2020-09-25   2265     
ئا: ئاوێنه
دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لەعێراق، چەند رۆژێک بەر لەئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم سهردانی سەرکردەی لایهنه سیاسیهكانی کوردستان دهكاتو راشكاوانه پێیان ڕادهگهیهنێت كه "حکومەتی ئەمەریکا بەتەواوی پشتیوانی لهبژاردەی دواخستنی ریفراندۆم دهكات، لەبهرامبهریشدا ئامادهیه پشتیوانی سیاسیو سەربازیو ئابوری لهههرێمی کوردستان بكات".
دۆگلاس سیلیمان لهسهردانیدا بۆ لای سهركردهی لایهنه سیاسیهكانی كوردستان سیاسەتی ئەمەریکای دەربارەی کوردستان بۆ پارتە سیاسیەکان رون كردوهتهوهو پێیڕاگهیاندون "ئێستا حکومەتی هەرێمو لایەن سیاسییەکانی کوردستان سێ بژاردەیان لەبەردەمدایە".
ئهمهی خوارهوه دهقی کۆنوسی قسەکانی باڵوێزی ئهمهریكایه لهعێراق بۆ لایهنه سیاسیهكانی كوردستان سەبارەت بەریفراندۆم، کە تایبەت دەست رۆژنامەی ئاوێنە کەوتوە:
دەمەوێت زۆر راشکاوانەو بەڕونی قسە بکەم. دەبێت بمبورن کە زۆر راشکاو دەبمو "وەکو جارانی پێشو" بەڕونی قسە بکەم. بەڵام گرنگە راشکاو بم تا سیاسەتی ئەمەریکا بۆ کوردستانو پارتە سیاسیەکان رون بێت، چونکە هەندێک لایەنو راگەیاندن شێواندنیان کردوە. ئێمە وەکو پرەنسیپ پشتیوانی ریفراندۆمێک ناکەین تاکو لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ نەکرێت. ئێستا حکومەتی هەرێمو لایەن سیاسییەکانی کوردستان سێ بژاردەیان لەبەردەمدایە کە ئەمانەن:
بژاردەی یەکەم: دواخستنی ریفراندۆم بەبێ دانانی کات یان هیچ نەبێت تاکو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقو پێکهێنانی حکومەت لەبەغدا. ئەوکاتیش کاتەکە دیاری نەکرێت باشە بەڵکو دەرفەت هەبێت بۆ دانوستانی جدی وردو درشتو متمانەپێکراو لەنێوان هەولێرو بەغدا بەپشتیوانی ئەمەریکاو نەتەوە یەکگرتوەکانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. حکومەتی ئەمەریکا بەتەواوی پشتیوانی ئەم بژاردەیە دەکاتو لەهەمانکاتدا پشتیوانی سیاسیو سەربازیو ئابوری ئەمەریکا بۆ کوردستان بەردەوام دەبێت. رێکەوتن لەگەڵ بەغدا دەبێت شەفاف بێت بۆ هەردولا. سەرۆک وەزیران عەبادی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەمە. ئەمەی بەئەمەریکاو مەسعود بارزانی گوتوە. ئەمەریکا لەباڵوێزخانەو لەکونسوڵگەری یەکەیەکی پێکهێناوە بۆ پشتیوانی لەگفتوگۆو بەردەوامی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو هەولێر. حەیدەر عەبادی ئامادەیە هەمو پرسێک لەوانەش پرسی سەربەخۆیی کوردستان، کۆنفیدراڵی، نەوت، دیاریکردنی سنور هەموی باس بکات. هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان پشتیوانی دەکەن. دانوستاندنی نێوان بەغداو ههولێر بەجدیو وردودرشتی چارەسەرە، مەسعود بارزانی چەندین جار بەمنی گوتوە بەدیلی ریفراندۆم چییە. ئەمە بەدیلی ریفراندۆمەو باشترین بژاردەیە بۆ کوردستانو عێراقو ئەمەریکا.
بژاردەی دوەم: ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستان لەو ناوچانەی کە دانی پێدانراون بەبێ کەرکوکو ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە. ئەمەریکا پێیوایە ئەم ریفراندۆمە ئامادەکاری بۆ نەکراوەو لەجێی خۆیدا نیە. ئەمەریکا بێدەنگ دەبێت لەئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی کوردستان، بەڵام ئەنجامەکەی دان پێدا نانێت. عەبادی دەڵێت درێژە بەگفتوگۆکان دەدات ئەگەر ریفراندۆم بەبێ کەرکوک بکرێت، بەڵام لایەنە شیعەکان پشتیوانی ناکەنو مالیکی لەئێستاوە دەڵێت ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئەوە لەلاوازی عەبادییەوەیەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی بەمە دەست پێکردوە.
بژاردەی سێێەم: ئەم رێگایهی ئێستایەو ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەهەرێمی کوردستانو ناوچە جێناکۆکەکان. وەها ریفراندۆمێک لای ئەمەریکا هیچ شەرعیەتێکی نیەو دان بەئەنجامەکەیدا نانێینو بەئاشکرا ئەمە دەڵێین. پرسی ریفراندۆم هەماهەنگی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقی وەستاندوە. ئەگەر ریفراندۆم بکرێت هیچ پشتیوانی ناکەین. سوپای عێراق پەلاماری کەرکوکو کێڵگە نەوتیەکان نادات، بەڵام گروپی دیکەی چەکدار ئەو کارە رهنگە بکەنو ئەوکات تەقە دەکرێت لەهەردولاوەوە شەڕ دەبێتو فراوان دەبێت بۆ شەڕێکی گەورە. دراوسێکەتان لەرۆژهەڵاتەوە بەتوندی دژی ریفراندۆمە وەکو خۆتان دەزاننو هەر کارێک دەکەن بۆ راگرتنی.
بەڕاشکاوی دەڵێم لەواشنتۆن ریفراندۆم بەبەربەستی سەرەکی شەڕی دژی داعش دادەنرێت. ئەگەر ریفراندۆم بکرێت ئێمە وەکو ئەمەریکا حکومەتی هەرێمو مەسعود بارزانی بە بەرپرسیار دادەنێین لەزیان گەیاندن بەشەڕی دژی داعشو تێکچونی ئەو پێشکەوتنانەی لەعێراق بەدەستهاتون. ریفراندۆم کارتێکی سیاسی زۆر بەهێزە بەڵام هەر بەکارهێنرا ههمو ئەو هێزەی لەدەست دەدات. ئەگەر ریفراندۆم بەم شێوەیهی ئێستا بکرێت بەغداو عەبادی بەهیچ شێوەیەک گفتوگۆ ناکەن دەربارەی هیچ پرسێک، چونکە لەڕوی سیاسیەوە مەحاڵە بتوانن بیکەن.
بارزانیو دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لەعێراق