ئا: عوسمان عه‌سكه‌ری
ته‌وێڵه گوندێکه له‌هه‌ورامان ڕێک ده‌که‌وێته ناوچه شاخاوییه‌کانی سه‌ر ئه‌و سنوره ده‌ستکرده‌ی که لهڕێکهوتننامهی جه‌زائیر بۆ دواجار کوردستانی له‌نێوان ئێران‌و عێراق دابه‌شکرده‌وه.
شاخه‌کانی ئه‌و سنوره ده‌ستکرده، وه‌ک سوڵتان ئیسحاقی پیری هه‌ورامان، ته‌وێڵه‌یان ڕازاندۆته‌وه‌و له‌سه‌ر شان‌و بازوی خۆیان داناوه‌و بۆ پاراستن لهنهیاران په‌رژینێکی چڕیان به‌ده‌وری گونده‌که‌دا دروستکردوه. کانی‌و ڕه‌زو باخ‌و دارستانی قه‌دپاڵه‌کان، به ئاستێکی ئه‌وتۆ ژینگه‌ی جوان‌و که‌شی نه‌رمیان به ناوچه‌که به‌خشیوه، به‌وهۆیه‌وه، وێڕای ئه‌وه‌ی ده‌کرێت ته‌وێڵه بکرێته یه‌کێک له‌جوانترین ناوچه‌کانی گه‌شتیاری ئه‌وا کاری کردۆته سه‌ر ژیانی دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌و نه‌رێتی لێبوردهییو ڕوحی پڕ له‌هه‌ماهه‌نگی له‌ناخی تاکه‌کانی گونده‌که‌دا دابینکردوه، بۆیه، خێزانه‌کانی گونده‌که به شێوه‌ی تیراسه یان پلیکانه، کۆشک‌و باڵه‌خانه‌و خانوه‌کانیان له‌سه‌ر یه‌ک دروستکردوه، ئه‌وه‌ش دانیشتوانه‌که‌ی ناچار کردوه سه‌ربانی یه‌کدی وه‌ک حه‌وشه‌و به‌ره به‌کار بێنن، به‌وجۆره، زۆربه‌ی دراوسێکان سود له‌سه‌ربانی یه‌کتر ده‌بینن، له‌سه‌ربانی به‌شێک له خانوه‌کانی سه‌ره‌وه، ئه‌و پێگه سه‌ربازیانه ده‌بینرێت که سوپای ئێران بۆ پاراستن له‌سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی دایمه‌زراندون، هه‌ندێکجاریش ئه‌و ئۆتۆمۆبێلانه دێنه به‌رچاو که ڕۆژانه هاتوچۆی گونده‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌که‌ن.
شاخه سهختو دارستانه چڕه‌کانی هه‌ورامان نه‌ک ته‌نها کولتوری کوردی له‌عه‌ره‌بی بیابان‌و فارس‌و تورکه‌کان جودا کردۆته‌وه، به‌ڵکو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گرنگیشی لهنهرێتی خودی هاووڵاتیانی ته‌وێڵه‌دا ده‌سته‌به‌ر کردوه که جودایه له‌سه‌رجه‌م شار‌و شارۆچکه‌و گونده‌کانی دیکه‌ی کوردستان. له‌گوندی ته‌وێڵه، ده‌بێت سه‌رۆکی خێزان قه‌بری پێش وه‌خت بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی دابین بکات.
زوهێر که دانیشتوی تهوێڵهیهو ته‌مه‌نی چل ساڵی تێپه‌ڕاندوه، خێزانداره‌و 3 منداڵی هه‌یه له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت "من زه‌ویم کڕیوه‌و 5 قه‌برم بۆ خۆم‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م هه‌ڵکه‌ندوه، ئێمه بۆیه قه‌بری پێشوه‌خت دابین ده‌که‌ین چونکه له‌م گونده‌دا زه‌وی گونجاو بۆ ناشتنی مردوه‌کانمان به‌ئاسانی ده‌ست ناکه‌وێت، چۆن باوکێک دوای مردنی خۆی، خانویه‌ک به‌میرات بۆ وه‌چه‌کانی جێ دێڵێ، هه‌ڵکه‌ندنی قه‌بری پێشوه‌خت بۆ خێزانه‌که‌م هه‌مان مانا ده‌به‌خشێ، بۆیه، ئه‌وکاته‌ی زه‌وی دابین دهکهینو قه‌بره‌کان هه‌ڵده‌که‌نین به‌پێچه‌وانه‌وه، دڵخۆش ده‌بین نه‌ک نیگه‌ران، چونکه هه‌ڵکه‌ندنی قه‌بر مه‌رگ دیاری ناکات، به‌ڵکو ئه‌وه خوای گه‌وره‌یه بڕیار له‌سه‌ر دواڕۆژمان ئه‌دات".
