ئا: ئاراز
محەمەد
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری
بەنداوی دەربەندیخان، لەم دیدارەدا باس لە مەترسییەكانی گرتنەوەی ئاوی سیروان
دەكات لەلایەن ئێرانەوە، ئەو دەڵێت: هەفتەی رابردو، ئێران ئاوی لە
بەنداوی دەربەندیخان گرتۆتەوە بە رێژەی لەسەدا 75 و ئێستاش دوای بەردانەوەی ئاوەكە،
هێشتا هەر لەسەدا 50ی ئەو ئاوە دێتە نێو بەنداوی دەربەندیخان كە پێشوتر دەهات، ئەوەش
بەهۆی پڕۆژەكانی ئەو وڵاتە لەسەر روباری سیروان. دەشڵێت: وەزارەتی سەرچاوەكانی
ئاوی عێراقیان لەو مەترسیانە ئاگاداركردۆتەوە.
ئاوێنە: بەنداوی
دەربەندیخان توانای گلدانەوەی چەنێک ئاوی هەیە؟
ڕەحمان خانی: لەئاستی
سروشتیدا بەنداوەکە توانای خەزنکردنی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەپێی داتا سەرەتاییەکان،
بەڵام ئێستا تەرەسوبات و ئەوانە بەشێکی لێ پڕکردوەتەوە، توانای خەزنکردنی کەمبوەتەوە،
بەڵام زۆر نییە، ئەوەی تائێستا ڕیکۆرد کراوە لەساڵی ١٩٦٩ بەنداوی دەربەندیخان زۆرترین
ئاوی تێهاتوە، دواتر لەساڵی ١٩٧٤و ساڵی ١٩٨٨ هاتوە، تەنها ساڵی پار (٧) ملیارو
(٨٥٠) ملیۆن مەتر سێجار ئاو بەبەنداوی دەربەندخاندا تێپەڕیوە، واتەسێجار بەقەد پڕبونی
بەنداوەکە .
ئەمساڵ ئاو کەمتربو
لەساڵی پار نزیکەی (٢) ملیارو (٤٠٠) ملیۆن مەترسێجا ئاو هاتوەتە بەنداوی دەربەندخان،
بەڵام ئێمە بەشێوەیەک دابەشمان کردوە کە بتوانێت لەمانگە گەرمەکاندا پێویستییەکانی
بەرهەمهێنانی کارەباو بەشی پێویستی ناوچەکانی خوار بەنداوەکەش بۆ ئاودێری و کشتوکاڵ
و خواردنەوەش بکات .
بەنداوی دەربەندیخان
توانای بەرهەمهێنانی (٢٤٩) مێگاوات كارەبای هەیە بە هەر سێ یەكەكەی، بەڵام بەپێی هەبونی
ئاو و بەپێی جاهیزیەتی یەكەكان، ئێستا تەنها یەک یەكە لەکاردایەو دوانەکەی تر لەژێر
سیانەدان، بەڵام ئەگەر ئاو زۆربێت کارەبا زۆر بەرهەم دێت ئێمە ساڵی پار بەرهەمهێنانێکی
زۆر زۆرمان کرد لەکارەبا.
ئاوێنە: کێشەکانی
ئاو چین کە ڕودەدەن، چارەسەر چییە؟
ڕەحمان خانی: لەگەڵ
رودانی کێشەی ئاو ئێمە ئاگاداری لایەنی پەیوەندیدارمان لەوەزارەتی کشتوکاڵ کردوەتەوە،
پێمان وابێت ئەوان لەگەڵ ئێران قسەیان کردوە، تاڕادەیەک بەڵێن دراوە کێشەکە چارەسەربکرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ بەیاننامەشی دەرکردوە چونکە کێشەی ئاو تەنها لێرە نییەو لەسەر زێی
بچوکیش رویداوە. ئێمە وەزارەتی ئاوی عێراقیشمان ئاگادارکردۆتەوەو ئەوانیش ئاگاداریان
کردینەوە کە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق قسەیان کردوە بۆ ئەوەی نوسراوی رەسمی بۆ
لایەنی ئێرانی بنێردرێت و رونکردنەوە بدرێت، بەتایبەت ئێستا کۆتایی هاوین و سەرەتای
پاییزەو گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێرانەوە کاریگەری لەسەر ناوچەیەکی فراوانی کوردستان
و خواروی عێراق دەبێت .
