2020-05-15   2322     
ئا: د. عیسا عهبدولرهحمان
پەیمانگای نیشتیمانیی تەندروستیی ئەمەریکا دەستیکرد بەتاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر کاریگەریی پێکەوەبەکارهێنانی دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوینو ئەزیترۆمایسین لەچارەسەرکردنی نەخۆشیی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ.
پەیمانگای نیشتیمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە هەستەوەرییەکان و گوازراوەکان، دەستیکرد بەهەڵسەنگاندنی دەرمانی دژە مەلاریا، هایدرۆکسیکلۆرۆکوین، پێکەوە لەگەڵ ئەنتیبایۆتیکی جۆری ئەزیترۆمایسین، تاوەکو جێگیریبکەن کە پێکەوەبەکارهێنانی ئەو دوو دەرمانە کاریگەرە لەکەمکردنەوەی رێژەی خەواندن لەنەخۆشخانەو مردن بەهۆی نەخۆشیی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ.
توێژینەوەکە لە قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە کلینییکییەندایە، توێژینەوەکە بەناوی ACTG یان A5395 ە، بە بەشداری نزیکەی ٢٠٠٠ پێگەیشتوو ئەنجامدەدرێت، بەشداربووان دەبێت تووشبووی ڤایڕۆسی سارس-کۆڤ-٢ بن، ئەو ڤایڕۆسەی دەبێتەهۆی نەخۆشیی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ، کە نیشانەکانی تا، کۆکە و هەناسەتووندییان هەبێت.
لەناو بەشداربووان تەمەنی ٦٠ ساڵ و زیاتر، نەخۆشی تووشبووی نەخۆشیی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێنی تێدایە. ئەوانە نەخۆشی تووشبووی ئایدز، نەخۆشی دووگیان و شیردەر، دەتوانن بەشداربن لە توێژینەوەکە.
بەشداربووان دەکرێنە دوو گرووپ، بەشێکیان دەرمانەکانیان پێدەدرێت (هایدرۆکسیکلۆرۆکوین + ئەزیترۆمایسین) و گرووپەکەی دیکەش پێکهاتەی نادەرمانیان پێدەدرێت (پلاسیبۆ).
ئەوانەی دەرمانەکان وەردەگرن؛ سەرەتا بڕی ٤٠٠ مگم هەموو ١٢ کاتژمێر جارێک لە رۆژی یەکەمدا و بۆ ٦ رۆژی دواتر بڕی ٢٠٠ مگم هەموو ١٢ کاتژمێر جارێک لە هایدرۆکسیکلۆرۆکوین وەردەگرن. هەروەها سەرەتا ٥٠٠ مگم / رۆژانە بۆ رۆژی یەکەم و ٢٥٠ مگم / رۆژانە بۆ چوار رۆژی دواتر لە ئەزیترۆمایسین وەردەگرن. گرووپەکەی دیکەش پێکهاتەی نادەرمانیان پێدەدرێت. هیچکام لە توێژەران و بەشداربووان نازانن کێ دەرمانەکانیان وەرگرتووە و کێی دیکەش پێکهاتە نادەرمانەکەی وەرگرتووە.
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی دەڵێت: " ئێمە زۆر پێویستمان بە دەرمانێکی کاریگەر و سەلامەتە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ. ئەو دوو دەرمانە، پێشتر هەبوون و ئێستاش بۆ مەبەستێکی جیاواز بەکاردەهێنرێن، لەژێر بەکارهێنان و تاقیکردنەوەیەکی چڕدان. ئەمەش رێگەیانپێدەدات کە بجوڵێن بەرەو تاقیکردنەوە کلینیکییەکان و بەرەو پەسەندکردن بۆ چارەسەرکردنی کۆڤید١٩، هەنگاوبنێن."
دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی درێژەیپێدەدات و دەڵێت: "هەندێک بەڵگەی تاکەکەسی هەیە ئاماژە بە کاریگەریی پێکەوەبەکارهێنانی دەرمانەکانی ئەزیترۆمایسین و هایدرۆکسیکلۆرۆکوین دەدەن، بەڵام ئەو بەڵگانە بەسنین و پێویستمان بە بەڵگەی تەواوە، ئەمەش پێویستی بە توێژینەوەیەکی گەورەیە کە کاریگەری و سەلامەتیی ئەو دوو دەرمانە لە چارەسەرکردنی کۆڤید١٩ یەکلابکاتەوە."
ژمارەی تووشبووابی کۆڕۆنای نوێ لە ئەمریکا بەرزدەبێتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ دەرمانێکی پەسەندکراو نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە ڤایڕۆسییەکە، دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوین لە سەرەتانی مانگی ئەپریل لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکاوە رێگەپێدانی لەناکاوی پێدراوە بۆ بەکارهێنانی لە حاڵەتە تووند و لەناکاوەکان.
هەندێک توێژینەوەی کلینیکی هەن کە کاریگەری و سەلامەتیی دەرمانی هایدرۆکسیکلۆرۆکوین بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی ڤایڕۆسی کۆڕۆنای نوێ نیشاندەدات و لەلایەن دامەزراوەی نیشتیمانیی تەندروستیی ئەمریکاشەوە پاڵپشتیدەکرێن، لەئێستاشدا ئەو توێژینەوە گەورەیە ئەمە زیاتر یەکلادەکاتەوە.
................................
https://www.nih.gov/…/nih-begins-clinical-trial-hydroxychlo…