دەزانم تاڵە، بەڵام ئەمەیە راستیی دۆخی سلێمانی
  2020-06-28       3448       

د. ئاراس برادۆستی

ئەوەی دەیخوێنیتەوە پزیشکێک بە بیرێکی پزیشکییەوە نوسیوییەتی، جیاوازیی نێوان رەنگ، دەنگ، ئینتیما، ئایدیۆلۆژیا و جوگرافیای نیشتەجێبونی مرۆڤەکان لای من گرنگ نییە، دروستە سەرەتای خوێندنی پزیشکیم لە سلێمانی دەستپێکردوە، نزیکەی دو ساڵ لە شارە حەیاتەکە ژیاوم و سلێمانی تێکەڵی رۆح و خوێنم بوە، هاتوچۆ و تێکەڵاوی لەگەڵ سلێمانی بوەتە بەشێکی زیندوی ژیانی من، بۆیەش ئەمجارە کە لەم دۆخە سەختەدا چومەوە سلێمانی باشتر هەستم بە ئازارەکانی کرد.

چومە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی، چەندین کەسم بینین کە داوایان دەکرد فریایان بکەوین، یەکێکیان هەمو هەوڵی خۆی دەدا هەناسەیەک بە دڵی خۆی هەڵمژێت و نەیدەتوانی، ئارەقەیەکی زۆری کردبوەوە و کۆکەکەشی هەراسانی کردبو، هێندەی دەنگی دەهات داوای ئۆکسجینی دەکرد، پەرستارەکان خێرا گەیشتن پێی و دەستیان بە رێکارەکانیان کرد.

لە بەر دەرگە خەڵک ریزیان بەستبو بۆ ئەنجامدانی پشکنین، بەڵام هەمویان پشکنینیان بۆ ئەنجامنادرێت چونکە ئیدی دۆخەکە لەوە تێپەڕیوە کە پشکنین بۆ هەمو کەسێک بکرێت.

د. زانا حەمید کە پسپۆڕییەتەکەی لەسەر کۆرۆنایە و لە بەریتانیا هاتوەتەوە پێیگوتم کەسێک نیشانەی کۆرۆنای هەبێت دڵنیاین کۆرۆنایەتی ئیتر پشکنینی بۆچییە؟ ئەو پیاوە کوردە کە بە خۆبەخشی کاردەکات دەڵێت: نزیکەی لە %70ی ئەوانەی پشکنینیان بۆ دەکەین پۆزەتیڤ دەردەچن، ئەمەش دەرخەری ئەو راستتییەیە کە لەنێو سلێمانیدا توشبوی کۆرۆنا یەکجار زۆرن.

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت پشکنین بۆئەوەیە دوژمنەکەمان کە کۆرۆنایە بدۆزینەوە، بەڵام ئێستا کۆرۆنا لەنێو ماڵەکانماندایە و پێویستیمان بە دۆزینەوەی نییە!

د. هادی عوسمان ، سەرپەرشتیاری روبەڕوبونەوەی کۆرۆنایە لە سلێمانی، گەنجە، پڕ وزە و سادەیە و هەمو کاتەکانی ژیانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا تەرخانکردوە پێیگوتم ئەو ژمارەیەی لەبارەی توشبوانی کۆرۆناوە رایدەگەیەنین کەمترە لە نیوەی ژمارە راستەقینەکە، کاژێر 11ی شەو بو لە نەخۆشخانەی شار بوین، د. هادی بە خێرایی کارەکانی رادەپەڕاند و هیچ هەستم نەدەکرد 15 کاژێرە کاردەکات، گوتی دوهێندەی ژمارە راگەیێندراوەکان بە سیتی سکان دەستنیشاندەکەین و بەشێکیش بێ پشکنین دەنێرینە ماڵەوە بۆئەوەی لە ماڵەوە چارەسەر وەربگرن، لەگەڵ گفتوگۆکردن لەگەڵ من خەریکی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خەڵک بو کە لە ڤایبەر و مەسنجەر داوای هاوکارییان لێدەکرد، ئەو رۆژە 206 کەس وەک توشبوی کۆرۆنا لە سلێمانی راگەیێندرابون، د. هادی پێیگوتم ئەمڕۆ نزیکەی 300 کەسی دیکەمان بە سیستی سکان دەستنیشانکردون بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەوانە ریکۆردناکات کە بە سیتی سکان دەستنیشاندەکرێن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری دیکەش دەنێرینەوە چونکە ئاشکرایە کۆرۆنایان هەیە و یەکسەر دەیانخەینە سەر چارەسەر لە ماڵەوە،  ئینجا حیسابی خۆت بکە ئەو رۆژەی کە 200 توشبوی نوێ لە سلێمانی هەن، ژمارە راستەقینەکە سێ بۆ چوار ئەوەندەیە!

سلێمانی لە دۆخێکدایە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی ئیتر ژمارەی بەلاوە گرنگ نییە، هاوڕێیەکم کە پزیشکێکی هاوپۆلمە و 15 ساڵ پێش ئێستا لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی بەیەکەوە دەمانخوێند، قسەم لەگەڵی کرد و لێیم پرسی لەو 9 کەسەی ئەمڕۆ بە کۆرۆنا مردن چەندی لە نەخۆشخانەکەی ئێوەبون؟ گوتی 9 کەسی چی؟ ئەمڕۆ تەنیا لە نەخۆشخانەکەی ئێمە تاوەکو کاژێر4ی ئێوارە 14 کەس بە کۆرۆنا مردون، ئەمە جگە لە نەخۆشخانەکانی دیکە، ئێستا ژمارەی مردوانیش لە سلێمانی زیاترە لەوەی رادەگەیێندرێت، بەڵام ئیدی ژمارە بایەخ و کاریگەریی نەماوە، پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی رزگارکردنی خەڵک بە گرنگتر لە راگەیاندنی ژمارە دەزانن.

