2020-01-28   2995     
ئه‌مڕۆ 28ی جێنیوه‌ری ژماره‌ی مردووان به‌هۆی ڤایرۆسی ڤایرۆسی كۆر‌ونا كه به (nCoV-2019) ناسراوه گه‌یشته 106 كه‌س و ژماره‌ی تووشبوانیش له 2 هه‌زار و 744 كه‌سه‌وه گه‌یشته 4هه‌زار 515 كه‌س.
ئاوێنە، لوقمان غه‌فور: لیژنه‌ی ته‌ندروستی كه‌رتی هێبی به نیو یۆرك تایمز-ی راگه‌یاندووه كه ته‌نیا له رۆژی 27 ی جێنیوه‌ری 26 كه‌س مردووه به‌مه‌ش ژماره‌ی مردووان له 80 كه‌سه‌وه گه‌یشته 106 كه‌س و ئه‌وانه‌شی تووش بوون زیاتر له 4 هه‌زار 515 كه‌سن.
حكومه‌تی چین، ئه‌مڕۆ هه‌نگاوێكی تری گرته‌به‌ر هه‌موو رێگاكانی هاتووچۆی نه‌ك به‌سه‌ر شاری ۆوهان به‌ڵكو به‌سه‌ر كه‌رتی هێبی داخست كه 50 ملیۆن كه‌س تێیدا نیشته‌جێیه. خه‌ڵكی شاره‌كانی كه‌رتی هێبی به گشتی نیگه‌رانن به‌م كاره‌ی حكومه‌ت و پێیانوایه به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر ئه‌م كاره پێداویستییه خۆراكییه‌كان له‌شاره‌كان كۆتایی پێ دێنێت ئه‌وكات كێشه‌ی قه‌یرانی ده‌ستكه‌وتنی خۆراك-یش دێته كایه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی پاڤاریا، رۆژی 27ی جێنویهری یه‌كه‌م حاڵه‌تی ڤایرۆسی كۆرۆنا له ئه‌ڵمانیا تۆمار كرا، كه ئه‌ویش پیاوێكه له‌شاری شتانبێرگ كه 18 مایل له میونشن-ه‌وه دووره.
به‌پێی هه‌واڵێكی سی ئێن ئێن ئه‌مڕۆ 28ی جێنیوه‌ری ئه‌مریكا ته‌واوی دیبلۆماتكاره‌كانی له كه‌رتی هێبی كشانده‌وه و گواستنییه‌وه بۆ ئه‌مریكا. هه‌روه‌ها ژاپۆن و فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا و هه‌موو ده‌وڵه‌تان كۆمپانیا و كۆنسڵهكانیان كشانده‌وه له كه‌رتی هێبی.
هه‌روه‌ها فۆكس نیوز له گه‌ڕی هه‌واڵه‌كانی ئه‌مرۆ 28ی جێنیوه‌ری باسی له‌وه‌كرد كه هه‌رچه‌نده ئێستا له چین پشووی سه‌ری ساڵی چینی-یه تا 2ی فێبریوه‌ری به‌ڵام وه‌زاره‌تی فێركردن رایگه‌یاند كه خوێندنی زانكۆ و ناوه‌نده ئاماده‌یی و سه‌ره‌تاییه‌كان له‌دوای ئه‌وه‌وه ده‌ستپێناكاته‌وه و خوێندن راده‌گرێت.
به‌پێی سی ئێن ئێن له‌ئێستادا 50 حاڵه‌ت له 16 وڵاتی دیكه تۆماركراوه، له نێویاندا 5 حاڵه‌ت له ئه‌مریكا و 5 حاڵه‌ت له ئوسترالیا. به‌پێی رێنمایی سه‌نته‌ری كۆنترۆڵ و خۆپاراستنی ئه‌مریكی سه‌ردانیكردن بۆ چین و به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و كه‌رتانه‌ی كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی تیا بڵاوه قه‌ده‌غه‌یه.
