ئایا ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رز-دا، كاریگه‌ری نامێنێت؟
  2020-02-22       6194       
زۆربه‌ی توێژینه‌وه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پێچەوانە و گۆڕاو ھەیە نێوان ڤایرۆسی كۆرۆنا و پله‌ی گه‌رمی -دا، واته‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی كه‌شوهه‌وا، ڤایرۆسەکە كاریگه‌ری كه‌مده‌بێته‌وه‌ و توانای گه‌شه‌سه‌ندنی لاواز ده‌بێت، و كاریگه‌ری زیاتره‌ له‌وكاتانه‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رما نزمده‌بێته‌وه‌. زاناكان ئه‌مه‌شیان له‌ وڵاتی هیندستان ره‌چاوكردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌زری به‌هار و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌و وڵاته‌، سه‌لامه‌تی زیاتره‌.

ئاوێنە - لوقمان غه‌فوور: به‌ڵام ئه‌مه‌ چۆن و كێ ئه‌مه‌ی سه‌لماندووه‌؟

به‌پێی راپۆرتێكی هاوبه‌شی نێوان زانكۆی نیڤادا-ی ئه‌مریكا و زانكۆی سه‌نگاپۆره‌ی نیشتمانی كه‌ دوێنی 20 فێبریوه‌ری بڵاوبۆته‌وه‌ هۆكارێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌وه‌بهێنرێت كه‌ شێوه‌ی وه‌رزی ڤایرۆسی كۆرۆنا covid-19-ی نوێ هه‌مان شێوه‌ی سوڕی ڤایرۆسی سارس covp-9 هه‌یه‌ كه‌ ساڵی 2003 له‌ جیهاندا بڵاوبۆوه‌.

توێژینه‌وه‌كه‌ پێیوایه‌ له‌ چین و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌زری ئه‌نفلۆنزا له‌ دیسێمبه‌ره‌وه‌ تا كۆتایی فێبریوه‌ری ده‌خایه‌نێت و دوای ئه‌و مانگانه‌ كه‌مده‌كات. توێژینه‌وه‌كه‌ سه‌لماندویه‌تی كه‌ له‌ دوای هاوینی 2003ه‌وه‌ ڤایرۆسی سارس سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه‌ته‌وه‌ تا 2019 به‌ شێوازێكی دیكه‌ سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه‌.

ئه‌وه‌شیان سه‌لماندووه‌ كه‌وڵاتی چین، مانگی ئادار و مانگی نیسان به‌سه‌ختی تێپه‌ڕێنێت. له‌سه‌ره‌تای مانگی مه‌ی (ئایار) ده‌شێت ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ گه‌شه‌ بوه‌ستێت. به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نایه‌ت كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ بوونی نامێنێت، به‌ڵكو دوور نییه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی وه‌رزی سه‌رما سه‌رله‌نوێ به‌هه‌مان جۆر، یاخود به‌ سولاله‌یه‌كی دیكه‌ خۆی نمایش بكات.

راپۆرته‌كه‌ نوسیوتی كه‌ كۆرۆنا ڤایرۆسی ئاسایی 30 جار زیاتر ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌شوێنێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 6 پله‌ی سیلیزیی بێت وه‌ك له‌ شوێنێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 20 پله‌ی سیلیزیی، به‌شێویه‌ك ئه‌گه‌ر له‌ پله‌ی گه‌رمی 20 ئه‌گه‌ری تووشبوون 1% بێت له‌ 4 پله‌ی سیلیزی 30%یه‌.

هه‌روه‌ها پێشتریش توێژینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی ته‌كساس ئاماژه‌ی به‌وه‌دابوو كه‌ له‌پله‌ی گه‌رمی خوار 25 پله‌ی سلیزی توانای مانه‌وه‌ی ڤایرۆسی سارس زیاتره‌، كه‌ له‌ توانا و شێوه‌ی سوری ژیانیدا هاوشێوه‌ی كۆرۆنا-یه‌.