ئاوێنە: بڕیارە
دو بەنداوی تر لەخواروی دەربەندیخان دروستبکرێن لەسنوری باوەنور و کەلار، چ کاریگەرییەکی
دەبێت؟
رەحمان خانی:
دروستکردنی بەنداو بەتایبەت ئەگەر لەناوچەی ستراتیژی و لەسەر زێ سەرەکییەکان بێت
کاریگەرییەکی زۆری هەیەو لەئایندەدا ئەو پلانەی کە لەهەرێم دانراوە بۆ دروستکردنی
بەنداو ئەگەر دەستهبژێربکرێت و ئەوانەی کە گرنگن دروستبکرێن ئەوە دەتوانی وەک هەرێم
خەزنکردنی ئاو بکەین بە چارەسەر و لەبەرامبەر دراوسێکانیش بەبەهێزی بمێنینەوە. واتە
یەکێك لەڕێگە چارەکان ئەوەیە ئێمە لەناوخۆی خۆمانەوە دەست بە سەرچاوەکانی ئاوەوە
بگرین و خەزنی بکەین، سەرچاوەکانمان لەپیسبون بپارێزین و بەهەدەردانی ئاو کەمبکەینەوە، بۆنمونە روباری
سیروان یەکێك لەکێشە سەرەکییەکانی ئێمە ئەوەیە کۆمەڵێک کارگەی چەو و لمی لێییە جۆرێک
لەتەجاوزات کراوەتە سەر رێڕەوی سروشتی روبارەکەو شێوێنراوەو موسەتەحاتێکی گەورەی
ئاوی دروستکراوە کە لەڕێگەی بەهەڵمبون و فلتەرەیشنەوە بەفێڕۆچونێكی زۆر هەیە، وادەکات
ئەو ئاوەی لەدەربەندیخانەوە بەری دەدەینەوە ڕێژەیەکی کەمی بگات بەو ناوچانەی کە مەبەستە،
ئەوەش بۆخۆی یەکێکە لەکارەساتەکان، پێویستە چارەسەربکرێن و لەناوخۆی خۆمانەوە هەوڵبدەین
و لەڕێگەی عێراقیشەوە کە ئەوان بەپێیی دەستور پێویستە هەوڵبدەن لەگەڵ تورکیاو سوریاو
ئێران لەسەر ئاوە هاوبەشەکان و ڕوبارە هاوبەشەکان بگەنە ڕێکەوتنێک .
ئاوێنە: تائێستا
ڕێکەوتن نەبوە؟
رەحمان خانی: لەراستیدا
ساڵی ١٩٢٣ ڕێکەوتن کراوە لەنێوان ئێران و عێراق کە دەبێت ئەو وڵاتانە مولزەم بن بە
دروستنەکردنی بەنداو و گۆڕینی ڕێرەوی ئاوەکە لەوڵاتەکەی خۆیانەوە ئەگەر وڵاتەکانی
تر ئاگادارنەکرێنەوە بەڵام تائێستا پابەندنەبون پێوەی کە لەڕێکەوتننامەی لۆزاندا
هاتوە، بەڵام ئێران تەنیا ڕێکەوتننامەی ١٩٧٥ی جەزائیر وەک بنەما سەیردەکەن، لەدوای
روخانی حکومەتی عێراقیش تائێستا ڕێکەوتنێکی راشكاو لەنێوان لایەنی ئێرانی و عێراقی
نییە لەسەر ئەو ئاوە هاوبەشانەی نێوانیان کە نزیکەی (٤٢) چەم و روباری وەرزی لەنێوان
ئەم دو وڵاتەدا هەن کە پێویستیان بەچارەسەرکردن و ڕێکكەوتنە، کە هەردو وڵات بەهاوبەشی
دابەشی بکەن .
ئاوێنە: ئاڕاستەکان
باس لەوە دەکەن سەر ئەنجام شەڕی ئەم وڵاتانەی دراوسێی عێراق لەسەر ئاو دەبێت، ئێوە
ڕاتان چییە لەسەر ئەو پرسە؟
رەحمان خانی: هیوادارم
شەڕ لەسەر ئاو هەڵنەگیرسێت چونکە لەنێوان عێراق و ئێران ئەوە رویداو هیچ ئەنجامێکیشی
نەبو، وڵاتانی دراوسێش ناتوانن بار بکەن هەر بۆیە دەبێت ئەو سەرچاوانەی کە دەکەونە
نێوانیان بەئاشتی ڕێکبەون و دابەشی بکەن، ئاویش یەکێکە لەو سەروەتە گرنگانەی کە مرۆڤایەتی
لەسەر بەندە، بەنیسبەت ئاوی سیروانەوە لەماوەی هەفتەی رابردودا بۆماوەی هەفتەیەک لەخواروی
بەنداوی داریانەوە کە ئێران بەم دوایانە تەواوی کردوە، ئاو لەبەنداوی دەربەدیخان گیرایەوە،
بەڕادەیەکی زۆرو بەڕێژەی ٧٥٪ بەڵام لەئێستاداو
دوای هەفتەکە بەردانەوەی ئاو زیادی کرد لەدیوی ئێرانەوە، هێشتاش هەر ٥٠٪ی ئەو داهاتی
ئاوەیە کە پێشوتر دەهاتە ناو بەنداوی دەربەندیخانەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی تونێلی نەوسود
لە ئێران، تونێلێکەو نزیکەی ٤٨ کیلۆمەترەو ڕێڕەوی ئاوی سیروان دەگۆڕێت و ئێران لەو
تونێلە ئاوییەوە ئاو دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە ئاوی کەم ماوە وەک دەشتی زەهاو،
ئێمە چەندین ساڵە ترسی ئاوەمانە ئەو تونێلە بکەوێتە ئیش و دواجاریش هەفتەی رابردو
خرایە ئیش و لەسەرمان تاقیکرایەوە، لەداهاتوشدا لەوەرزە وشکە ساڵێکاندا و لەهاوین
و کاتەکانی کەمئاویدا ئەگەر ئەو تونێلە بکەوێتەکار ئەوە ئێمە توشی کەمئاوی و خراپی
کوالێتی ئاو دەبین، ناوچەیەکی فراوان لەخواروی بەنداوی دەربەندیخان پشتی بەبەنداوەکە
بەستوە.