2020-04-19   3021     
رێکخراوی تەندرووستی جیهانی ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە تایبەت بە بەرۆژووبووان و چۆنیەتی خۆپاراستنیان لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا.
ئاوێنه: نووسینگەی ناوچەیی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی ژمارەیەک رێنمایی تایبەت بە بەرۆژوو بووان دەرکرد کە هاوتەریبە لەگەڵ خۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ئاماژەی بەوە داوە کە پێویستە لە کاتی نێوان رۆژوو شکاندن و پارشێو، بەرۆژووبووان رێژەیەکی زۆر ئاو بخۆنەوە و ئەو خواردنانەش هەڵبژێرن کە رێژەیەکی زۆر ئاو لەخۆ دەگرێت.
هاوکات رێکخراوی ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە گەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا، رێژەی ئارەقەش بەهەمان سێوە بەرز دەبێتەوە، بۆیە پێویستە خواردنە شلەمەنییەکان زۆر بخورێت و کەمتر نەبێت لە ١٠ کوپ.
شایەنی باسە لە رێنماییەکاندا راگەیەندراوە، ئەو کەسانەی بەڕۆژوو دەبن پێویستە لەو خواردنەوانە دوور بن کە ماددەی کافەیین لەخۆ دەگرێت، چونکە کافەیین دەبێتە هۆی زۆر میزکردنی کەسەکە و ئەوەش رێگەیەکە بۆ وشکبوونەوەی جەستە و کەمبوونەوەی رێژەی ئاو.
لەلایەکی دیکەوە راگەیەندراوە کە رەمەزانی ئەمساڵ لە رۆژانی گەرم دەبێت، بۆیە ماوەیەکی درێژ بەروژووبووان دەبێت رۆژووەکانیان بگرن و لەوانەیە بۆ ماوەی ١٥ بۆ ١٦ کاتژمێر بەردەوام بێت، بۆیە رێنمایی ئەوە دەکرێت کە پێویستە بەرۆژووبووان خۆیان لە تیشکی خۆر بپارێزن.
لە بەردەوامی راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی هۆشداری داوە کە دەبێت خۆراکی تەندرووست بخورێت بەشێوەیەکی هاوسەنگ بۆ ئەوەی ئاستی وزە لە لەش بمێنێت، رێنمایی ئەوەش کراوە کە پێویستە رۆژووشکاندن بە ٣ خورما بێت چونکە رێژەیەکی زۆر لیف لەخۆ دەگرێت.
لە کۆتاییدا رێکخراوی تەندرووستی جیهانی هۆشداری داوە لە گۆشتی چەور، لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاندووە کە پێویستە بەرۆژووبووان خۆیان لە خواردنە سوورکراوەکان بەدوور بگرن.