دانیشتوانی گونده‌که جگه له‌چه‌ند پیشه‌وه‌رێکی چنینی کڵاش، ئه‌وانی دیکه به‌گشتی سه‌رقاڵی جوتیاریینو مه‌ڕوماڵات به‌خێو ده‌که‌ن، هه‌روه‌ها کاری سه‌ره‌کی ئه‌وان خزمه‌تکردنی دار گوێزو به‌رهه‌مهێنانیه‌تی، بۆیه ده‌یان ڕه‌زو باخی گوێز که لهکانیاوه سازگاره‌کان ئاو ده‌خۆنه‌وه ده‌که‌وێته باکوری گونده‌که. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ناوچه دڵڕفێنه‌و سه‌رقاڵی خه‌ڵكی ناوچه‌كه به كار‌و فرمانی خۆیانه‌وه، ده‌سه‌لاتی سیاسی ئاوڕێكی جدی پێداویستی جوتیاره‌كان نه‌داوه‌ته‌وه.
محه‌مه‌د یه‌کێکه لهجوتیارهکانی گونده‌که له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت " ساڵانی زو داهاتی دارگوێزه‌کان، سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بژێویمان بوو، چونکه هه‌ر یه‌ک له‌زۆربه‌ی داره‌کان زیاتر له 70،000 گوێزی به‌رهه‌م ده‌هێنا، لێ ئێستا له‌لایه‌که‌وه، به‌هۆی خۆڵبارینه‌وه، له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌هۆی تهپو تۆزی جاده‌که‌وه که به‌ناو ڕه‌زه‌کاندا تێدهپهڕێو قیرتاو نه‌کردنی، زۆربه‌ی داره‌کان دوچاری نه‌خۆشی هاتونو توانای ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان نه‌ماوه، بۆیه جوتیار ناتوانێت بژێوی خێزانه‌که‌ی له‌ڕێگه‌ی دارگوێزهکانهوه ده‌سته‌به‌ر بكات. ته‌وێڵه به جۆرێک بێبه‌شه له‌خزمه‌تگوزاری، زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی بێ ئومێد کردوه، به‌وهۆیه‌وه، له‌کۆی زیاتر له1000 خێزان که‌متر له 400 خێزانیان گونده‌که‌یان ئاوه‌دان کردۆته‌وه. خێزانه‌کانی گونده‌که منداڵیان زۆره، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بونی یانه‌یه‌ک یاخود شوێنێکی گونجاو بۆ وهرزشو ڕاهێنان زۆربه‌ی مناڵه‌کان له‌بازاڕی گونده‌که‌دا کات به فیڕۆ ده‌ده‌ن.
به‌درێژایی مێژوی ناوچه‌که، گوندی ته‌وێڵه وه‌ک کوانوهیهکی کوردایه‌تی، ئاینی، سۆفیزم، ئه‌ده‌بی، ئابوری، بازرگانی‌و ته‌نانه‌ت له‌جه‌نگی زلهێزه‌کانی ناوچه‌که‌و مهزههبو ئه‌تنیکیدا، ڕۆڵی ستراتیجی‌و گرنگی بینیوه. ئه‌و گونده، له‌جه‌نگی 8 ساڵه‌ی نێوان ئێران‌و عێراقدا جێگه‌ی پێکدادانی ئه‌و دو هێزه بوه، به‌وهۆیه‌وه، هه‌ر وه‌ک چۆن ته‌کیه‌ی نه‌قشبه‌ندی مێژوی تاڵێک ڕیشی محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌گێڕێته‌وه که سوڵتان عبدالحمیدی دوه‌می عوسمانیه‌کان پێشکه‌ش به ته‌کیه‌و خانه‌قای شێخ سیراجه‌دینی نه‌قشبه‌ندی کردوه، به‌هه‌مانجۆر لا دیواره‌کان، عامودهکانی کاره‌باو سه‌رجه‌م دارگوێزه به‌ساڵاچوه‌کانی گونده‌که، چیرۆک‌و داستان کاره‌ساته‌کانی جه‌نگی نێوان عێراق ئێران‌و شه‌ڕی ناوخۆی کوردستان‌و جنداسلام بۆ هاوڵاتیان ده‌گێڕنه‌وه.
ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر که دواین داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی عێراق بو له‌به‌رامبه‌ر شکستی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاری گه‌لی کورد، زیانی زۆری گه‌یانده کوردستان‌و ناوچه شاخاویه‌کان، به‌تایبه‌تی جوتیاره‌کانی ته‌وێڵه، چونکه به‌وهۆیه‌وه ئه‌وان به‌شێکی زۆر لهزهویهکانیان له ده‌ستدا.
