ئیسرائیل: 72 ساڵ لەگەشەی ئابوری بەردەوام
  2020-05-16       1507       

ئا: ئاوێنە


ئابوری ئیسرائیل یەكێكە لەئابورییە هەرە بەهێزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و تەنانەت جیهانیش، كە داهاتی تاكەكەس لەم وڵاتەدا لەساڵی 1948ەوە تا ئێستا 10 بەرامبەر زیادی كردوە. كرێی كرێكارێكی ئیسرائیلی هەشت هێندەی كرێكارێكی هاوشێوەیە لەوڵاتانی عەرەبیدا.

ئابوری دەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی دامەزراندنیەوە )1948( تا بەپێنج قۆناغی سەرەكییدا تێپەڕیوە:

1/ قۆناغی سك هەڵگوشین‌و دامەزراندن (1948 – 1954)
ئەندازیارەكەی بن گۆریۆن بوو، ئەركی ئابوری ئەم قۆناغە بەپلەی یەكەم باوەش كردنەوە بۆ كۆچبەرانی جولەكە‌و دامەزراندنی سوپایەكی هاوچەرخ‌و بنیاتنانی دامەزراوە تۆكمەكانی پەروەردە‌و تەندروستی بوو.

2/ قۆناغی گەشەی خێرا (1954 – 1972)

لەم قۆناغەدا كار بۆ هێنانی سەرمایەی دەرەكی لەئەوروپاو ئەمەریكاوە كرا، ژمارەی كۆچبەران‌و رێژەی دەستی كاری كارامە زیادیان كرد، ئەمانەو چەند فاكتەرێكی دیكە بونە هۆی گەشەدان بەئابوری ئیسرائیل. لەم قۆناغەدا گەشەی ئابوری لە 2%ەوە بوو بە 17%، كەرتی كشتوكاڵ پێشكەوتنێكی گەورەی بەخۆیەوە بینی‌و ئیسرائیل پێینایە گەشەی پیشەسازییەوە.

3/ قۆناغی هەڵاوسان (1973 – 1985)
هۆكاری سەرەكی هەڵاوسان لەم قۆناغەدا، كۆتایی یارمەتییە دەرەكییەكان‌و پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابوری بوو. لەم قۆناغەدا گەشەی ئابوری روبەرووی دۆخێكی چەقبەستو بوەوە‌و هەڵاوسان رویدا بەهۆی تێچونی زۆری جەنگی 1973‌و بەرزبونەوەی نرحی نەوت، كە بووە هۆی كورتهێنانی بودجە.

4/ قۆناغی چاكسازی ئابوری (1985 – 1989)
ئەمەریكا بۆ رزگاركردنی ئابوری ئیسرائیل لەقەیران، بڕیاری دا ساڵانە ملیارێك‌و 500 ملیۆن دۆلار یارمەتی بدات. حكومەت بەرنامەی چاكسازی راگەیاند‌و خەرجییەكانی كەمكردەوەو هیستدرۆتیش رازی بوو بەكەم كردنەوەی كرێی كرێكاران‌و بودجەی سوپا‌و بەرگریش كەمكرانەوە.

5/ قۆناغی گەشە (1990 – 2020)
ئیسرائیل لەم قۆناغەدا هەنگاو بەهەنگاو كەوتە چاكسازی‌و دەستكردن بەپرۆسەی تایبەتسازی‌و پەیوەست بون بەبازاڕی جیهانی‌و خۆئامادەكردن بۆ بەشداربون لەپرۆسەی جیهانگیریی ئابورییدا. كۆچی نزیكەی ملیۆنێك جولەكەی روسی بۆ ئیسرائیل، بوە هۆی كەڵەكە بونی توانای مادی‌و دارایی ئەم وڵاتە. كە ئاستی زانستی ئەم وڵاتەی هەرچی زیاتر بەرزكردەوەو قەبارەی سەرمایەی مرۆیی گەورەتر كرد. هاوكات ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی عەرەب‌و ئیسرائیل (لەگەڵا فەلەستینییەكان‌و ئەردەن)، دەرگای بەڕووی هاتنی سەرمایەو وەبەرهێنانی دەرەكی‌و بەرزردنەوەی رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییدا كردەوە.

