بۆدره‌ی "جۆنسۆن" به‌كارمه‌هێنه‌
  2020-05-20       2678       
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ له‌مڕۆوه‌ (20ی ئایار)، بۆدره‌ی "جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن" راگرێت، چونكه‌ دادگای فیدرالی ئه‌مریكا سزای ملیاره‌ها دۆلاری سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر كۆمپانیاكه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ هۆی توشبون به‌ شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دانی مێینه‌.

لوقمان غەفور، ئاوێنە: به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمز-ی ئه‌مڕۆ 20ی ئایار، كۆمپانیای جۆنسۆن بریاریدا سه‌رجه‌م به‌رهه‌می بۆدره‌ی منداڵان له‌ ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا راگرێت، ئه‌ویش دوای ماوه‌یه‌كی دوردرێژ له‌داوای یاسایی كه‌ كۆمپانیاكه‌ تێیدا شكستی هێناو هاوڵاتیانی براوه‌ چه‌نده‌ها ملیار دۆلاریان وه‌رگرت.

جۆنسن له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كردوه‌ كه‌ بۆدره‌ی منداڵانی جۆنسن ئه‌وه‌ستێنێت ئه‌ویش له‌به‌ر سه‌لامه‌تی گیانی منداڵان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ به‌كارهێنه‌ره‌كانی.

كه‌یسی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌مانگی دیسێمبه‌ری 2018ه‌وه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی زه‌ نیویۆرك تایمزه‌-وه‌ جوڵێنرا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی نهێنی كۆمپانیاكه‌ كه‌وته‌ ده‌ست رۆژنامه‌كه‌، كه‌ كۆمپانیاكه‌ هه‌ستی به‌نائارامی و دڵه‌راوكێ كردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌رهه‌مه‌كه‌یان كه‌ بۆ چه‌نده‌ها ده‌یه‌یه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان بڕێكی كه‌م له‌ مادده‌ی ئه‌سپستۆس -ی تێدایه‌.

هه‌روه‌ها به‌پێی هه‌واڵێكی سه‌رله‌به‌یانی 20 ئایار -ی رادیۆی ئێن پی ئار، هاوڵاتیانی ئاگاداركرده‌وه‌ كه‌ دادگای فیدرالی سزای به‌سه‌ر كۆمپانیای جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن جێبه‌جێكردوه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی 16 هه‌زار دایك داوایان دژی به‌رهه‌می بۆدره‌ی جۆنسۆن هه‌بوه‌، چونكه‌ مادده‌ی ئه‌سپستۆس -ی تێدایه‌ ئه‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان.

یه‌كه‌م دانیشتنی دادگا كۆتایی ساڵی 2018 به‌رێوه‌چو. كاتێك ده‌سته‌ی دادوه‌ری سانت لویس بڕیاریدا 4 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار سزای كۆمپانیاكه‌ بدات و پاره‌كه‌ش بگێڕێته‌وه‌ بۆ 22 دایك و خێزان كاتێك سه‌لماندیان مادده‌ی ئه‌سپستۆس بۆته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی منداڵدان.

زه‌ نیویۆرك تایمز، كریستاڵ كیم-ی دواندوه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی له‌ فیلادلفیا دوای چاكبونه‌وه‌ی له‌ شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ درێژایی ته‌مه‌نی بۆدره‌ی جۆنسۆن-ی بۆ منداڵه‌كانی به‌كارهێناوه‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ وازهێنان له‌و به‌رهه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنه‌.

كیم یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی كه‌ ساڵی 2018 داواكه‌ی له‌ دادگا له‌ كۆمپانیای جۆنسۆن برده‌وه‌.
هه‌روه‌ها ساڵی 2019ش له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا، دوای سه‌لماندنی به‌ڵگه‌كان كه‌ بۆدره‌ی جۆنسۆن ترسی هه‌یه‌، دایكێك 29 ملیۆن دۆلاری برده‌وه‌.

ساڵی 2019ش له‌ ویلایه‌تی نیوجیرسی، دادوه‌ر فریدا ولسۆن گوێی له‌ داوای دو ژن و پارێزه‌ری كۆمیانیاكه‌ گرت. پارێزه‌ره‌كه‌ داوای كرد كه‌ لیژنه‌یه‌كی پسپۆر بۆ پشكنینی به‌رهه‌مه‌كه‌یان دروسبتكرێت باشتره‌و ئه‌و دو كه‌سه‌ش به‌ڵگه‌كانیان بخه‌نه‌ڕو.

ئه‌مڕۆ 20 ئایار كۆمپانیاكه‌ رایگه‌یاندوه‌ كه‌ رێگر نین له‌ بازاڕه‌كان كه‌ به‌ره‌ده‌وام بن له‌ فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانیان تا جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌.

جۆنسۆن زۆرجار ئه‌وه‌ی دوباره‌كردۆته‌وه‌ كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵه‌و نازانستییانه‌ی توێژینه‌وه‌ی خراپ به‌رپرسه‌ له‌ گه‌یشتن به‌م ئه‌نجامه‌ی كه‌ بۆدره‌كه‌ مادده‌یه‌كی پیسبوی وه‌ك ئه‌سپستۆسی تێدابێت.

كۆمپانیا له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی نیویۆرك پۆست-ه‌وه‌ نكۆڵی له‌وه‌ ناكات كه‌ بازرگان و بازاره‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كه‌یان تا ئه‌م ساته‌و له‌سه‌ر ره‌فه‌ی فرۆشگاكان ماوه‌. ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ كه‌ بۆدره‌ی جۆنسۆن له‌ ئه‌مریكای باشور (لاتین) ده‌فرۆشرێت و ئاماده‌ش نین بیگێڕنه‌وه‌ چونكه‌ فرۆشراون.

به‌پێی نیویۆرك پۆست هه‌ردو جۆری به‌رهه‌می جۆنسۆن ئه‌فرۆشرێت له‌ هه‌مو جیهاندا و فرۆشی باشی هه‌یه‌.

هەروەها به‌پێی زه‌ نیویۆرك تایمز له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌هه‌زاران ژن له‌ ئه‌مریكا توشی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان بون، به‌ڵام كۆمپانیاكه‌ هۆشداری نه‌داوه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و ترسه‌و ته‌نیا له‌ چه‌له‌حانێی نێوخۆی كۆمپانیاكه‌دا ماوه‌ته‌وه‌.

له‌كاتێكدا كۆمپانیاكه‌ به‌رهه‌مه‌كانی راگرتوە‌، به‌ڵام ده‌شڵێت: "له‌دادگا تێهه‌ڵچونه‌وه‌ به‌ بریاره‌كه‌دا ده‌كه‌ین و به‌و په‌ری به‌هێزییه‌وه‌ به‌رگری له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌مان ده‌كه‌ین".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×