وەستانی هەناسە لەخەودا (پڕخەپڕخ)
  2021-02-23       4659       
وەستانی هەناسە لەخەودا حالەتێکە تێیدا دیواری گەروو خاودەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەناسەتەنگی‌و لەخەوهەڵسان.

هەناسەتەنگی لەکاتی خەودا کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، کە لەوانەیە بگاتە وەستانی مێشك.

لەکاتی هەناسە تەنگی لەشەودا، بۆڕی هەناسە لەوانەیە بە تەواوی بگیریت apnea بۆ ماوەی ١٠ چرکە یان زیاتر، یاخوود بەشێوەیەکی ناتەواو بگیرێت hypopnea بۆ ماوەی ١٠ چرکە.

ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو جۆرە نەخۆشیە دەبن، لەوانەیە چەندبارە تووشی هەمان کێشەی وەستانی هەناسە ببنەوە لەکاتی خەودا.کە لەوانەیە بگاتە جارێك هەموو خولەکێك یان دوو خولەك کاتێك بە تووندی تووشی ئەو نەخۆشیە دەبن.

نیشانەکانی:
• پرخە پرخ بە دەنگی بەرز.
• هەناسەدان بە دەنگی بەرز
• وەستانی هەناسە بە ڕوونی دەردەکەوێت لەکاتی خەودا.
• ئارەقەکردنی شەوانە.
• هەڵسان لە خەو زیاتر لە جارێك بە شەو بۆ میزکردن.
• هەستکردن بە ماندوویەتی زۆر لە ڕۆژدا، چونکە شەوانە تێر ناخەوێت بەهۆی هەڵسانەوەی لە خەودا، هەرچەندە نەخۆشەکە ئەوەی بە بیرنایەت کە شەوانە چەندین جار هەڵساوە لە خەو، بۆیە هەست بە کێشەکەی ناکات.
• زیادبوونی کێشی لەش.

هۆکارەکانی تووشبوون بەو نەخۆشیە:
• زیاتر پیاوان تووشی ئەو کێشەیە دەبن.
• زیاتر لەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ٤٠ ساڵی و زیاترە.
• ئەوانەی ملیان ئەستوورە زیاتر لە ٤٣ سانتیمەترە.
• ئەوانەی کە حەبی خەو دەخۆن.
• گەورەیی لەوزەتێن یان ئەدینۆید یان دواوەی زمان.
• خواردنەوەی مەی
• جگەرە کێشان
• ئەو ئافرەتانەی دەکەونە تەمەنی بێ نوێژی
• بوونی ئەو نەخۆشیە لە بنەماڵەدا.
• لووت گیران

زیانەکانی:
• بەرزبوونەوەی فشاری خوێن
• تووشبوون بە وەستانی مێشك
• تووشبوون بە جەڵتەی دڵ
• تێکچوونی لێدانی دڵ.
• تووشبووون بە شەکرە لە جۆری دووەم.
• ئەو کەسانەی کە ئەو نەخۆشیەیان هەیە ١٢ ئەوەندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ڕووداوی ئوتومبیل هەیە.

چارەسەری:
• کەمکردنەوەی کێش و وازهێنان لە خواردنەوەی مەی و جگەرە کێشان و نووستن لەسەر لاتەنیشتەکان.
• بەکارهێنانی ئامێری تایبەت کە لەسەر دەم دادەندرێت و بەزەبری هێز ئۆکسجین دەنێرێت بۆ سیەکان و ناهێلێت بۆڕی هەناسە بگیرێت.
• دانانی ئامێرێکی تایبەت لەناو دەمدا کە وا دەکات شەویلگەی خوارەوە بۆ پێشەوە بێت بەمەش لە دواوە بۆشایی زیاتر دروست دەکات بۆ تیپەڕبوونی هەوا.
• نەشتەرگەری بۆ ئەو شوێنەی کە ڕێگە لە هەوا دەگرێت وەکو نەشتەرگەری لەوزەتێن یان نەشتەرگەری هەڵگرتنی بەشی دواوەی زمان.

د.صلاح عبدالواحد سلیمان
پسپۆڕی نەشتەرگەری قوڕگ‌و لوت‌و گوێ
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×