کارمەندێكی تەندروستی مانگرتو: تەنیا کرێی خانووەکەم بۆ بدەن، بەڵێنبێت دەچمە سەر کارو چاوەڕێی موچە ناکەم
  2020-06-23       3401       
د. ئاراس برادۆستی‌

د. ئاراس برادۆستی‌

لەم سلێمانییە، پزیشکی مانگرتوو هەیە نامەی بۆ ناردووم دەڵێت دەمەوێت بچمە سەر کار بەڵام پارەی تاکسیم پێ نییە بمگەیەنێتە نەخۆشخانە، پزیشکێکی مانگرتووی کەلار پێیگوتم دەمەوێت قسە لەگەڵ دایکم بکەم کە لە سلێمانییە و تووشبووی کۆرۆنایە بەڵام وەحدەم پێ نەبوو و پارەی کڕینی کارتی مۆبایلیشم نییە، کارمەندی تەندروستی مانگرتوو هەیە دەڵێت تەنیا کرێی خانووەکەم بۆ بدەن کە 6 مانگە نەمداوە، بەڵێن بێت دەچمە سەر کار و چاوەڕێی مووچە ناکەم، پەرستار هەیە دەڵێت خەرجیی رۆژانەی شیر و حەفازەی منداڵەکەمم بدەنێ دەست بە ئیش دەکەمەوە!
بەڕێزان
من دەزانم هەر کە دەڵێن پزیشک هەمووان وا دەزانن دەوڵەمەند و خوداپێداون، بەڵام باوەڕبکەن ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، بەپێی داتاکانی سەندیکای پزیشکانی کوردستان ٪87ی پزیشکانی کوردستان نۆرینگەیان نییە و تاکە سەرچاوەی داهاتیان مووچەکەیانە، پزیشکی گەنج هەیە 7 مانگە دامەزراوە 1 مووچەی وەرگرتووە، ئێ ئەو پزیشکەش مرۆڤە و خۆی و کەسوکاری چاویان لەدەستی ئەوە هاوکارییەکیان بکات تاوەکو ژیانیان هەڵسوڕێنن.

داتایەک کە وەزارەتی تەندروستی حەز بە راگەیاندنی ناکات، ئەو ژمارە گەورەیەی پزیشکانی گەنجە کە بە دڵی شکاوەوە کۆچیان کرد بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو و لەوێ باشترین خزمەت دەکرێن و باشترین خزمەتیش پیشکەش دەکەن، ئەو سەروەتە نیشتمانییە گەورەیەی کە بە ئامادەکراوییەوە دەخرێتە ژێر دەستی وڵاتان و سوود و بەرهەمەکەی بۆ ئەوانە.

ئینجا لە سەردەمی کۆرۆنا هەموو وڵاتان رێز و پێزانینێکی زیاتریان بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هەیە، هیچ نەبێت لەم شەڕە مەترسیدارەی کۆرۆنا پشتگیرییان بکەن و مووچەکەیان بدەنێ کە سەرەتاییترین مافی خۆیانە.

ئەو پزیشک و پەرستارانە بێ مووچە خەریکی شەڕن لەگەڵ ترسناکترین دوژمنی مرۆڤایەتی، ئێ هیچ نەبێت ماسکیان بۆ دابینبکەن با خۆیان و کەسوکاریان نەبنە قوربانی، پزیشک هەیە لە نەخۆشخانە تووشی کۆرۆنا بووە و گواستویەتییەوە بۆ دایک و باوکی، باوکی بە کۆرۆنا گیانیسپارد و دایکیشی لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددایە، پزیشکە گەنجەکەش ئێستا گەڕاوەتەوە سەر کار و خەریکی چارەسەرکردنی خەڵکییە، تۆ پێم بڵێ ئەمانە مرۆڤن یان فریشتە؟ ئەمانە لە وڵاتی دیکە بن مووچەیان دەبڕن؟
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×