زوهێر له‌و باره‌یه‌شه‌وه وتی"دوای ڕێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر، دانیشتوانی ئه‌م گونده به‌شێکی زۆر لهزهویهکانیان که‌وته ناو خاکی ئێرانه‌وه، ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زه‌ویه‌کان له‌ناو نه‌چون، بزر نهبونو خۆشیان نه‌شاردۆته‌وه، ئێمه‌ش به‌سۆزه‌وه ڕۆژانه چاویان لێدهکهینو یادی بیره‌وه‌ریه‌کانمان ده‌که‌ینه‌وه به‌ڵام ناتوانین به‌کاریان بێنین، چونکه له‌دوای ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه‌وه سوپاکانی ئێران کۆنترۆڵیان کردوه".
هه‌ورامان 99 که‌سایه‌تی ناوداری مێژویی هه‌یه، که هه‌ندێکجار به سان، یاخود سوڵتان‌و زۆربه‌ی کاتیش به پیر ناوزه‌د ده‌کرێن. به‌شێک له‌وانه فه‌رمانڕه‌واو به‌شێکی دیکه‌یان وه‌ک سۆفی‌و پیاوچاکو که‌سایه‌تی ئاینی ڕۆڵی گرنگیان له‌کاری چاکه‌و ئاشتی‌و پێکه‌وه ژیاندا بینیوه. سوڵتان ئیسحاق که یه‌کێکه له‌پیره میهره‌بانه‌کانی هه‌ورامان بێ گوێدانه جیاوازی ئاینی، ڕێزی زۆری پێشکه‌ش به هه‌ڵگرانی ڕامانی یارسانی کردوه که ڕامانێکی کوردییه. هاوشێوه‌ی بودیسمهکان یارسان بڕوای به دۆنادۆنی ڕوح هه‌یه‌و گوێزیش داری پیرۆزی فهلسهفهکهیانه.
شێخ عبدالرحمن که‌سایه‌تیه‌کی پڕ زانیاری ئاینی‌و نیشتمان په‌روه‌رێکی ئازا‌و به‌هه‌ڵوێستی کورده له‌ته‌کیه‌ی نه‌قشبه‌ندی ته‌وێڵه، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت " سوڵتان ئیسحاق که‌سێکی ئاشتی خواز‌و مرۆڤ په‌روه‌ری له‌خوا ترس بو، بۆیه ئه‌و بره‌وی دا به‌برایه‌تی نێوان دانیشتوانی ناوچه‌که، سه‌ره‌نجام کیتابی پیرۆزی یارسانه‌ی نوسیوه که به‌زمانی کوردی‌و زاراوه‌ی هه‌ورامی نوسراوه‌ته‌وه". له‌باره‌ی مێژوی ته‌وێڵه‌وه، شێخ عبدالرحمن وتیشی "سوڵتان عبدالحمیدی دوه‌م له سندوقێکدا، تاڵێک ڕیشی موباره‌کی پێغه‌مبه‌ری پێشکه‌ش به تهکیهکهمان کردوه. دواتر شێخ له تهکێکهدا چه‌ندین ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و کۆڵه‌که‌ی دار‌و شتی دیکه‌ی ئه‌نتیکی پڕ به‌های نیشان داین که سه‌دان ساڵ کۆن بون. یه‌کێک له‌و ئه‌نتیکانه، کاسه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئاو خواردنه‌وه‌یه که له‌شێوه‌ی فانۆسی سحری، له دارگوێز دروستکراوه‌و نهخشو نیگار‌و نوسینی پڕ مانای له‌سه‌ر هه‌ڵکه‌ندراوه. دوای دروستکردن ئه‌و کاسه‌یه له‌ڕۆنی ورچدا کۆڵاوه، به‌وهۆیه‌وه ڕه‌نگی قاوه‌یی سروشتی به قوڵی له‌خۆ گرتوه. به‌پێی گوته‌کانی شێخ، ئه‌و کاسه ئه‌نتیکه ته‌مه‌نی دهگـــــهڕێتهوه بۆ زیاتر له 300 ساڵ، به‌ڵام هه‌تا ئێستاش موریده‌کانی ته‌کیه‌که‌یان بۆ ئه‌وه‌ی خواسته‌کانیان بێته‌دی به‌کاری دههێننو ئاوی پێ ده‌خۆنه‌وه. وێڕای سه‌دان جهنگو ماڵوێرانی له ناوچه‌که‌دا، ئه‌و کاسه دارگوێزه به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆ به‌هادار پارێزراوه که گوزارشت له بونی مۆزه‌خانه‌یه‌کی شارستانی‌و بایه‌خی گوندی ته‌وێڵه ده‌کات که حکومه‌ت فه‌رامۆشی کردوه.
لەژمارە ٢٣١ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بلاوکراوەتەوە