به‌پێی قسه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی چین مرۆڤ ده‌توانێت ڤایرۆسه‌كه بڵاوبكاته‌وه بێ ئه‌وه‌ی هێشتا نیشانه‌كان له‌سه‌ر خۆیشی ده‌ركه‌وتبێت به‌ڵام پسپۆرانی بواری پزیشكی له ئه‌مریكا ده‌ڵێن هیچ ئاماژه‌یه‌كی دیاریكراو و روون نییه بۆ ئه‌و قسه‌یه بۆیه رێنمایی و خۆپاراستن ئه‌ركی یه‌كه‌مه له ئه‌مریكا.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌نگاپۆر نیگه‌رانه لهدۆخهكهو رایگه‌یاند كه له‌دوای ئه‌وه‌ی ژنێكی خه‌ڵكی چین له رۆژی 18ی جێنیوه‌ری هاتۆته ولاتهكهیانهوه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه بووه و تا رۆژی 26 جێنیوه‌ری ته‌نیا 4 حاڵه‌ت تۆماركراوه به‌ڵام 27 جێنیوه‌ری گه‌یشتۆته 57 حاڵه‌ت.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاری به‌رپرسانی رێكخراوه‌ی ته‌ندروستی جیهانه ئه‌وه‌یه كه چین چۆن ناتوانێت كۆنترۆڵی ڤایرۆسه‌كه بكات له‌كاتێكدا گه‌وره‌ترین سه‌نته‌ری توێژنه‌وه‌ی ڤایرۆس له ۆوهان-ه كه ئه‌ویش په‌یمانگای وۆهان-ه بۆ ڤایرۆلۆژی، به‌ڵام دانی شوهام ئه‌فسه‌ری پێشووی هه‌واڵگری ئیسرائیلی كه كاری وتنه‌وه‌ی وانه‌ی چه‌كی بایۆلۆژی چیینی بووه، بۆ واشنگتۆن تایمز پێیوایه ئه‌و په‌یمانگایه، په‌یمانگایه سه‌ر به پرۆگرامی چه‌كی بایۆلۆژیی نهێنییه له په‌كین.
دانی شوهام ده‌شڵێت: "به‌دڵنیایی له‌نێو سه‌نته‌ره‌كه‌دا هه‌ندێك تاقیگه‌یی تێدایه كه كاریان گه‌شه‌پێدان و توێژینه‌وه‌یه له‌سه‌ر ڤایرۆس، به‌ڵام سه‌نته‌رێكی سه‌ره‌كی نییه بۆ دروستكردنی چه‌كی بایۆلۆژی".
هه‌رچه‌نده چین ئه‌و ده‌نگۆیانه ره‌تده‌كاته‌وه و به‌شی زۆری پسپۆرانی بایۆلۆژی-یش دانبه‌وه‌دا ده‌نێن كه ڤایرۆسی كۆرۆنا درێژكراوه‌ی ڤایرۆسی سارس-هو سه‌ر به‌هه‌مان خێزانه كه ساڵی 2012 بڵاوبۆوه و سه‌رچاوه‌كه‌شی دیار و ئاشكرابوو. له‌هه‌مانكاتدا پێیانوایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه بسه‌لمێت له‌ئه‌نجامی هه‌ڵه ڤایرۆسه‌كه بڵاوبووبێته‌وه و چه‌كی بایۆلۆژی بێت، یان گۆڕابێت بۆ چه‌كی بایۆلۆژی ئه‌وا چین تووشی لێپێچینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها رۆژ له‌دوای رۆژ تهریككردنێكی توند هه‌یه له‌سه‌ر هاوولاتیانی چینی له‌و وڵاتانه‌ی كاری لێده‌كه‌ن و دهیاننرێنهوه بۆ وڵاته‌كانیان. دوێنی 27 جێنیوه‌ری توركیا 12 ئه‌ندازیار و كرێكاری چینی ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه كه له شوێنگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی گازی سروشتی له ده‌ریاچه‌ی تۆز-ی ئه‌كسه‌رای كاریانده‌كرد. وه‌زیری ته‌ندروستی توركیاش داوای له‌هه‌موو كارمه‌نده‌كانی شوێنگهكه كردووه به‌ر له‌وه‌ی له كارگه‌كه ده‌رچن پێویسته پشكنین بۆ ته‌واوی كارمه‌نده‌كانیان بكرێت.
نه‌خۆشیی ڤایرۆسی كۆرۆنا بریتییه له هه‌وكردنی توندی قوڕگ و سییه‌كان و دواتر پوكانه‌وه‌ی گورچیله و مردنی كه‌سه‌كه. زانایانی پزیشكی پێیانوایه ئه‌مه نه‌وه‌یه‌كی نوێی (سارس) ڤایرۆسی كۆرۆنا-یه. كه بۆ هه‌مان خێزانی ئه‌و ڤایرۆسه ده‌گه‌ڕێته‌وه و نه‌خۆشییه‌كی تونده و تووشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه ده‌بێت.