هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، بڕیارەکانی بەغدا بە واتای سنووردارکردنی لایەنە بنەڕەتییەکانی ژیان و دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دێت لە گۆڕەپانی ژیانی قەوارەی باشووری کوردستاندا.
ئاوێنە: کەجەکە لەو ڕاگەیەندراوەیدا کە سەبارەت بە بڕیارەکانی بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتە دەشڵێت: “حکومەتی عێراق هەنگاوێکی هەڵە دەنێت. هەنگاوێکی هەڵەی ناوە کە لە ڕووی یەکێتیی دیموکراتی و سەقامگیریی عێراقەوە دەتوانێت کێشەی جددی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. هەم بۆ تەواوی عێراق و هەم بۆ کوردان، باشترین و خێرترین شت ئەوەیە کە حکومەتی عێراق دەست لەم هەنگاوە هەڵەیە هەڵبگرێت و بەو عەقڵییەتە بجووڵێتەوە کە یەکێتیی دیموکراتیی عێراق بەهێز دەکات.”
کەجەکە پێكهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانی دیموکراتی لە باشووری کوردستان بە ڕێگە و دەرچەی ڕزگاری لە مەترسییەکانی سەر باشوور دادەنێت و لەم ڕووەوە دەڵێت: “بۆ ئەوەی کورد ڕووبەڕووی دۆخی لەم شێوەیە نەبێتەوە، یەکێتیی دیموکراتیی کورد زۆر گرنگە. کوردیش دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە دەست لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی هەڵبگرێت و عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بۆ خۆی بکاتە بنەما. عەقڵییەتی پارتەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆیان، کوردان و فیدراسیۆنەکە بەهێز ناکات. هەرخۆی هۆکاری ئەو لاوازییەی تا ئێستا ڕوویداوە، دروستنەکردنی یەکێتیی دیموکراتیی کوردە.”
لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد کە بڕیاریان داوە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی باشووری کوردستان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێن. داوای کردووە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە گومرگییەکانی باشووری کوردستان ڕادەستی ئەوان بکرێن. ئەمەش بەو واتایە دێت کە تەواوی سەرچاوە ئابوورییەکانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکرێن. کۆمەڵگە و سیستەمێکی سیاسی کاتێک لە سەرچاوە داراییەکان بێبەش بکرێت، ئەو کاتە بە تەواوی کۆت دەکرێت. بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا سەرچاوە داراییەکان لە ڕووی بنیاتنان و پاراستنی سیستومی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە. بۆیە بڕیارەکەی حکومەتی بەغدا بە واتای سنووردارکردنی لایەنە بنەڕەتییەکانی ژیان و دەستوەردانی ڕاستەوخۆ دێت لە گۆڕەپانی ژیانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستاندا.”
لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “هۆکاری بنەڕەتیی ڕوودانی کێشەکان لە نێوان کۆمەڵگە نەتەوەیی، باوەڕی و نەژادە جیاوازەکاندا، بەردەوامبوونی عەقڵییەتی دەسەڵاتداریی ناوەندیی سەدەکانی نۆزدەیەم و بیستەمە. ئەمەش بە واتای دروستکردنی کێشە دێت لە ناو ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا. دوای دامەزراندنی عێراق، عەقڵییەتی سەروەری و دەسەڵاتداریی ناوەندی وایکرد لەگەڵ کورددا بکەوێتە ناو کێشەی جددییەوە؛ کوردان ئەم سیاسەتەیان قبووڵ نەکرد و تێکۆشان. کەچی دوای ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مووسڵ کە ساڵی ١٩٢٤ کۆمەڵەی گەلان دیاری کرد، کاتێک بڕیار درا باشوور لە ناو عێراقدا بمێنێتەوە، هەمان کۆمیسیۆن بڕیارێکی تریشی پەسەند کرد کە کورد خۆی خۆی بەڕێوە ببات و بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی حکومەتی عێراق ئەم بڕیارەی کۆمیسیۆنی مووسڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی جێبەجێ نەکرد، باشووری کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە بنەڕەتییە نەتەوەییەکانی، بە دەیان ساڵ تێکۆشانی بەڕێوە برد. لە ساڵی ٢٠٠٣دا دەسەڵاتداریی هەژموونی ناوەندگەرایی ڕووخا و دەستوورێکی بنەڕەتیی نوێ ئامادە کرا. لەم دەستوورە بنەڕەتییەدا لە جێگەی عەقڵییەتی دەوڵەتی ناوەندگەرای پێشوو، سیستەمێکی سیاسیی دیموکراتتر بنیات نرا؛ فیدراسیۆنی باشووری کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دەستووری قبووڵ کرا.
