بەهۆی لەچکەکەوە بوو یان بەهۆی پیشەکەمەوە پەلاماریان دام؟
  2020-07-24       4017       

نارین رۆستەم



من ته‌نیا مۆبایلێكم پێبوو كه‌ له ‌رێیه‌وه‌ زانیارییه‌كانی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر بگوازمه‌وه‌، كه‌چی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ تاوانێكم كردبێت شوێنپێیه‌كانم هه‌ڵده‌گیران، ئێستاش نازانم چۆن ئەو رۆژە رزگارم بوو؟



رۆژی‌ 25ی‌ ئازاری‌ ساڵی‌ 2018 له‌به‌رده‌م پاركی‌ شانه‌ده‌ر له‌ شاری‌ هه‌ولێر مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌رانی‌ حكومه‌ت خۆپیشاندانێكی‌ ناڕه‌زاییان رێكخست دژی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌و داوایان ده‌كرد ئه‌و سیسته‌مه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و هه‌مووان له ‌كاتی‌ خۆیدا هه‌قی‌ خۆیان پێبدرێت.



من ئه‌و رۆژه‌ مۆبایلێكم به ‌ده‌سته‌وه‌ بوو وێنه‌و ڤیدیۆی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌م ده‌گرت، بڕیار وابوو وێنه‌و ڤیدیۆكان بۆ سایتی‌ كه‌ركوك-ناو بنێرم كه‌ ئه‌و كاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وان كارم ده‌كرد.
https://kirkuknow.com/ku

ژماره‌ی‌ خۆپیشانده‌ران زۆر نه‌بوون، به‌ڵام له‌وان زیاتر كه‌سانی‌ سه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ لێ بوو كه‌ هه‌ندێكیان به ‌جلی‌ فه‌رمی‌‌و هه‌ندێكی‌ تریان به‌ جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ له ‌ناو خۆپیشانده‌راندا بوون، باش بیرم دێت یه‌كێك له‌وانه‌ هه‌ر وه‌كو من خێرا خێرا وێنه‌و ڤیدیۆی‌ خۆپیشانده‌رەكانی‌ ده‌گرت.

خۆپیشانده‌ران به‌و شوێنه‌ رازی‌ نه‌بوون‌و ویستیان رووی‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یان بكه‌نه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌وێوه‌ دووره‌و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامی‌ شەست مه‌تری‌ شاری‌ هه‌ولێر، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێیان به‌وه‌ نه‌داو ئیتر له‌وێوه‌ گرژی‌ دروستبوو.

ده‌نگی‌ ته‌ق‌و تۆق ده‌بیسترا، ئێمه‌و خۆپیشانده‌ره‌كانیش ده‌مانزانی‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌كاردێت گازی‌ فرمێسكڕێژو گولله‌ی‌ پلاستیكییه‌، ئامبوڵانسێک لەلایەکی خۆپیشاندانەکە چاوەڕێ بوو، دوو کاتژمێر بەسەر خۆپێشاندانەکە تێپەڕی نەکردبوو لە شۆفێرو سەکنی ئامبوڵانسەکەم پرسی "چەند بریندار ھەن؟" بە ترسێکەوە وەڵامیان دامەوە: "سێ".

 من نه‌مده‌ویست له‌ناو ئه‌و باره‌ ئاڵۆزه‌دا بمێنمه‌وه‌و به‌پێ‌ له‌ شوێنی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ دوور كه‌وتمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌مه‌ ماڵه‌وه‌و له‌وێوه‌ ڤیدیۆو وێنه‌كان بۆ كه‌ركوك-ناو بنێرم، به‌ڵام هه‌ستم ده‌كرد دووراو دوور گه‌نجێك به ‌جلی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ شوێنپێی‌ هه‌ڵگرتووم‌و بە دوامدا دێت‌، خۆ ئه‌مه‌ هه‌ر ئه‌و گه‌نجه‌یه‌ كه‌ له‌ناو خۆپیشاندانه‌كه‌ وێنه‌و ڤیدیۆی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ ده‌گرت!

هه‌نگاوه‌كانم خێرا كردوو نزیكبوومه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ رابكه‌م، گورج ده‌ستم له ‌تاكسییه‌ك راگرت، تاكسی‌ وه‌ستاو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ له ‌كوشنی‌ پشته‌وه‌ دانیشتم، گه‌نجه‌كه‌ ده‌رگای‌ پێشه‌وه‌ی‌ كرده‌وه‌و له ‌ته‌نیشت شۆفێره‌كه‌وه‌ دانیشت، شۆفێره‌كه‌ هیچ شۆك نه‌بوو! ویستی بکەوێتە جووڵە.