کێشەی کەمی ئۆکسجین هەیە، پابەندنەبونی بەشێک لە خەڵک گرفتێکی یەکجار گەورەیە، لایەنی سیاسی هەیە بە هەمو هێز و کاریگەرییە میدیاییەکەیەوە خەریکی نەهێشتنی متمانەی نێوان خەڵک و کەرتی تەندروستییە، ئەمە لەپێناوی کێبڕکێکردنی دەسەڵاتە بەلاشیەوە گرنگ نییە "یان نایزانێت" لەو نێوەندەدا چەند هەزار کەس دەبنە قوربانی، د. سەباح هەورامی لەو بەرنامەیەدا کە لەگەڵ خۆی و تیمەکەی ئەنجاممدا زۆر بە رونی گوتی "حیزب هەیە بەلایەوە ئاساییە سەتان هەزار کەس بمرن تەنیا لەپێناوی ئەوەی حکومەت عەیبدار بێت یان بڕوخێت"، ببینن تەنانەت لە کۆرۆناش خەڵکی سلێمانی قوربانیی ململانێ سیاسییەکانە.

واز لە نەخۆشخانەکان بێنە، شەو پیاسەیەکی سەهۆڵەکەی سلێمانیم کرد بۆئەوەی ببینم ئایا لە شەقامێکی وادا ژیان ئاساییە؟ کە گەیشتم بە وردی سەیری هەمو شتێکم دەکرد، هەستم کرد لە شارێکی دیکەم، ئەوەی من لە نەخۆشخانەکان بینیم هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبو لەو شەقامە قەرەباڵخەی سلێمانی، لەو هەمو گەنجەی لەوێ بینیمن تەنیا شەش کەس ماسکیان بەستبو، تێکەڵ و نزیک لەیەکدی وەستابون و دانیشتبون، من دڵنیام لەنێویاندا توشبوی کۆرۆنا هەیە و دەیگوازنەوە بۆ یەکدی، کاتێکیش لەو گەنجانەوە کۆرۆنا دەگوازرێتەوە بۆ کەسوکاری نەخۆش و بەساڵاچویان کارەسات رودەدات، بەڵام ئەوکاتە کەس فریای خۆشەویستانیان ناکەوێت.

هێشتا بەشێک لە گەنجان کۆرۆنا بە پلانی دەسەڵات دەزانن بۆ لەبیربردنەوەی دواکەوتنی موچە، هێشتا هەندێک لە هاونیشتمانییان بۆ "یاخیبون لە حکومەت و تۆڵەسەندنەوە لێی" ماسک نابەستن و خۆشیان ناپارێزن.

موچە دواکەوتوە، ئەمەش وایکردوە بەشێکی پزیشک و کارمەندی تەندروستی مان بگرن، ئەمە گرفتێکی دیکەی بۆ کەرتی تەندروستی دروستکردوە، بەڕاستی ئەگەر نەچوبیتە نەخۆشخانەکانی کۆرۆنا نازانیت چ کارەساتێک روی لەو شارە جوان و زیندوە کردوە.

من لە سیاسەت نازانم و ئیشی منیش نییە، بەڵام دەرهاویشتەکانی سیاسەت لەسەر تەندروستی هاونیشتمانییانی سلێمانی بەڕونی دەبینم، هەندێک لە سیاسییەکان لەپێناوی گەیشتن بە مەرامەکانی خۆیان بەزەییان بە خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی سلێمانی دا نایێتەوە و تەنانەت سودیان لە پرسی کۆرۆناش وەرگرتوە، بۆشایی دارایی و تەندروستییان ئیستیغلال کردوە بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی، بەڵام لەسەر حیسابی تەندروستی خەڵکی ماندو و شەکەتی سلێمانی.

سلێمانی ئێستا جارێکی دیکە قوربانییە، قوربانیی دەستی ململانێ سیاسی و حیزبییە بەرتەسکە ئەزەلییەکە، ئەمە بێهیواییەکی زۆری بۆ پزیشک و تەندروستکارە دڵسۆزەکانی شار دروستکردوە، لە سەروی هەموشیانەوە د. سەباح هەورامی بە هێمنییەکی زۆرەوە پێیگوتم "هەر کەسێک لە شوێنی من بوایە دەمێک بو خۆی کوشتبو"، ئەو پیاوە هاوڕێمە و لە نزیکەوە دەیناسم، دەزانم هێندە بەهێز نەبوایە ئەگەر خۆشی نەکوشتایە دەستیلەکاردەکێشایەوە.

وەک پزیشکێک، وەک راگەیێندنکارێک و وەک هاونیشتمانییەکی کوردستان کە دیمەن و وێنا گەورەکەی سلێمانی دەبینم دڵم دەکات بە ئاو، سلێمانی شایەنی پاڵپشتییەکی زیاترە، لەڕوی بڵاوبونەوەی خێرا و چڕی کۆرۆنا، سلێمانی نزیکترین شاری کوردستانە لە وهانی چین، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە چین بە هەمو تواناکانییەوە پاڵپشتیی لە وهان کرد و تەنانەت لە دو رۆژدا 42 هەزار پزیشک و پەرستاری لە سەرتاسەری چینەوە ناردە وهان، بەڵام سلێمانی بێهێز، بێموچە، بێناز، بێ پشت و پەنایە و لەنێو ئازارەکانیدا دەتلێتەوە، تکایە فریای سلێمانی بکەون..

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×