هه‌روه‌ها راپۆرتێكی گۆڤاری پزیشكی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ده‌درده‌ قورسه‌كان له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا ئاشكرای كردووه‌ كه‌ توانیویانه‌ له‌ تاقیگه‌دا ئه‌وه‌ بسه‌لمێنن كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ پله‌ی گه‌رمی ژوور توانای هه‌بووه‌ ته‌نیا 9 رۆژ بژی، ئه‌ویش كاتێك كه‌ پله‌ی گه‌رمی 30 پله‌ی سیلیزی بووه‌ و له‌و 25-30 پله‌ش توانای زیان گه‌یاندنی زۆر لاواز بووه‌.

هه‌روه‌ها سه‌نته‌ری نیشتمانی بۆ زانیارییه‌كانی بایۆته‌كنۆلۆژیی- ئه‌مریكا، ئه‌وه‌یان له‌ گۆڤاری سه‌نته‌ره‌كه‌دا خستۆته‌ڕوو كه‌ پێشتر تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ڤایرۆسی سارس covp-9 كردووه‌ و بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ له‌شوێنێكدا پله‌ی گه‌رمی 4 پله‌ی سیلیزی بێت ڤایرۆسه‌كه‌ زۆر جێگیر و چالاكه‌، به‌ڵام له‌ پله‌ی 37 پله‌ی سیلیزی ته‌نیا 2 سه‌عات ژیاوه‌. كاتێكیش پله‌ی گه‌رمی شوێنی ڤایرۆسه‌كه‌یان گۆڕیوه‌ بۆ 60 پله‌ی سیلیزی ته‌نیا 30 ده‌قیقه‌ توانای ژیانی هه‌بووه‌.

هه‌وه‌روه‌ها هه‌ر له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ی گۆڤاری پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌رده‌ قورسه‌كان له‌ كالیفۆرنیا، بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر زۆر خێرا ده‌گوازرێته‌وه‌ كاتێك پله‌ی گه‌رمی له‌نێوان 4-15 پله‌ی سیلیزیدا بێت. ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕوو كه‌ لیك و پژمه‌ و هه‌ناسه‌، سێ گوێزه‌ره‌وه‌ی خێرای ڤایرۆسه‌كه‌ن، بۆیه‌ ئامۆژگاری خه‌ڵك ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ست نه‌به‌ن بۆ ده‌م و لوت و چاو، چونكه‌ ده‌ست كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ هه‌یه‌.

ئه‌نجام چییه‌؟
به‌پێی گۆڤاری بزنس توده‌ی، ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ پله‌ی گه‌رمی-یان له‌سه‌روو 30 پله‌ی سیلیزییه‌وه‌یه‌ سه‌لامه‌تترن، نموونه‌ی هندستانی هێناوه‌ته‌وه‌ له‌مانگی مارچ له‌ كۆتشی پله‌ی گه‌رمی 36 و له‌ دلهی 30 و له‌ بنگالۆرۆ 34 و له‌ شینای 34 پله‌ی سیلیزییه‌ كه‌ به‌ختێكی باشه‌ بۆ سه‌لامه‌تی هاووڵاتییه‌كانیان، هه‌رچی وڵاتی چینه‌، وه‌رزی ھاوین له‌ مانگی مه‌ی (ئایار) ده‌ستپێده‌كات و پله‌ی گه‌رمی نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 30 پله‌ی سیلیزی.
هه‌موو توێژینه‌وه‌كان سه‌لماندوویانه‌ كه‌ له‌ سه‌روو 35 پله‌ی سیلیزی ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا زۆر لاوازه‌.
رۆژی 16ی جێنیوه‌ری به‌رپرسانی ته‌ندروستی چین ئاشكرایان كرد به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكی نوێی هاوشێوه‌ی سارس (ڤایرۆسی كۆرۆنا)، 2 كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه‌. نه‌خۆشی (ڤایرۆسی كۆرۆنا) بریتییه‌ له‌ هه‌وكردنی توندی قوڕگ و دواتر پوكانه‌وه‌ی گورچیله‌ و مردنی كه‌سه‌كه‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×