ئه‌وكات گومانم بۆ ئه‌وه‌ چوو شوفێره‌كه‌ش هه‌ر له‌ هه‌مان تیمی‌ گه‌نجه‌كه‌ بێت، لام وابوو رێککەوتنی پێشوەختەیان لەگەڵ گەنجەکە هەبووبێت، بۆیه‌ خێرا دابه‌زیم‌و ویستم رابكه‌م، كه‌چی‌ گه‌نجه‌كه‌ پێم گه‌یشت‌و جانتاكه‌ی‌ پشتم كه‌ مۆبایله‌كه‌شی‌ تێدابوو رفاندی‌‌و هه‌ڵهات، شۆفێره‌كشه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌ك وشه‌ بڵێت رۆیشت.

هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێكرا هاوارم كرد، دوو مامۆستای‌ خۆپیشانده‌ر كه‌ ئه‌وانیش تازه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌یان جێهێشتبوو له‌ نزیك منه‌وه‌ بوون، كه‌ ئه‌و دیمه‌نه‌یان بینی‌ كه‌وتنه‌ دوای‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ جانتاكه‌ی‌ منی‌ بردبوو.

له‌و نزیكانه‌ ماڵی‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و باره‌ نائاساییه‌یان بینی‌ وایانزانی‌ گه‌نجه‌كه‌ جانتاكه‌ی‌ منی‌ دزیوه‌، بۆیه‌ كه‌وتنه‌ هاواركردن لێی‌‌و كه‌ هه‌ر وه‌ڵامی‌ نه‌بوو چه‌ند فیشه‌كێكیان ته‌قاند، گه‌نجه‌كه‌ هیچ له‌و فیشه‌كانه‌ نه‌ترساو به‌رده‌وام بوو له ‌راكردن، كه‌چی‌ خۆی‌ پێی‌ هه‌ڵخزاو كه‌وته‌ ده‌ست پاسه‌وانه‌كان، له ‌كاتی‌ كه‌وتنیدا وا كه‌وته‌ پێش چاوم ده‌مانچه‌یه‌ك له‌ژێر پشتێنه‌كه‌یدا بێت.

ئه‌وان گه‌نجه‌كه‌یان گرت‌و جانتاكه‌یان دایه‌وه‌ ده‌ست من، به‌ڵام ده‌مزانی‌ هیچیان له‌ده‌ست نایه‌ت‌و ده‌بێت ئازادی‌ بكه‌ن، پاش پشكنینی‌ به‌ژێر لێوه‌وه‌ گومانه‌كه‌ی‌ منیان پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ر به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌.

هه‌ر له‌وێوه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی‌ مامۆستایه‌ك له‌گه‌ڵ دوو مامۆستای‌ خۆپیشانده‌ر چومه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر له‌سه‌ر رێگای‌ كه‌ركوك، چوومه‌ لای‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئه‌وكاته‌ی‌ پۆلیسی‌ هه‌ولێر، هه‌موو ورده‌كارییه‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، به‌ڵام له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ رێوشوێنێك بگرنه‌ به‌ر، ته‌نیا دڵی‌ دامه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ نیو سه‌عات قسه‌م بۆ كرد گوتی‌ "مه‌ترسه‌، هه‌ولێر ئارامه‌".



"ئەوە لەملت بببەستە، دوعام لەسەر خوێندووە"

کە لە ژووری بەڕێوبەری پۆلیس ھاتمە دەرێ یەکێک لە کارمەندەکانی پۆلیسخانەکە پێی گوتم: "ئەو لەچکەی ملت لابە نەگبەت، خەتای ئەوە بووە وات بەسەر ھاتووە"، گوتم: "بۆچی؟"، گوتی: "چونکە مۆرە!". ئەو مەبەستی لەئاڵای بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بوو کە ئەوکات له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی کوردستان ناكۆك بوو، لەچکەکەم بۆن کرد، بۆنی دایکمی لێ دەھات، کەوتەوە بیرم پێش ئەوەی لە ماڵ بێمە دەرەوە، پێی گوتم: "سێ رۆژە بەھۆی نەخۆشییەوە دەکۆکی، ئەوە لەملت بببەستە، دوعام لەسەر خوێندووە".

