2020-06-05   2368     
بهبۆچونی بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، یهكێك لههۆكارهكانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسلێمانی نهگرتنهبهری رێکارە تهندروستییهكانه لەدەروازە سنورییەکان لهگهڵ ئێران.
ئاوێنه: بهپێی ئامارهكانی وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێمی كوردستان، تادێت ژمارهی توشبووانی ڤایرۆی كۆرۆنا لهههرێمی كوردستان ڕو لهههڵكشانه.
د. شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە هۆكارهكانی زیادبونی ڕێژهی توشبووانی كۆرۆنا دهگهڕێنێتهوه بۆ سێ هۆكارو دهڵێت، "لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور هەڵکشانێکی بەرچاوی لە ناکاو روویدا، پەتاکە لە وڵاتانی دەوروبەر بەردەوامی هەیە ئێمەش بێبەریی نین لەو وڵاتانەدا، هەروەها بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و نەوەستاندنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تەشەنەی ڤایرۆسەکە تیایدا بەردەوامە بەتایبەت ئێران".
لەگەڵ هەڵکشانی بەرچاوی ژمارەی تووشبووان بەکۆرۆنا، ژمارەی ئەو قەرەوێڵانەی تایبەت کراون بە تووشبووان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانییەوە زیاد کراوە و لە ئێستادا هەریەک لە نەخۆشخانەکانی، ئاسا، شەهید ئاسۆ، قاوشی ھەناویی نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ، نەخۆشخانەی تاهیر عەلی والی بەگ(سەرچنار) و نەخۆشخانەی کۆماری تایبەت کراون بە تووشبوانی کۆرۆنا و ئەگەر ژمارەی تووشبووان روو لە زیادبوون بکات ئەوا چەند هوتێلێکی شاری سلێمانی بەکاردەهێنرێن بۆ وەرگرتنی نەخۆشەکانی کۆرۆنا.
د. شەماڵ جەبارە یاوەر ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا تەنیا ٥٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد لە سلێمانیدا هەیە کە بەکاردەهنێرێت بۆ ئەو نەخۆشانەی حاڵەتەکانیان قورسن.
ئەو پزیشکە، بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان بە مەترسی گەورە لە قەڵەم دەدات و داوا دەکات کە هاووڵاتییان بە توندی پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەکان و نایشارێتەوە، لەبەر بارودۆخی دارایی و قەیرانی ئابووری، پێشنیاری کەرەنتین کردن و قەدەغەی هاتوچۆیان بۆ دەزگا پەیوەندیدارە فەرمییەکانی حکوومەت نەکردووە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەراگەیەندراوی ژمارە 101ی خۆیدا ئاشكرایكرد، لەماوەی 24 كاتژمێره رابردودا لەهەرێمی كوردستان دو توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو 105 توشبوی نوێ تۆماركراون.
لهلێدوانهكهیدا بۆ ئاژانسی ئهنادۆڵ، بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە کە هاوکات سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی ئاسای تایبەت بەکۆرۆنایە، رایگهیاندووه، لە کۆی ئەو حاڵەتانەی کە لە پێشتردا تۆمار کراون لە سلێمانی زۆربەیان نیشانەی نەخۆشییەکەیان تێدایە و لەو رێژەیە نیوەیان بە قورسی گرتوویانە و هەرئەمەش بە هۆکاری قورس کردنی ئەرکی پزیشکەکان لە قەڵەم دەدات.
شەماڵ جەبار یاوەر هۆشداری دەدات لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان و دەڵێت، "تکا لە هاووڵاتییان دەکەم کە پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان، خۆیان بەدوور بگرن لە شوێنە قەرەباڵغەکان، ئێمە داوای هیچمان نەکردووە تەنها ئەوە نەبێت کە بەر لە چوونیان بۆ شوێنە گشتییەکان ماسک ببەستن و دەستکێش لەدەست بکەن".
ناوبراو باس لەوە دەکات کە ئەوان پشکنینی هاووڵاتییان دەکەن کە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت، بەڵام لە هەوڵی دابینکردنی ئامێری پشکنینی خێران کە لەماوەی ٤٠ خولەکدا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا کارمەندەکانی تەندروستی ٢٤ کاتژمێر لە خزمەتدان بۆ ئەنجامدانی پشکنین و رۆژە سەختەکانیان بەڕێدەکەن لە نەخۆشخانەکاندا بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووان.
شەماڵ جەبار یاوەر ئهوهشی خستۆتهرو کە ئەوان چەندینجار هۆشدارییان داوە لەبارەی دەروازەی سنووریی باشماخ و ناوچەکانی دیکەوە کە دەبێت رێکارەکان توندتر بکرێنەوە بەهۆی ئەوەی سنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێران و ژمارەیەکی بەرچاو تووشبووی پەتاکەن لەو وڵاتەدان.