ئا: ئاوێنە
رۆژنامهنوسێکی تورکیا لهسهر باسکردنی نرخی جانتا دهستییهکهی خانمی یەكەمی توركیا، ئامینە ئەردۆغان دادگایی دهکرێت، لهبهرئهوهی Ender Imrek پێش ماوهیهک باسی لهوه کردبوو که جانتادهستییهکهی ئامینه نرخی چلوپێنج ههزار یۆرۆ (نزیکهی ٥٠ ههزار دۆلار)ه سکاڵای لهسهر تۆمارکراوهو دراوهته دادگا تا سزا بدرێت! بهبیانوی ئهوهی سوکایەتی بههاوسەری سهرۆک کردوه! لەکاتێکدا کە خانمی یەكەمی توركیا، ئامینە ئەردۆغان لەسەر كڕینی پۆشاكی براندە گرانبەهاكانی جیهانو توحوفیات ئالودە بووە، لەكۆشكێكدا دەژی كە نرخەكەی 650 ملیۆن یۆرۆیە، چایەكیش دەخواتەوە كە كیلۆی بە 2000 یۆرۆیە، كەچی هێشتا پاگەندەی ئەوە دەكات ژیانێكی سادەو ساكاری گونجاو لەگەڵ بەها ئیسلامییەكان دەژی.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لەراپۆرتێكیدا سەبارەت بەئامینە ئەردۆغان، ئاماژە بەوە دەكات كە خانمی یەكەمی توركیا زۆر حەزی لەگەڕانە بەبازاڕدا، بەتایبەتی لەكاتی گەشتەكانیدا بەجیهاندا لەگەڵ ئەردۆغانی هاوسەری، بەكۆگای پۆشاكەكانو بەدوای دیزاینەرە ناودارەكانی جلوبەرگو شوێنی فرۆشتنی توحوفیاتدا دەگەڕێت.
ئەمە لەكاتێكدایە كە یەك لەچواری توركیا لەهەژارییدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام ئامینەی تەمەن 64 ساڵ و دایكی چوار منداڵ، چایەك دەخواتەوە كە كیلۆی بە 2 هەزار یۆریەو ئەو كوپانەشی تیا دەیخواتەوە بەزێڕ روكەش كراوە كە نرخی هەر یەكێكیان 300 یۆرۆیە.
دەیلی مەیل دەڵێت، ئامینە لەوارشۆ 40 هەزار یۆرۆی لەبازاڕی توحفیات خەرج كردوەو لەگەڵ خۆی بردویەتیەوە بۆ كۆشكەكانی لەتوركیا، كە یەكێكیان روبەرەكەی 2500 مەترە لەئەنقەرەو نرخەكەی 650 ملیۆن یۆرۆیە، دیواری ئەم كۆشكە بەئاوریشم داپۆشراوەو دەرگاو دەسكی دەرگای ژورەكانیشی بەزێر روپۆش كراون. چلچراو مۆبیلیاتو گژو گیا گرانبەهاكانی حەوشەكەی لەئەڵمانیاو بەریتانیاو فەرەنساو ئیتاڵیاو هۆڵەنداو هندستانەوە بەتایبەت بۆ ئەم كۆشكە هێنراون.
ئەمە لەكاتێكدایە كە لەمیدیاكانی سەر بەئاكەپەوە وا باسی خانمی یەكەم دەكرێت، كە ژنێكی ژیرو زیرەكە لەماڵداریو دەست بەپارەوە دەگرێو عانە بەعانە حسابی خەرجی ماڵەكەی دەكاتو خۆیشی لەماڵەوە چێشت لێدەنێتو سركە دروستدەكات.
بەپێی گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی، سەروەتو سامانەكەی ئەردۆغان بەملیۆنەها یۆرۆ مەزەندە دەكرێت، لەگەڵ تێپەڕینی كاتدا بەهۆی وەبەرهێنانیەوە لەبانكو كڕینو فرۆشی موڵكو خانوبەرە زیاتر كەڵەكە دەبێت، ئەمە جگە لەوەی كە چەندین ریستۆرانتی گەورەی لەئەستەنبول هەیە.