ئێزیدییەکان سەبارەت بەرێککەوتنەکەی بەغداو هەولێر ناکۆکن
  2020-10-25       946       

ئا: ئاوێنە


رێکەوتنی هەولێرو بەغدا دەربارەی شەنگال، بەشێک لەئێزیدییەکانی توڕە کردووە، ئەوان زیاتر لەشەس ساڵە چاوەڕوانن چارەسەرێک بۆ شارەکەیان بدۆزرێتەوە کە بووەتە گۆڕەپانی شەڕو ململانێی هێزە سیاسییە کوردییەکان‌و عێراق‌و ناوچەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و حکومەتی ناوەندی عێراق بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتنە رێککەوتنێک، بەڵام بەشیک لەخەڵکی شەنگال ناڕازین لەو رێککەوتنە.


هەر لەیەکەم رۆژی راگەیاندنی ئەم رێککەوتنەکەوە وەک ناڕەزایی دەربڕین ژمارەیەک لەئێزیدییەکان خۆپیشاندانیان کردو تا ئێستاش ئەو دەنگانە دەبیسترێ کە بەم رێککەوتنە دەڵێن "نا"، بەهۆی نەبونی نوێنەری خەڵکی شەنگال لەگفتوگۆکان‌و پێیانوایە ئەو رێککەوتنە لەسەر حسابی بەرژەوەندیی ئەوان کراوەو تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەشیان کرد.


به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غداو هه‌ولێر، قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال داده‌نرێت‌و به‌پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه‌دا ده‌چنه‌وه‌و  حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات‌و 2500 كەس لەخەڵكی شنگال‌‌و ئاوارە ئێزیدییەکان وەک هێزی وەزارەتی ناوخۆ دادەمەزرێن‌و  هیچ كەسێكی سەر بەپەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیەدا دابمەزرێت‌و  هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال‌و ئیدارەكردنی دەكەن.


 شەنگال لەدوای هێرشی چەکدارانی داعشەوە بۆ سەر ئەو قەزایە لە٢٠١٤دا، بەدۆخێکی نائارامدا تێدەپەڕیت، کە ئێزیدییەکان قوربانی سەرەکی ئەو دۆخە ناسەقامگیرو پڕ لەزۆرانبازییەی نێوان هێزە کوردی‌و عێراقییەکان‌و ناوجەکەو بگرە جهیانیشن کە لەو روبەرە بجوکەدا رودەدات، زێدی رەسەنی ئێزیدییەکانە.


بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەوە ماوەی شەش ساڵە هەرچی زیاتر ئێزیدییەکانیش بەسەر چەند هێزو گروپی جیا جیای سیاسی‌و سەربازیدا دابەش بوون‌و وەک بەهەڵویستی ئەو کەسانەوە دیارە کە بیروبۆچونیان نزیكە لە پەكەكەوەو "ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شنگال"یان پێکهێناوەو راشکاوانە دژایەتی خۆیان بۆ رێککەوتنەکە راگەیاندووە.


بەشێک لەئێزیدییەکان خوازیارن شەنگال ببێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، بەشێکیشیان پێیانخۆشە لەڕووی ئیدارییەوە هەر سەر بەدەوڵەتی عێراق بن‌و بەشێکیشیان دەیانەوێ شەنگال بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان. هەر یەک لەم خواست‌و بۆچونانە گوزارشت لەهەڵوێستی هێزێکی سیاسی یان سەربازی دەکات کە لەسەر ئەو ناوچەیە کێبڕکێیانە، بەتایبەتی پەکەکەو حەشدی شەعبی‌و پارتی.


چەند ساڵێکە شەنگال ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ لەنێوان حكومه‌تی فیدراڵی عێراق‌و حکومەتی هه‌رێمی كوردستان‌و هەردوکیشیان کێبڕکێیانە لەسەر بەدەستهێنانی ئیدارەی شارەکە.
ئێستا زیاتر لەشەش هێزی چەکدار دەیانەوێ شەنگال بۆ خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، کە گرنگترینیان چەکدارانی حه‌شدی شه‌عبی‌و یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)و پێشمەرگەی کوردستان‌و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخانن. 


لەنێو ئەم ململانێیانەدا  ئێزیدییەکان تیاچون‌و هۆکارێکیش بوە بۆ ئەوەی ئاوارەی نێو کەمپەکان بەتەواوی نەگەڕێنەوە بۆ سەر زێدو ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و لەژیان‌و چارەنوسی خۆیان دڵنیا نەبن.


رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غداو هه‌ولێر جێی ستایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بوەو هیوای ئەوە دەخوازێت کە ئەم رێککەوتنە ببێتە سەرەتای کۆتایی هاتنی مەینەتی‌و نەهامەتییەکانی هاوڵاتیانی ئێزیدی‌و خەڵکی شەنگال‌و ئەو ململانێ سیاسی‌و ئیداریی‌و سەربازیی‌و ئاینیانەی لەو دەڤەردا روودەدەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×