ھەفتەیەک هه‌ستم ده‌كرد لەژێر چاودێریدام، ئۆتۆمبێلی‌ نه‌ناسراوم ده‌بینی‌ به ‌كۆڵانه‌كه‌ی‌ ئێمه‌دا ده‌هاتن‌و ده‌رۆیشتن‌و ته‌ماشای‌ ماڵی‌ ئێمه‌یان ده‌كرد، ئەوەندەی نەبرد فەیسبوکەکەم ھاک کرا تا ئەمڕۆش دەمەوێ باوەڕ بەخۆم بێنم ھەموو ئەوانە بەرێککەوت بوون.

ئه‌وكات هه‌واڵی‌ پێشێلكارییه‌كه‌ له‌ سایتی‌ خه‌ندان‌و ده‌نگی‌ كورد بڵاوبوونه‌وه‌:
https://dengikurd.com/?p=2769

كاتێك كه‌ ئه‌م چیرۆكه‌م ده‌نووسییه‌وه‌ په‌یوه‌ندیم كرد به ‌بازیان ستار په‌یامنێری‌ پێشووی‌ كه‌ناڵی‌ خه‌ندان، ئه‌و به‌مجۆره‌ ورده‌كاری‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ بیرهاته‌وه‌ "کە ئێمە وەک تەلەفزیۆنەکەمان ئاگادارکراینەوە بەو پێشێلکارییەی بەرامبەر نارین رۆستەم کراوە، بەپەلە داوامان لێکرد کە بێت لە شوێنێک لێدوانی لێوەربگرین بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییە ون نەبێت، بەپێی زانیارییەکانمان چەکدارێک بەجلی مەدەنی بەدوای نارین کەوتبوو ویستبووی جانتاکەی بڕفێنێ کە مۆبایلی تێدابوو لەناو مۆبایلەکە چەندان ڤیدیۆی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان‌و خۆپێشاندەران ھەبوو، ئەو کاتەی ئێمە لێدوانەکەمان لە نارین وەرگرت ئەوەی من وەک رۆژنامەنووس لەچاوی ئەوم خوێندەوە ئارامی لێ بڕابوو لەگەڵ ئەوەی نەیدەویست وا دەربکەوێک".

وابزانم نه‌ك من، هه‌ریه‌ك له ‌ئێوه‌ش بێت ناهه‌قتان نییه‌ ئه‌گه‌ر به‌هۆی‌ رووداوێكی‌ له‌و چه‌شنه‌وه‌ ئارامتان لێ‌ ببڕێت.

ئێستاش زۆرێك له‌نهێنییه‌كانی‌ ئه‌و رووداوه‌ به‌ته‌مومژاوی‌ ماونه‌ته‌وه‌، یه‌كێك له‌و پرسیارانه‌ی‌ وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت ئه‌وه‌ بوو بۆچی‌ پۆلیس سكاڵای‌ منی‌ وه‌رنه‌گرت، له ‌كاتێكدا زۆر بەئاشکرا هه‌وڵی‌ بردنی‌ كه‌لووپه‌له‌كانم درا

ده‌ستم نه‌ده‌گه‌یشت به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پێشووی پۆلیسی‌ هه‌ولێر، بۆیه‌ هاوڕێیه‌كم كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ میدیا دیاره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسی‌ نووسینگه‌ی‌ هه‌ولێره‌ له ‌بری‌ من په‌یوه‌ندی‌ پێوە كرد ‌و هۆكاری‌ وه‌رنه‌گرتنی‌ سكاڵاكه‌ی‌ لێ‌ پرسی‌، وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ به‌م شێوه‌یه‌ بوو "نه‌خێر ئه‌وه‌ی‌ روویدا پێشێلكاری‌ نییه‌، پێشێلكاریی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و رۆژه‌ رۆژنامه‌نووس‌و خۆپیشانده‌رانە كردیان، ئینجا هیچ مانای‌ نییه‌ دوای‌ دوو ساڵ ئه‌م كه‌یسه‌ گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌".

پێم وایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌یسانه‌یه‌ هیچ كاتێك نابێت دابخرێن تا رۆژنامه‌نووسان هه‌قی‌ خۆیان وه‌رده‌گرن‌و ژیانیان پارێزراو ده‌بێت، بیریشم نه‌چێت، ئێستاش هه‌موو ڤیدیۆو وێنه‌كانی‌ ئه‌و رۆژه‌م لاماون كه‌ به ‌مۆبایله‌كه‌م تۆمارم كردن، به‌ڵام نامه‌وێ بڵاویان بكه‌مه‌وه‌، كێ‌ ناڵێت به‌و هۆیه‌وه‌ خۆپیشانده‌ره‌كان ناناسرێنه‌وه‌و تووشی‌ سه‌رئێشه‌ ناكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×