی جیابونەوە رویداوەو شیرازەی خێزان تێکچووە.
ئاوێنه: کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان ڕایگهیاند، "بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی کۆمەڵەکەمان، تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار منداڵی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان دا بوونی هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی هەزار حاڵەت لە پارێزگای هەولێر، ٩٠٠ حاڵەت لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان، ٧٥٠ حاڵەت لە پارێزگای دهۆک و لە پارێزگای هەڵەبجەش نزیکەی ٤٠٠ حاڵەت بوونی هەیە، سەرباری هەڵکشانی ئامار و مەترسییەکان بەداخەوە تا ئێستا دۆسیەکە بە پەراوێزخراوی ماوەتەوە و ئەگەر زوو فریای نەکەوین ئەوا رەوشەکە لەدەست دەردەچێت".
وتیشی، "ساڵانە بەهۆی ئۆتیزمەوە چەندین خێزان کێشەیان تێکەوتووەو بەجۆرێک لەماوەی سێ ساڵی رابردوو ٢٥ حاڵەتی جیابوونەوە روویداوە و شیرازەی خێزان تێکچووە، چەندین کەس سەری خۆیان هەڵگرتووە و منداڵەکەیان بردووەتە دەرەوە و چەندین خێزانیش ئێستا کێشەیان لەنێواندا هەیە، جگە لەوەش لە سەدا ٦٠ی خێزانەکان هەژار و نەدار و کرێچین، لەو ژمارە ئۆتیزمەی لە کوردستان هەیە تەنیا بە رێژەی سەدا ٢٥ لە سەنتەرەکانی حکوومی و ئەهلی راهێنان وەردەگرن".
کەمال جەباری ئهوهشی وت، "بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەساڵی ٢٠١٢وە هەموو جۆرە مینحەیەکی تایبەت بە ئۆتیزم راگیراوە کە پێشتر مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار دیناریان پێدەدرا، بۆیە جارێکی دیکە ئەم داواکارییە دەخەینە بەردەم بەرپرسان کە بە زووترین کات سەنتەری راهێنان بۆ تەمەنی سەرووی ١٢ ساڵی تا تەمەنی ٣٠ ساڵی لە سەنتەری پارێزگاکان بکرێتەوە".
ئۆتیزم، بریتییە لەشڵەژانی و تێکچوونی دەمارەکانی مێشکی منداڵ کە لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنیدا دەکەوێت کە کار دەکاتە سەر رەفتار و گوفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵەکەو لەئاکامدا منداڵێکی فرە جووڵە و بێ پەیوەندی لێ دەردەچێت.