2020-06-16   3048     
ڤاکسینەکەی کۆمپانیای سینۆڤاک لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان، سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێناوە و ئەنجامێکی گەورەی هەبووە، دوای ئەوەی خۆبەخشان دوو ژەمیان لە ماوەی ١٤ رۆژدا وەرگرت، ٩٠٪یان بەرگرییان بە دروستکردنی دژەتەن، دژی کۆڕۆنا، پەیداکردووە.
تاقیکردنەوەکە لە هەرێمی ژیانگسووی چین، لەلایەن سەنتەری جڵەوکردن و رێگریکردن لە نەخۆشییەکان، بەڕێوەبرا، لە تاقیکردنەوەکەدا؛ خۆبەخشان کرانە دوو گرووپ، بە هەڕەمەکی ڤاکسینی کۆڕۆناڤاک بە پلاسیبۆ بەراوردکرا، کە نە لێکۆڵەران و نە خۆبەخشان نەیاندەزانی کام گرووپ چییان وەرگرتووە، ڤاکسین یان پلاسیبۆ. تاقیکردنەوەکە بە بەشداری ٧٤٣ کەس ئەنجامدرا لەنێوان تەمەنەکانی ١٨ – ٥٩ ساڵ.
ڤاکسینی کۆڕۆناڤاک لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانیشدا بە بەشداری ١٤٣ خۆبەخش سەلامەت دەرچووە و هیچ کاریگەرییەکی لاوەکیی مەترسیداری دروستنەکردووە.
لە ئێستادا کۆمپانیاکە ئامادەکاریدەکات بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکان لە چین و هەندێک لە وڵاتانی دیکە، کە قۆناغەکە دووایین هەنگاوی تاقیکردنەوە کلینیکییەکانە و لە ئەگەری سەرکەوتن، بۆ بەکارهێنان پەسەنددەکرێت.
د. عیسا عهبدولرهحمان