لە شاری سلێمانی نرخی یەک کاتژمێر کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ١١ بە ٨٢ دینار دیاریکرا، هاوکات جێگری پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، کەمترین نرخی سووتەمەنی لە سنووری شارەکەیاندایە.
ئاوێنە: سەبارەت بە میکانیزمی دیاریکردنی کرێی مۆلیدە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا کە نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لەسەر بنەمای نرخی گاز و ژمارەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا دیاری دەکرێت. بە وتەی ناوبراو، ئەو نرخەی بۆ ئەم مانگە دانراوە گونجاوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هاووڵاتییان نابێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، جێگری پارێزگاری سلێمانی باسی لە بازاڕی سووتەمەنی کرد و ڕایگەیاند، هەوڵیان داوە دۆخی ئێستا کەمترین کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی هەبێت؛ هەر بەو هۆیەوە نرخی بەنزین، غاز و گازوایل لە شاری سلێمانی بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کەمترین ئاستدایە.
پەیوەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتیش، شاهۆ عوسمان ڕوونیکردەوە کە دابەشکردنی نەوت لە سنووری قەزای پێنجوێن کۆتایی هاتووە و بەگوێرەی ئەو پلانەی دانراوە، پڕۆسەکە لە شوێنەکانی دیکە بەردەوام دەبێت.
لە ناو شاری سلێمانیدا 130 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دراوە و نرخی هەر کاتژمیرێک بە 82 دینار دەستنیشان کراوە، بەوەش نرخی هەر ئەمپێرێک دەگاتە 10،660 دینار.