عهلی باپیر، سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان رایدهگهیهنێت، ههر كاتێك مهترسی لهسهر قهوارهی ههرێم ههبێت، ئێمه له ریزی پێشهوهی پارێزهرانیدا دهبین. جهختیشی كردۆتهوه كه مەترسیی گەورە لەسەر هەرێم و عێڕاق و هەر قەوارە و دەوڵەتێکی دیکەش، ستەم و بێدادی و چینایەتی و فەساد و قۆرخکارییە.
ئاوێنه: عهلی باپیر، سهرۆكی كۆمهڵی دادگهریی كوردستان، ئێوارهی ئهمڕۆ پێنجشهممه، نوسینێكی لهبارهی دۆخی ئێستای عێڕاق و هەرێم بڵاوكردهوه.
ئهمه دهقی نوسینهكهیه:
دۆخی ئێستای عێڕاق و هەرێم و چەند سەرنجێک
١- خەڵکی عێڕاق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بە ڕێژەی (٧٨.٥٩٪) لە ساڵی (٢٠٠٥ ز)ـدا (بەڵێ)ـیان بۆ دەستوور کردووە، بۆیە پێویستە سێبەر و مەرجیعی هەموو لایەک بێت لە هەموو حاڵەکاندا.
٢- قەوارەی هەرێم زادە و بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان و بەشێک لە مافی شەرعی و ڕەوایانە و لە دەستووریشدا تەبەننی کراوە، بۆیە پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکی هەموو لایەکە، هەرکات مەترسی لەسەر بێت ئێمەش -خوا پشتیوان بێت- لە ڕیزی پێشەوەی پارێزەرانیدا دەبین.
٣- مەترسیی گەورەش لەسەر هەرێم و عێڕاق و هەر قەوارە و دەوڵەتێکی دیکەش، ستەم و بێدادی و چینایەتی و فەساد و قۆرخکارییە، لەمێژیشە ئەو قسەیەمان چەندان جار دووبارە کردووەتەوە و هۆشداریمان داوە.
٤- خۆزگە هەردووک حیزبی حوکمڕان ماوەیەک لەمەوبەر کە دیدارمان پێکەوە بوو و دڵسۆزانە پێشنیازمان بۆ کردن، لە یەک هاتبانە پێش و لەسەر بناغەی حەق و دادگەری و خزمەتی خەڵک و دابینکردنی پێداویستی و مافە سەرەتاییەکانیان، دەنگ و سەنگی خۆیانیان یەکخستبایە!
٥- هەڵوێستی نەگۆڕ و چەسپاویشمان -وەک ڕابردوو- لە ڕیز و سەنگەری خەڵک و جەماوەردابوونە، بەتایبەت چینە چەوسێندراوە و بێبەش و مەینەتبارەکان کە زۆرینە پێکدەهێنن، هەرگیزیش نەبووین و نابینە پارسەنگی تای تەرازووی هیچ هێز و لایەنێک، بەڵام هەتا بڕستمان هەیە دژی قۆرخکاری و فەساد و بە ڕێی ناڕەوا و قاچاغدا بردنی خێروبێر و سامانی وڵاتین.
٦- بۆ چارەسەری دۆخەکەش پێویستە تاکە ڕێمان گەڕانەوە بۆ دەستوور و دامەزراوە فەرمییەکان بێت، بەتایبەت مەحکەمەی ئیتتیحادی، کەسێکیش حەقی بوێت هەرگیز لە دادگەری و دەستوور و یاسا ناترسێت.
٧- لە کۆتاییدا دەڵێم: با وەڵامی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بۆ والییەکەی لە شاری (حمص) کە داوای لێ کردبوو بۆ تازەکردنەوەی قەڵا و شوورەی شارەکە هاوکاری بکات، بکەینە پەند، کە بۆی نووسیبوو: (حصّنها بالعدل، ونقِّ طرقها من الظلم؛ فإنه مَرَمَّتُها)، واتە: بەدادگەری قایمی بکە و ڕێوبانەکانی لە ستەم پاک بکەوە، ئا ئەوە نۆژەنکردنەوەکەیەتی.
١٦/٦/١٤٤٨ ک
٢٦/١١/٢٠٢٦ ز
هەولێر