نەترسان لەکۆرۆنا چارەسەر نییە!
  2020-09-03       2675       

زیادەڕەوییەکی زۆر دەکرێت لەبارەی پەیوەندیی نێوان ترسان لەکۆرۆناو مەترسییەکانی ئەو نەخۆشییە، گوایە ترسان هۆکارێکی سەرەکیی مردنە بەکۆرۆنا، ئەمە ئیجتیهادی کەسییەو بنەمایەکی ئەوتۆی زانستیی نییە.

لایەنگرانی ئەم بۆچونە دەڵێن گوایە نەترسان کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات‌و ئیدی بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵدەبیت.

بەڵام دەبێت بزانین بەهێزیی بەرگریش تاکە بابەتی یەکلاکەرەوە نییە لە بابەتی زاڵبوون بەسەر کۆرۆنادا، تەنانەت ژمارەیەکی بەرچاوە لەوانەی قورس کۆرۆنا دەگرن یان پێی دەمرن، بەهۆی کاردانەوەی توندی کۆئەندامی بەرگری‌و دروستبوونی گەردەلوولێکە لەوەلامی کۆئەندامی بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە، کە زیانێکی زۆر لەئەندامانی جەستە دەدات‌و ئەگەر ئەم تووڕەییەی کۆئەندامی بەرگری کۆنترۆڵنەکرێت، رەنگە پەکخەر و تەنانەت کوشندە بێت!

مرۆڤ تا لەشتێک نەترسێت خۆی لێ ناپاریزێت، بۆیە ترسان ئاساییە، بەڵام تۆقین خراپە، واتە ترسێکی وەها ژیانت بشێوێنێ‌و توشی نەخۆشیی دەرونیت بکات.

بابەتی زاڵبون بەسەر کۆرۆنا، ئاڵۆزەو جەندین هۆکاری هەیە، وەکوو لایەنی بۆماوەیی کەسەکە، سروشت (نەک تەنیا بەهێزیی)ی وەڵامدانەوەی کۆئەندامی بەرگریی کەسەکە بۆ ڤایرۆسەکە، تەمەن‌و تەندروستیی گشتیی کەسەکەو چەندین هۆکاری نەزانراوی دیکە.

هەتا ڤاکسین دێت، تاکە ڕێگای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا خۆپارێزییە، کە توشیش بویت پابەندبونە بەڕێنماییەک پزیشکییەکان، نەترسان ئەو گۆچانە سیحرییە نییە کە لەکۆرۆنا ڕزگارت بکات.


تێبینی: جگە لە گەڕانی زانستی، بۆ نوسینی ئەم بابەتە ڕاوێژم بەو پزیشکە هەرە دیارانە کردووە کە خۆیان لەناو جەرگەی چارەسەری کۆرۆنادان لەکوردستان.

د. سەروەر سالار چوچانی
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×