كارێكی دیكەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەمەبەستی گەشەی ئابوری، پەنابردنە بەر پرۆسەی تایبەتسازی بوو، ئەو كۆمپانیانەی كە هستدرۆت خاوەنیان بوو كران بەپشك‌و بەهاوڵاتیان‌و كەرتی تایبەت فرۆشران، كە هیستدرۆت خاوەنی 35%ی نزیكەی 100 كۆمپلنیای گەورەی ئەم وڵاتە بوو. تایبەتسازی بانكە گەورەكانیشی گرتەوە كە باڵادەست بون بەسەر چالاكی ئابورییدا، ئیسرائیل ئێستا خاوەنی پێشكەوتوترین سیستەمی بانكییە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

هۆكارێكی دیكەی گەشەی ئابوری ئیسرائیل، بەرهەمهێنانی تەكنەلۆژیا‌و بڕەودان بەپیشەسازی تەكنەلۆژیا‌و زیرەكی دەستكرد بوو. كە ئەم پیشەسازییە بەمەبەستی پشتیوانی دامەزراوەی سەربازی ئەو وڵاتە بوو، ئیسرائیل تەنها وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە كە 85%ی تەكنەلۆژیای بەرهەمە پیشەسازییەكانی، خۆی بەرهەمدەهێنێت. 64% ئەندازیار‌و تەكنۆكراتی ئەو وڵاتە لەبەرهەمهێنانی ئەم پیشەسازییەدا كار دەكەن، بەشێكیان خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئابوریین. 

سێ‌ كۆمپانیای پیشەسازی گەورە لەئیسرائیلدا هەن: "تاعس‌و رۆفائیل‌و ئەلبەیت"، كە هەرسێكیان بەشێكن لە 100 كۆمپانیا هەرە گەورەكەی جیهان لەبواری پیشەسازی سەربازیی‌و بەرهەمهێنانی زیرەكی دەستكردا. ئیسرائیل لەدوای جەنگی 1967ەوە لەپێشخستنی توانای تەكنەلۆژیی ئاست بەرزدا  پشتی بەخۆی بەستوە. هەر ئەم توانا زانستی‌و تەكتەلۆژیەیە كە ئەوی باڵادەست كردوە بەسەر وڵاتانی ناوچەكەدا. ئیسرائیل خاوەنی چەندین زانكۆو پەیمانگاو تاقیگە‌و تۆژینەوەی تایبەت بەتەكنەلۆژیای سەربازیی‌و پێشخستنی ئامڕازە جەنگییەكانە. پیشەسازی سەربازیی سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی ئیسرائیلە كە ساڵانە چەندین ملیار هەناردەی وڵاتانی ئاسیا‌و ئەوروپاو ئەمەریكای لاتین‌و ئەفەریقیا دەكات.

ئیسرائیل بەپلەی هەشتەم دێت لەهەناردەکردنی چەک بۆ وڵاتانی جیهان لەئاستی جیهاندا، ساڵی رابردو بەبڕی ١٠ ملیار دۆلار چەکی فرۆشتوە. بەپێی ئەو ریزبەندییەی کۆمپانیای "بایکر تیلی" تایبەت بەچەکسازی بڵاویکردوەتەوە، چوار کۆمپانیای تایبەت بەچکسازی ئیسرایلی لەنێو ١٠٠ گەورە کۆمپانیای تایبەت بەدروستکردنی چەک‌‌و کەرەسەی سەربازیدان.

کۆمپانیای ئەلبیتی ئیسرائیلی بەپلەی ٢٧ دێت لەفرۆشتنی چەکدا لەئاستی جیهاندا کە بەبڕی ٣ ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتوە لەساڵی رابردودا، کۆمپانیای "پیشەسازی ئاسمانی"ی ئیسرائیلیش بەپلەی ٣٣ دێت لەئاستی جیهاندا کە بەبڕی ٢ ملیارو ٣٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی فرۆشتوە لەساڵی رابردودا.

لەئیسرائیلدا، ئابوری بەدەستەبەركردنی ئاسایشەوە گرێدراوە‌و گەورەترین بودجە بۆ ئاسایش تەرخان كراوە، 8%ی كۆی بەرهەمی خۆماڵی ئەو وڵاتە دەڕوات بۆ ئاسایش. گرنگترین ئەولەویاتی ئاسایشی ئیسرائیل بریتین لە:

1/ سوپایەكی پێشكەوتوو سەردەمیانەی بەهێز.
2/ پێشوازی كردن لەكۆچبەرانی جولەكە.
3/ بنیاتنانی دامەزراوە مەدەنی‌و مۆدرێنەكانی دەوڵەت.

ئابوری ئیسرائیل سێ‌ تایبەتمەندی سەرەكی هەیە: 
1/ ئاستی بژێویی‌و داهاتی تاكەكەس بەرزە كە دەگاتە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتووی ئەوروپا.
2/ ئابورییەكی كراوەیە بەڕوی بازاڕەكانی جیهاندا‌و بەردەوام سەرمایەگوزاری دەرەكی روویتێدەكات‌و پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا‌و ئەمەریكا‌و چین‌و هیند بەهێزە، بەتایبەتی لەبواری تەكنەلۆژیای پەیوەندییەكان‌و كۆمپیوتەرو ئامێرە پزیشكییەكاندا.
3/ ئابورییەكی پابەندە بەپڕۆژەیەكی سیاسییەوە كە لەلایەن هەموو دیاسپۆرا‌و كۆمەڵگەی جولەكەوە لەسەرتاسەری جیهاندا پشتیوانی لێدەكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×