هەوڵی حکومەتی عێراق بۆ دووبارە کەوتنەوە ناو عەقڵییەتی ناوەندگەرایی و هەوڵی کەمکردنەوەی مافەکانی فیدراسیۆنی باشووری کوردستان، بە واتای دووبارە سەپاندنەوەی عەقڵییەتی ناوەندگەرایی پێشوو دێت. کەچی ئەم عەقڵییەتە ببووە هۆی ئەوەی عێراق بە دەیان ساڵ لەگەڵ کورددا بکەوێتە ناو کێشەی جددییەوە. بۆیە حکومەتی عێراق هەنگاوێکی هەڵە دەنێت. هەنگاوێکی هەڵەی ناوە کە لە ڕووی یەکێتیی دیموکراتی و سەقامگیریی عێراقەوە دەتوانێت کێشەی جددی لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. هەم بۆ تەواوی عێراق و هەم بۆ کوردان، باشترین و خێرترین شت ئەوەیە کە حکومەتی عێراق دەست لەم هەنگاوە هەڵەیە هەڵبگرێت و بەو عەقڵییەتە بجووڵێتەوە کە یەکێتیی دیموکراتیی عێراق بەهێز دەکات.”
کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیە: “بۆ ئەوەی کورد ڕووبەڕووی دۆخی لەم شێوەیە نەبێتەوە، یەکێتیی دیموکراتیی کورد زۆر گرنگە. کوردیش دەبێت لە ڕووی سیاسییەوە دەست لە عەقڵییەتی ناوەندگەرایی هەڵبگرێت و عەقڵییەتی یەکێتیی دیموکراتی بۆ خۆی بکاتە بنەما. ئەوەی ئێستا باشووری کوردستان پێویستی پێی هەیە، پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی نیشتمانیی دیموکراتییە کە هەموو پارتە سیاسییەکانی تێدا بێت. حکومەتێک نە هی یەک پارت و نە هی دوو پارت بێت، بەڵکو حکومەتێک کە هەموو توێژە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی هەموو پارتە کوردییەکانی تێدا نوێنەرایەتی بکرێت، کوردان و فیدراسیۆنی باشووری کوردستان بەهێز دەکات. عەقڵییەتی پارتەکان بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆیان، کوردان و فیدراسیۆنەکە بەهێز ناکات. هەرخۆی هۆکاری ئەو لاوازییەی تا ئێستا ڕوویداوە، دروستنەکردنی یەکێتیی دیموکراتیی کوردە.
فیدراسیۆنی کورد لە باشوور لە ئەنجامی تێکۆشانی گەلی باشوور و تەواوی گەلی کوردستان وەک دەستکەوتێک ئافرێنرا. تێکۆشانی ٥٤ ساڵەمان لە بنیاتنانی ئەم دەستکەوتانەدا پشکێکی گەورەی هەیە. بۆیە تەواوی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی گەلی کورد خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان دەکەن. تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان وەک پێشتر، لەمەودواش بە بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵدەستێت. ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسەنگیی نوێ دادەنرێن، بە بینینی گرنگیی یەکێتیی دیموکراتیی کورد، ماوەی دوو ساڵە پێشنیاری پێکهێنانی حکومەتێکی یەکێتیی دیموکراتی دەکات کە هەموو پارتە کوردییەکانی باشووری کوردستان تێیدا جێ بگرن. بانگەوازەکانیشی بەم ئامانجە ڕاستەوخۆ گەیاندە پەدەکە و یەنەکە. دەبێت هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان چارەسەری کێشەکان لە یەکێتیی دیموکراتیدا ببیننەوە. ئەوەی کوردان بەهێز دەکات ئەو حکومەتە یەکێتییە دیموکراتییەیە کە ڕێبەر ئاپۆ پێشنیاری دەکات. ئێمە بە مانگانە بۆ ئەمە بانگەواز دەکەین و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. ئەمڕۆ زیاتر و باشتر لەوە تێگەیشتراوە کە پێشنیار و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ چەندە گرنگە. هێشتا لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان ئەو عەقڵییەتە سیاسییانە بەردەوامن کە دەیانەوێت کورد لە ژێر دەسەڵاتداریدا بهێڵنەوە و دان بە ئیرادەی نەتەوەی دیموکراتیی کورددا نەنێن. بۆیە دەبێت کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان لە ناو یەکێتیی دیموکراتیدا بێت. هەروەها دەبێت هەموو هێزەکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش هێز بدەنە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی کوردان. ئێمە بانگەواز دەکەین کە عێراق دەست لە هەنگاوە هەژموونگەرا و ناوەندگەراکان هەڵبگرێت و کوردیش دەبێت لە قۆناغی وەهادا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی لە ناو یەکێتیدا بجووڵێتەوە.”