دەستبەسەر برێكی زۆری ڕۆنی خورمادا دەگیرێت
  2019-04-15       2645       

بەگومانی خراپ بوون، لیژنە هاوبەشەکان دەست بەسەر بڕێکی زۆر رۆنی خورمادا دەگرن و پاش پشکنینی كیمیایی دەرکەوتووە شیاوی خواردن نییە، نوێنه‌ره‌كه‌ی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ده‌ڵێت رۆنه‌كه‌ هۆكاره‌ بۆ دروستبونی نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌ن و مه‌ترسیداره‌كان.


ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی: ئازاد نه‌بی، نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند؛ لە یەکێک لەکۆگاکانی عەمبارکردنی خواردەمەنی و لەلایەن لیژنەی كۆگاكانی سه‌ربه‌لیژنه‌ هاوبەشەکانی قائیمقامیەته‌وه‌، گومانی خراپبوونی ده‌ست به‌سه‌رجۆره‌ رۆنێكدا ده‌گرن‌ لە خورما دروست دەکرێت به‌ناوی (الممتاز)ە.


وتی؛ جارێك له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ و جارێكیش له‌سه‌رداوای خاوه‌نه‌كه‌ی نمونەی رۆنه‌كه‌ رەوانەی بەرێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی کراوە بۆ پشکنینی كیمیایی، ئەنجامی هه‌ردوو پشکنینەكه‌ دەریخستووە کە رۆنی خورمای (الممتاز) شیاوی خواردن و بەکارهێنان نییە.


وتیشی؛ بڕی رۆنه ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌كه‌ زیاتر له‌ (14) تۆنه‌ كه‌‌ بۆنی ناخۆش بووه‌ زیانی بۆ سه‌ر ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌یه‌ به‌كاری ده‌هێنن به‌تایبه‌ت نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌ن و نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كان.


تەواوی ئەوبڕە زەیتەی لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە بەفەرمانی قایمقامی سلێمانی لەلایەن لیژنەی لەناوبردنی سەربەلیژنە هاوبەشەکان لە ناوچەی تانجەرۆ لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی روبەروی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.


لیژنه‌ی كۆگاكان، یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و رۆژانه‌ سه‌ردانی هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كات كاڵاوشمه‌كی تێدا عه‌مبار ده‌كرێت، له‌ هه‌بوونی سه‌رپێچی و پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی رووبه‌رووی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×