حکومەتی عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ عێراقییه‌ك لەناوخۆو دەرەوه‌ی‌ وڵات توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبێت
  2020-01-31       2374       
شانەی راگەیاندنی حکومی عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ عێراقییه‌ك لەناوخۆو دەرەوه‌ی‌ وڵات توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبێت.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا شانه‌ی‌ ناوبراو ڕونیكردۆته‌وه‌ كه‌ هیچ عێراقییه‌ك لەناوخۆو دەرەوه‌ی‌ وڵات توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نه‌بووه‌.

شانەی راگەیاندنی حکومی عێراق به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ رێکاریی تەندروستیی پێویست بەرامبەر ئەو کەسە چینییانە بگیرێتەبەر کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ سەردانی عێراق دەکەن.

پێشتریش وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕه‌تیكردبوه‌وه‌ كه‌ هیچ حاڵه‌تێكی‌ توشبو به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌شاره‌كانی‌ هه‌رێم تۆمار كرابێت.

به‌پێی‌ دوایین ئاماری‌ لیژنەی تەندروستی نیشتمانی چین، ژمارەی توشبوان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتۆتە ٩ ھەزارو ٨٠٩ کەس. زیاتر لە ١٠٢ ھەزار کەسیش گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە بن. بەھۆی ڤایرۆسەکەشەوە ٢١٣ کەس گیانیان لەدەستداوەو ١٧١ توشبوی دیکەش پاش وەرگرتنی چارەسەری چاکبونەتەوە.


ڤایرۆسی كۆرۆنا:
هەمان زنجیرەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای بەراز و باڵندەیە و ڤایرۆسەكە خانەو ناوكی نیە و ترشی ناوكی هەیە و ئەم ڤایرۆسە ترشەناوكی RNA هەیە و بەیەكگرتنی لەگەڵ DNA خانەخوێ بەردەوام خۆی دەگۆڕێت.

ڤایرۆسی كۆرۆنای مرۆیی لەساڵی 2003 دۆزرایەوە كەدەبێتە هۆی هەناسەتوندی زۆر و ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای پەیوەندیدار بەسارس و ساڵی 2012 جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسعودیە دۆزرایەوە و سەرەتا ناونرا ڤایرۆسی كۆرۆنای 2012 و لەئێستا ناسراوە بەكۆرۆنای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ساڵی 2015 ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكۆریای باشوور بڵاوبۆوە و لەئێستادا لە چین و چەند وڵاتێكی دیكە بڵاوبۆتەوە.

نیشانەكانی كۆرۆنا:
هەمان نیشانەكانی ئەنفلۆنزای وەرزیە و دیارترین نیشانەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتیە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی ئاوی لوت و هەوكردنی قوڕگ و كۆئەندامی هەناسە و نیشانەكانی هەڵامەت و سەرمابوون و كۆكەی وشك و پژمین و ئازاری پەلەكان و ماسولەكەكان و دوای 3 بۆ 7 رۆژ هەناسە توندی و گرفتی كۆئەندامی هەناسە دروست دەبێت.

بەپێی ئامارەكان لە 36%ی ئەوانەی تووشی كۆرۆنا بوون گیانیان لەدەستداوە بەتایبەت بەساڵاچووان و ئەو كەسانەی سیستمی بەرگریان لاوازە و ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەك نەخۆشیەكانی كۆئەندامی هەناسە و شەكرە.

خۆپارێزی لەكۆرۆنا:
ڤایرۆسی كۆرۆنا بەئاسانی لەنێوان مرۆڤەكان دەگوزارێتەوە بۆیە دەبێت خۆمان بپارێزرین و دووركەوتنەوە لەشوێنی زۆر قەرەباڵغ و رەچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی و سەردان نەكردنی ئەو شوێنانەی نەخۆشیەكی تێدا بڵاوبۆتەوە زۆر گرنگە بۆ دانانی سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیە.
راگرتنی پاكوخاوێنی و دەست شووشتنی بەردەوام و دووركەوتنەوە لە كەلوپلەی كەسی تووشبوو و گومانلێكراو.
تائێستا هیچ ڤاكسینێك و چارەسەرێكی بنەڕەتی نەخۆشی كۆرۆنا نیە كەبەشێوەی كۆتایی ڕەزامەندی لایەنە نێودەوڵەتیەكانی وەرگرتبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×